ئامادەکردنی قوڕاو بە شێوازی باڵەکایەتی
گەشتی ئەمجارەی بەرنامەی (تام و چێژ)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ گوندی دۆڵانە لە سنووری قەزای چۆمان بوو. دۆڵانە گوندێکی بچووک و دڵڕفێنی دەڤەرەکەیە و بە سرووشتی جوان و کولتووری رەسەنی کوردەواری دەناسرێ.
ئەو گوندە لە 14 ماڵ پێکهاتووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 130 کەس دەبێت.
شادیە عەباس و شلێر عەباس دوو خوشکی دانیشتووی گوندەکەن و بە خواردنێکی کوردەواری و خۆش، میوانداریی رووداویان کرد. ئەوان چۆنێتیی ئامادەکردنی خواردنی "قوڕاو"یان خستەڕوو.
پێداویستییەکانی خواردنی قوڕاو: ماست، گۆشتی سوور، پیاز، رۆن، جاترە، خوێ و ئاو.
شێوازی ئامادەکردن:
سەرەتا گۆشتەکە بە شێوەیەکی مامناوەند (نە زۆر ورد و نە زۆر گەورە) ورد دەکرێت و دەکوڵێنرێت، دواتریش کەمێک خوێی تێدەکرێت.
لە هەنگاوی دووەمدا، ماستەکە دەکرێتە دەفرێکی گەورە و بەگوێرەی پێویست ئاوی تێدەکرێت، دواتر بە باشی تێکدەدرێت تاوەکو ساف دەبێت و وەکو دۆی لێ دێت.
دواتریش پیازەکە ورد دەکەین، مەنجەڵێک دەخرێتە سەر ئاگر؛ رۆن و پیازە وردکراوەکەی تێدەکرێت، دوای ئەوەی پیازەکە سوور بووەوە، ماستە ئامادەکراوەکەی تێدەکرێت.
ئینجا دەبێت بەردەوام و بێ وەستان تێکی بدەین، تاوەکو دەکوڵێت بۆ ئەوەی ماستەکە تێکنەچێت.
دواتر گۆشتە کوڵاوەکەی تێدەکەین و دووبارە تێکی دەدەین. نزیکەی 10 خولەک پێش ئەوەی خواردنەکە بەتەواوی ئامادە بێت و لەسەر ئاگرەکە بهێندرێتە خوارەوە، جاترەکەی تێدەکەین و وازی لێ دەهێنین، تاوەکو دەکوڵێت و تامی خۆی دەدات.