ئامادەکردنی برنج بە چەوەندەری سوور لە گوندی شەرمن
گوندی شەرمن، کە سەر بە قەزای ئاکرێیە، بە سرووشتە جوانەکەی و پاراستنی کولتووری رەسەنی کوردی ناسراوە. ئەم گوندە لە نزیکەی 700 ماڵ و 2000 کەس پێکهاتووە و یەکێکە لەو شوێنانەی تاوەکو ئێستا تام و چێژی خواردنە کولتوورییەکانی تێدا ماوەتەوە.
خاتوو فەیروز محەممەد مەحموود کە دانیشتووی گوندەکەیە، باسی شێوازی ئامادەکردنی یەکێک لە خواردنە تایبەتەکانی ناوچەکە دەکات کە ئەویش برنج بە چەوەندەری سوورە.
پێداویستییەکان: چەوەندەر، رۆنی ئاژەڵ، گۆشتی سوور، سماق و خوێ، برنج
شێوازی ئامادەکردن
سەرەتا گۆشتەکە بە ورد دەکرێت و دەشۆردرێتەوە، پاشان کەمێک خوێ و بڕێک ئاوی تێدەکرێت و دەخرێتە سەر ئاگر تاوەکو بەباشی دەکوڵێت. لە هەمان کاتدا چەوەندەرەکە بە شێوەیەکی مامناوەند ورد دەکرێن (نە زۆر گەورە و نە زۆر بچووک) و پاشان دەشۆردرێنەوە.
دوای ئەوەی گۆشتەکە کوڵا و ئاوەکەی وشک بووەوە، چەوەندەرە وردکراوەکانی تێدەکرێت و بڕێکی دیکە ئاوی بۆ زیاد دەکرێت تاوەکو پێکەوە بکوڵێن.
دواتر، دەنکە سماقە گەورەکان دەخرێنە ناو ئاوەوە و تێکەڵ دەکرێن و بۆ ماوەیەک جێدەهێڵدرێن؛ پاشان ئاوی سماقەکەش بۆ ناو گۆشت و سڵقەکە زیاد دەکرێت. لە کۆتا هەنگاودا، برنجەکە دەکرێتە ناو گیراوەکە و دوای نزیکی نیو کاژێر برنجەکە دمکێش دەبێت و ئامادە دەبێت بۆ پێشکەشکردن.
بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە