قەلی و ساوەری کوردی لە گوندی دەرماناو لە کەرکووک
گوندی دەرماناو، سەربە ناحیەی شوانە لە پارێزگای کەرکووک. یەکێکە لەو گوندە بچووکانەی تاوەکو ئێستا تام و چێژی خواردنە کولتوورییەکانی تێدا پارێزراوە. ئەم گوندە لە نزیکەی 40 ماڵ پێکدێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە 200 کەس.
خاتوو چیمەن عیزەدین مەحموود، تەمەن 35 ساڵ و دانیشتووی گوندەکە، بە دەستووری تایبەتی کەرکووکییەکان شێوازی ئامادەکردنی قەل و ساوەری خستەڕوو.
پێداویستییەکان: گۆشتی قەل، بیبەری سووری توون، بیبەری رەش، خوێ و کاری
ساوەر، رۆن، پیاز.
ئامادەکردن
سەرەتا گۆشتی قەلەکە بە جوانی ورد دەکرێت و دەشۆردرێتەوە، پاشان دەخرێتە سەر ئاگر و بڕێک ئاوی تێدەکرێت. لەگەڵیدا پێکهاتەکانی (بیبەری رەش، بیبەری سوور، خوێ و کاری) بۆ زیاد دەکرێت و بۆ ماوەیەک جێدەهێڵدرێت تاوەکو ئاوەکەی بە تەواوی وشکدەبێتەوە.
دوای ئەوەی ئاوی گۆشتەکە وشکبووەوە، بڕێکی دیکە ئاوی بۆ زیاد دەکرێت و پیازێکی وردکراوی تێدەکرێت. پاشان سەری مەنجەڵەکە دادەخرێت تاوەکو گۆشتەکە بە جوانی دەکوڵێت و سوور دەبێتەوە.
بۆ ئامادەکردنی ساوەرەکە، دوای ئەوەی قەلەکە بە تەواوی کوڵا، بڕێک ئاو و خوێ دەخرێتە ناو مەنجەڵێکی دیکەوە و ساوەرەکەی تێدەکرێت. دوای داپۆشینی سەری مەنجەڵەکە بۆ کەمتر لە نیو کاژێر، ساوەرەکە دمکێش دەبێت و ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ قەلەکەدا پێشکەش بکرێت.
بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە