دۆڵمە بە شێوازەی باڵەکایەتی
بەرنامەی ئەمجارەی "تام و چێژ" لە گوندی روستێ لە سنووری قەزای چۆمان بوو، کە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە. گوندی روستێ، کە بە جوانی سرووشت ناسراوە، 45 ماڵ و 277 کەس کە سەرجەمیان لە عەشیرەتی باڵەکیین لە گوندەکە نیشتەجێن.
میوانی ئەم بەرنامەیە، خاتوو لاجان خالید ئەحمەد بوو، کە لەدایکبووی ساڵی 1987ـە و یەکێکە لە دانیشتووەکانی گوندەکە. خاتوو لاجان بە دوو خواردنی بەتام پێشوازیمان لێدەکات، کە سیمایەکی دیاری سفرەی باڵەکایەتین: دۆڵمە و داندۆکی باڵەکایەتی.
یەکەم: شێوازی ئامادەکردنی دۆڵمە بە دەستووری تایبەتی گوندی روستێ
کەرەستە پێویستەکان:
برنج، رۆن، بیبەری رەش، بەهاراتی حەوت رەنگ، باینجان، کوولەکە، تەماتە، بیبەری سەوز، پیاز، سیر، ئاوی تەماتە، گۆشتی مریشک یان گۆشتی سوور، گێزەر، بیبەری سووری تیژی هاڕاو (خۆماڵی)، پاقلە، سڵق، کەلەرمی سپی.
ئامادەکردن:
سەرەتا سەرجەم کەرەستەکان بە وردی پاکدەکرێنەوە. باینجان، کوولەکە، تەماتە و بیبەری سەوز بە وریایی ناوەکانیان بەتاڵ دەکرێن و بۆ تێکەڵەی ناو دۆڵمەکە ئامادە دەکرێن. دوای پاککردنەوە، هەموو کەرەستەکان بە جوانی دەشۆرێنەوە.
ئامادەکردنی تێکەڵەی ناو دۆڵمە:
ناوەوەی باینجان و کوولەکە بەتاڵکراوەکان، پیاز و تەماتە ورد دەکرێن. رۆن لەسەر ئاگر گەرم دەکرێت و ئاوی تەماتەی تێدەکرێت. پاشان کەرەستە وردکراوەکان و برنج، سیر، خوێ، بیبەری رەش، بیبەری تیژی هاڕاوی خۆماڵی و بەهاراتی حەوت رەنگ زیاد دەکرێن. هەموویان بە جوانی تێکەڵ دەکرێن.
ئامادەکردنی گۆشت: گۆشتی سوور یان مریشک بە جیا دەکوڵێنرێت و کەمێک خوێ و بیبەری رەشی پێدادەکرێت بۆ ئەوەی تامێکی خۆشی هەبێت.
پێچانەوەی دۆڵمەکە
لە بنی مەنجەڵەکە، گێزەر و پاقلەکان دادەنێن، پاشان، پیاز، سڵق، تەماتە، بیبەر، کەلەرم، کوولەکە و باینجانە بەتاڵکراوەکان بە تێکەڵەی ئامادەکراو پڕ دەکرێن. گرنگە کە زۆر پڕ نەکرێن، بۆ ئەوەی شوێنی کوڵان و فراوانبوونی برنجەکە هەبێت؛ دواتر گۆشتەکان بە قات لە بنی کەرستەکان دادەنێن بەپێی ئارەزووی ئەو کەسەی دروستی دەکات.
کوڵاندن و پێشکەشکردن
دوای پێچانەوەیان، بڕێک ئاو بەسەر دۆڵمەکەدا دەکرێت (بەپێی ئارەزوو، دەکرێت بڕی ئاو کەم یان زۆر بێت).
دەتوانرێت رۆنی ئاسایی یان رۆنی سوورکراو دوای تەواو بوونی بۆ بەشی سەرەوەی زیاد بکرێت.
مەنجەڵەکە دادەپۆشرێت و بۆ ماوەی 40 بۆ 50 خولەک لەسەر ئاگرێکی مامناوەند دەکوڵێنرێت، تاوەکو دۆڵمەکە بە تەواوی ئامادە دەبێت و ئینجا پێشکەش دەکرێت.
دووەم: شێوازی دروستکردنی داندۆکی باڵەکایەتی
کەرەستەکان
شیرێژی مەڕ (بەگوێرەی پێویست)
ئاو
برنج
خوێ
رۆنی خۆماڵی مەڕ (بۆ سەر داندۆک)
ئامادەکردن
کوڵاندنی ئاو: سەرەتا بڕێک ئاو دەخرێتە سەر ئاگر تاوەکو بە تەواوی دەکوڵێت.
ئامادەکردنی تێکەڵە: شیرێژی مەڕ و برنج بەیەکەوە تێکەڵ دەکرێن و بە باشی دەشێلن. پاشان کەمێک خوێی تێدەکرێت.
کوڵاندنی داندۆک: کاتێک ئاوەکە کوڵا، تێکەڵەی شیرێژ و برنجەکە دەکرێتە ناوی. کە شلەکە خەست بوو ئەوکات ئامادەیە بۆ خواردن 20 بۆ 25 خولەکێکی پێویستە.
پێشکەشکردن: داندۆکەکە لە قاپێکی گونجاو دەکرێت. رۆنی خۆماڵی مەڕ گەرم دەکرێت و بەسەر داندۆکەکەدا دەکرێت و پێشکەش دەکرێت.