شێوازی ئامادەکردنی بریانی بە دەستووری زێبارییەکان

28 February 2026
شێوازی ئامادەکردنی بریانی بە دەستووری زێبارییەکان

بەرنامەی تام و چێژ لەم ئەڵقەیەدا سەردانی گوندی گیرێ سەر بە قەزای ئاکرێی کرد. ئەم گوندە لە 39 ماڵ پێکدێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 300 کەسە. لەم بەرنامەیەدا شێوازی ئامادەکردنی بریانی بە شێوازی زێبارییەکان دەخرێتە روو.

خاتوو سوعاد محەممەد نەبیل ژنێکی تەمەن 45 ساڵ و دانیشتووی گوندی گیرێیە. ئەو بە هاوکاریی کچ و خزمەکانی، بە کۆمەڵێک خواردنی رەسەنی کوردی وەکو یاپراخ و کوبە و بریانی سفرەی بەربانگی رازاندەوە. 

پێداویستییەکانی بریانی
برنج، گۆشتی سوور، مریشک، قارچک، پەتاتە، گێزەر، شەعرییە، بادەم، گوێز، رۆن، خوێ و دەرمانی بریانی.

شێوازی ئامادەکردن
سەرەتا هەموو پێداویستییەکان ئامادە دەکرێن؛ گێزەر و پەتاتەکان ورد دەکرێن و بە باشی دەشۆردرێنەوە، هەروەها بادەم و گوێزەکانیش پاک دەکرێن. دواتر لەناو تاوەیەکدا و بە جیا، هەر یەک لە (گێزەر، پەتاتە، شەعرییە، گوێز و بادەم) لەناو رۆندا سوور دەکرێنەوە و بڕێک خوێیان پێدا دەکرێت.

گۆشتەکە (سوور و مریشک) دوای کوڵاندن، بەشێکیان ورد دەکرێن بۆ ناو برنجەکە و بەشەکەی دیکەشیان بە جیا سوور دەکرێنەوە بۆ سەر قاپی بریانییەکە.

لێنانی برنجەکە
بۆ ئامادەکردنی برنجەکە، سەرەتا برنجەکە بە باشی دەشۆردرێتەوە و لەگەڵ بڕی پێویست ئاو، خوێ و دەرمانی بریانی دەخرێتە سەر ئاگر تاوەکو دەکوڵێت و رەنگی زەرد دەبێت. پاش پاڵاوتنی برنجەکە، هەموو پێکهاتە سوورکراوەکان و برنجەکە تێکەڵ دەکرێن و لەسەر ئاگرێکی کەم دادەنرێت. پڕۆسەی دەمکێشانی بریانییەکە نزیکەی نیو کاژێری پێدەچێت و دواتر ئامادەی پێشکەشکردن دەبێت.

بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە