زریان رۆژهەڵاتی: بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکانی لالەزار کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت

27 August 2025
زریان رۆژهەڵاتی: بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکانی لالەزار کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ژمارەیەک کەسی بڵاوکردەوە کە گوایە بە بڕیاری لاهوور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین، هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییان داوە، لەبەرامبەردا بەرەی گەل داپێدانانەکەی بە "سیناریۆیەکی لاواز" ناوبرد.
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکان کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و دەکرێت نێوەڕۆکی دانپێدانانەکان لەلایەن هێزی دیکەوە بەکاربهێنرێت".
 
گوتیشی: "هەندێک لایەنی عێراقی و هەرێمی کار لەسەر شێواندنی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەلومەرجی ئاڵۆزی ناوچەکە مەترسییە لەسەر هەرێمی کوردستان".
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشی، رۆژهەڵاتی باسی لەوەکرد راستی و ناڕاستی ئەم دانپێدانانە گرنگ نین، بەڵام مەترسی لەسەر کوردستان دروستدەکات و گوتی: "دەکرێت دانپێدانانەکان وەکو پاساوێک بن بۆ بەغدا تاوەکو بێتە نێو کاروباری هەرێمی کوردستان".