ئامادەکردنی ماشی رۆن لە دێریشکێ، گوندە دڵگیرەکەی دهۆک

25 February 2026
ئامادەکردنی ماشی رۆن لە دێریشکێ، گوندە دڵگیرەکەی دهۆک

لە سنووری پارێزگای دهۆک، گوندی 'دێریشکێ' بە کەشوهەوای سارد و سرووشتە جوانەکەی بەنێوبانگە. ئەم گوندە لە وەرزی هاویندا نزیکەی 200 ماڵی تێدایە و زیاتر لە 500 کەسی لێ نیشتەجێیە، بەڵام لە زستاناندا بەهۆی سەرماوە ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمدەبێتەوە بۆ نزیکەی 200 کەس و 98 ماڵ.

میوانی ئەمجارەی بەرنامەی تام و چێژ، خاتوو جەمیعە میرزا محەممەد بوو کە دانیشتووی گوندی دێریشکێیە. خاتوو جەمیعە بە خواردنێکی رەسەن و گەرمی کوردی بە ناوی "ماشی رۆن" پێشوازیی لێکردین.

پێداویستییەکانی ماشی رۆن: ماش، برنج، گۆشتی سوور، رۆن، گیای پوونگە، ئاو و خوێ.

شێوازی ئامادەکردن:
سەرەتا ماشەکە دەشۆردرێتەوە و لەگەڵ بڕێک خوێ دەخرێتە سەر ئاگر، بۆ ماوەی نزیکەی کاژێرێک دەکوڵێندرێت تاوەکو بە تەواوی زەرد دەبێت. لە مەنجەڵێکی دیکەدا، کەمێک رۆن گەرم دەکرێت و ئەو گۆشتە سوورەی کە پێشتر کوڵێندراوە، تێیدا سوور دەکرێتەوە.

لە قۆناخی دواتردا، برنجەکە دەکرێتە ناو گۆشت و رۆنەکە و پێکەوە کەمێک سوور دەکرێنەوە. پاشان گیای پوونگەی خۆماڵی و ئەو ماشەی کە پێشتر کوڵێندراوە، تێكەڵ بە برنج و گۆشتەکە دەکرێن. لە کۆتاییدا بڕێکی دیکە ئاوی گەرمی تێدەکرێت و سەرەکەی دادەپۆشرێت؛ پاش نزیکەی نیو کاژێر کە خواردنەکە بە باشی خەست بووەوە، ئامادەی پێشکەشکردن دەبێت.

بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە