برنج بە پاقلە لە هیرانەوە

13 March 2026
برنج بە پاقلە لە هیرانەوە

لە گەشتێکی نوێی بەرنامەی "تام و چێژ"دا، رێگەمان کەوتە یەکێک لە ناوچە دڵڕفێنەکانی کوردستان، ئەویش گوندی هیرانی سەر بە قەزای شەقڵاوەیە. ئەم ناوچە جوانە بە سرووشتە سەرنجڕاکێشەکەی ناسراوە و نزیکەی 500 ماڵ لەخۆدەگرێت، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە نزیکەی 2000 کەس.

میوانی ئەمجارەمان، خاتوو خێرییە حەمەدەمین عوسمان بوو کە تەمەنی 42 ساڵە و یەکێکە لە دانیشتووانی گوندەکە. خاتوو خێرییە، بەوپەڕی شارەزاییەوە شێوازی ئامادەکردنی خواردنێکی خۆش و باوی کوردەواری کە برنج بە پاقلەیە بۆ بینەرانمان روونکردەوە.

پێداویستییەکان زۆر سادەن: شویت، برنج، پاقلە، رۆن و خوێ.

هەنگاوەکانی ئامادەکردن:
خاتوو خێرییە، سەرەتا بە پاککردن و دەنککردنی پاقلەکانی دەستپێکرد. پاقلەکانی لە ناوەڕاستەوە لەت دەکرد بۆ ئەوەی لە کاتی کوڵاندا بە جوانی نەرم ببنەوە. لە هەمان کاتدا، شویتەکەشی پاککردەوە و بە جوانی وردی کرد.

دواتر برنجەکەی شوشتەوە، خستییە ناو ئاوێکی کوڵاوەوە و خوێی پێویستی بۆ زیاد کرد. 

پاشان، لە تاوەیەکدا و بە بڕێکی گونجاو لە رۆن، پاقلە و شویتەکەی پێکەوە سوورکردەوە. دوای ئەوە، مەنجەڵێکی هێنا؛ برنجە کوڵاوەکەی لەگەڵ تێکەڵەی پاقلە و شویتەکەدا تێکەڵ کرد و سەری مەنجەڵەکەی بە جوانی داخست تاوەکو بە باشی هەڵم بکات و دەم بکێشێت. بە کەمتر لە نیو کاژێر، خواردنە بەتامەکە ئامادە بوو.

بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە