فەرەیدوون عەبدولقادر: سلێمانی لەکەدار کراوە
فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتڤان و ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دەڵێت: پێویستە هەموو لایەنەکان هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ کە ئەم دۆخە و رووداوەکانی سلێمانی نەبێتە هۆی تێکدانی پرۆسەی سیاسیی و ئەرکی لەپێشینە ئێستا پێکهێنانی حکومەت و دروستکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە و نابێت رێگە بدرێت ئەم رووداوانەی سلێمانی ببنە هۆی کێشە و ناکۆکیی لەنێوان پارتی و یەکێتی.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی، ئەو سیاسەتڤانە باسی لەوەکرد کە رووداوەکانی سلێمانی و بەکارهێنانی چەک و تانک و داخستنی کەناڵی میدیایی پێشێلکردنی ماف و لەکەدارکردنی ئازادییە و دەڵێت: ئەوەی لە سلێمانی روویدا کارێکی ناشرین و بزێو بوو و حیزبی سۆسیال دیموکرات بەمجۆرە پێشێلکاریی ناکات و دادگە بەکارناهێنێت.
گوتیشی: ئەم هەڵچوونە دەستدرێژیی بوو بۆ سەر سلێمانی و لەکەدارکردنی ئازادی بوو، چونکە ئازادی و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ رووپۆش و رازاندنەوەیە، دەنا لە بنەمادا ئازادی رادەربڕین تاوەکو ئەو سنوورەیە کە حیزبەکان بۆیان کێشاوە.
"پێویستە دادگا سەربەخۆ بێت و دادگا بڕیار بدات لەبارەی کەیسەکە و بەپێی ئەو بەڵگانەی کە پێشکێشی دادگا دەکرێت، دادگا رێرەوی یاسایی خۆی بگرێت، چونکە بەپێی یاسا تۆمەتبار بێ تاوانە تاوەکو ئەو کاتەی تاوانەکەی بەسەردا دەسەلمێت، ئێستا ماڵێک نییە لە سلێمانی تووشی نیگەرانی نەبووبێت بەم رووداوانە و پێویستە بە دادگایەکی بێ لایەن و سەربەخۆ وەڵامی ئەو نیگەرانییەی خەڵک بدرێتەوە." فەرەیدوون عەبدولقادر وای گوت.