قاز و قەرەخەرمان لە گوندی باوەقووب لە کۆیە

05 March 2026
قاز و قەرەخەرمان لە گوندی باوەقووب لە کۆیە

بەرنامەی ئەمجارەی تام و چێژ لە گوندی باوەقووبی سنووری قەزای کۆیە بوو؛ گوندێکی بچووک کە لە 15 ماڵ پێکدێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 100 کەسە. لەم بەرنامەیەدا، شێوازی ئامادەکردنی سێ خواردنی باوی ناوچەکە (قاز، قەرەخەرمان و ساوەر) دەخەینە روو.

خاتوو شنۆ سیامەند سەعید بوو، خەڵکی گوندی باوەقووبە. ئەو بە دەستوورێکی رەسەن شێوازی لێنان و ئامادەکردنی خواردنەکانی پێشاندەدات.

ئامادەکردنی قاز
پێداویستییەکان
: ئاو، بیبەری رەش، خوێ و پیاز.

شێوازی ئامادەکردن
سەرەتا قازەکە بە باشی پاک دەکرێت و دەشۆردرێتەوە. بۆ یەکەمجار کە دەخرێتە سەر ئاگر، تەنیا بیبەری رەشی تێدەکرێت؛ سەرتا خوێی تێناکرێت چونکە جیڕ دەبێت و کوڵانی دوادەکەوێت. دوای ئەوەی کەمێک کوڵا، پیاز و ئاوی گەرم و بڕی پێویست خوێی بۆ زیاد دەکرێت. ماوەی ئامادەبوونی گۆشتەکە بەپێی جۆری قازەکە دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی 4 بۆ 5 کاژێری پێدەچێت تاوەکو بە تەواوی ئامادە دەبێت.

قەرەخەرمان
پێداویستییەکان
: قەرەخەرمانی خۆماڵی، رۆن، خوێ و ئاوی کوڵاو.

شێوازی ئامادەکردن
سەرەتا بڕێک رۆنی خۆماڵی یان ئاسایی دەخرێتە ناو مەنجەڵێکەوە تاوەکو گەرم دەبێت، پاشان قەرەخەرمانەکەی تێدەکرێت و کەمێک سوور دەکرێتەوە (پێویستە ئاگاداری بیت نەسووتێت و تامی تێک نەچێت). دواتر بەپێی پێویست ئاوی تێدەکرێت و خوێی بۆ زیاد دەکرێت. سەرەتا لەسەر ئاگرێکی بەهێز دادەنرێت تاوەکو بەکۆڵ دێت، پاشان ئاگرەکەی بۆ کەم دەکرێتەوە و بۆ ماوەی نیو کاژێر دەم دەکێشێت تاوەکو ئامادە دەبێت.

ساوەری خۆماڵی بە شەعرییە
پێداویستییەکان
: ساوەر، شەعرییە، رۆن، خوێ و ئاو.

شێوازی ئامادەکردن
بۆ لێنانی ساوەر، سەرەتا شەعرییەکە لەناو رۆندا سوور دەکرێتەوە (بە مەرجێک زۆر سوور نەبێتەوە)، پاشان ساوەرەکەی تێدەکرێت. دوای تێکەڵکردنیان، ئاو و خوێی بۆ زیاد دەکرێت. دوای ئەوەی ئاوەکەی کێشا، لەسەر ئاگرێکی کەم دادەنرێت و پاش نیو کاژێر خواردن ئامادە دەبێت و پێشکەش دەکرێت.

بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە