دروستکردنی دۆڵمەی سپی لە گوندی سماقوڵی

08 March 2026
دروستکردنی دۆڵمەی سپی لە گوندی سماقوڵی

گەشتی ئەمجارەی بەرنامەی تام و چێژ بۆ  گوندی سماقوڵییە. سماقوڵی سەر بە قەزای کۆیەیە لە پارێزگای هەولێر. گوندەکە لە 180 ماڵ خێزان پێکهاتووە و نزیکەی 900 کەس تێیدا نیشتەجێن.

لەنێو سرووشتی جوانی سماقوڵی و ناوچەی خۆشناوەتی، میوانی خاتوو رووناک نادر محەممەدین کە هەنگاوەکانی دروستکردنی دۆڵمەی سپی بە شێوازی خۆشناوەتی و دۆڵی سماقوڵی رووندەکاتەوە.

پێداویستییەکان
بۆ ئامادەکردنی ئەم ژەمە، پێویستیمان بە گەڵای مێو، گۆشتی سوور، پەتاتە، شویت، ماست، پیاز، برنج و پاقلە دەبێت.

ئامادەکردن
سەرەتا بە پاککردنی پیازەکان و دەرهێنانی ناوەکەی دەست پێ دەکەین، هاوکات گەڵای مێوەکان ئامادە دەکرێن و پاقلەکانیش دەنک دەنک دەکرێن و بە جوانی پاکدەکرێنەوە.

گۆشتە سوورەکە دوای شۆردنەوەی، دەکوڵێنرێت و خوێی تێدەکرێت. بۆ دروستکردنی ناوی دۆڵمەکە، دەفرێکی گەورە ئامادە دەکرێت؛ برنج، ماست و شبیتی تێدەکرێت، پاشان خوێ و بیبەری رەش. بۆ دەوڵەمەندکردنی تامەکەش، بەشێک لە گۆشتە سوورەکە دەکرێتە قیمە و تێکەڵی برنج و ماستەکە دەکرێت.

لە کۆتا هەنگاودا، مەنجەڵەکە ئامادە دەکرێت؛ بنەکەی بە قاشە پەتاتەی خڕ و پاقلەکان دادەپۆشرێت. پاشان پرۆسەی پێچانەوەی دۆڵمەکە دەست پێ دەکات؛ گەڵای مێو و پیازەکان بەو تێکەڵە سپییە پڕدەکرێنەوە و بە ریز دەخرێنە ناو مەنجەڵەکە.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 40 خولەک بەسەر کوڵانیدا، ئامادەدەبێت بۆ پێشکەشکردن.