فڕێدانی 'بورقە' لە سلێمانی ناڕەزایی بەشێک لە ئیسلامییەکانی لێدەکەوێتەوە
نمایشێکی هونەری لە زانکۆی ئەمریکی- سلێمانی، دوو رۆژە رۆژەڤی خەڵکە و بەشێک لە ئیسلامییەکانی پێی توڕەبوون، چونکە لە کۆتایی سەماکە، 'بورقەکان'ـی بەریان فڕێ دەدەن و لە ژێرەوە جلی کوردی دەردەکەوێ، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ "سەرکەوتن بەسەر بیری داعشدا"، بەڵام ژمارەیەک لە ئیسلامییەکان ئەمە وەکو بێڕێزی بە ئایین دادەنێن.
محەممەد هەورامی، راوێژکاری سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: بەشێکی بچووکی نمایشێکی هونەری بە مەبەست کرایە کەرەستەی هێرشکرنە سەر زانکۆ لە کاتێکدا 'بورقە' هیچ پەیوەندی بە کولتووری کوردی و ئایینیی ئیسلامەوە نییە.
گوتیشی: لە نمایشەکەدا لەبری 'بورقە' پۆشاکی کوردی دەرکەوتووە کە زۆر پۆشتە و گونجاوە.
بە گوتەی هەورامی 'بورقە' بووەتە هێمای داعش و دەڵێت: هاوژین و خوشک و دایکی هەموو ئەو کەسانەی لەسەر ئەم بابەتە قسەیان کردووە و هاوژینی کەسی یەکەمی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان 'بورقە' ناپۆشن، بەڵام هاتوون ئەم بابەتەیان کردووەتە کەرەستەی هێرشکردنە سەر زانکۆیەک.
گوتیشی: هەندێک بانگخواز بانگەشە بۆ کولتووری عەرەبی دەکەن و پێویستە داواکاری گشتی لەسەر هەندێک بانگخواز سکاڵا تۆماربکات.
بهشی بكه لە