ئامادەکردنی 'ئاڤ شرینیک' لە گوندی دێراگژنیک
بەرنامەی 'تام و چێژ' لەم ئەڵقەیەدا گەشتێکی بۆ سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجام دا و لە گوندی 'دێراگژنیک' خاتوو حەمدییە تاهیر رەمەزان بە ئامادەکردنی دوو خواردنی رەسەنی ناوچەکە بە تامی کوردی میوانداری کردین.
دێراگژنیک گوندێکی ئاوەدانی سنوورەکەیە و لە 150 ماڵ پێکدێت و، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 800 کەسە. خاتوو حەمدییە یەکێک لە خواردنە هەرە باوەکانی گوندەکەی بە ناوی "ئاڤ شرینیک" بۆ ئامادە کردین.
پێکهاتەکانی ئاڤ شرینیک:
شێوازی ئامادەکردنی هەویرەکە: سەرەتا بڕوێش و ئارد و خوێ تێکەڵی ئاوی گەرم دەکرێن و بەباشی تێکدەدرێن، دوای ئەوەی هەویرەکە دەگیرێتەوە، بۆ ماوەی نیو کاژێر دادەپۆشدرێت تاوەکو بە باشی دێتەوە و دەچێتەوە یەک، دواتر جوان دەشێلدرێت و دادەنرێت تاوەکو پێداوستییەکانی دیکە ئامادە دەکرێن.
ئامادەکردنی 'تارخافک' و قیمەی کفتەکە:
بۆ نێو کفتەکان، خاتوو حەمدییە "تارخافک"ی بەکارهێنا، کە لە تێکەڵەی گوێزی وردکراو، رۆن و کەمێک ئاردی سوورکراوە و خوێ پێکدێت. هەروەها قیمەی گۆشتی سوور و سنگى مریشکیشی بەکارهێنا.
دواتر هەویرەکە بە شێوەی خڕ دەکرێت و نێوەکەی بە قیمەی گۆشت و تارخافکەکە پڕ دەکرێتەوە و بە شێوەی کفتە ئامادە دەکرێت.
قۆناخی کوڵاندن و پێشکەشکردن:
لە مەنجەڵێکدا ئاو و نۆکی کوڵاو دەخرێتە سەر ئاگر، پاشان کفتە ئامادەکراوەکانی تێدەکرێت. بۆ ئەوەی شلەکە کەمێک خەست بێتەوە، بڕێک برنج و بیبەری تیژی بۆ زیاد دەکرێت. لە کۆتا قۆناخدا، کوولەکەیەکی گەورە پاکدەکرێت و بە پارچەپارچەکراوی دەخرێتە نێو مەنجەڵەکە. دوای نیو کاژێر لە کوڵان، "ئاڤ شرینیک" ئامادە دەبێت و پێشکەش دەکرێت.
بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە