قاورمە لە گوندی شێخ ئاودەلان
بەرنامەی "تام و چێژ" لە گەشتێکی نوێدا سەردانی سنووری ناحیەی هەڵشۆی کرد و لە گوندی شێخ ئاودەلان، میوانداری کرا. گوندی شێخ ئاودەلان، دەکەوێتە سنووری ناحیەی هەڵشۆ و لە 90 ماڵ پێکهاتووە، هاوکات ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 450 کەس دەبێت.
روقیە محەممەد ئیبراهیم، تەمەن 52 ساڵ و دانیشتووی گوندەکەیە، لەم بەرنامەیەدا شێوازی ئامادەکردنی خواردنی قاورمە بە شێوازێکی تایبەت و بە تامێکی جیاواز دەخاتەڕوو.
پێداویستییەکان:
گۆشتی سوور
تەماتە
پیاز
لیمۆ
چەوریی ئاژەڵ (بەز)
خوێ
بیبەری ڕەش
بیبەری توون
تێکەڵەیەک لە بیبەری توون و تەماتەی وشککراوەی خۆماڵی
شێوازی ئامادەکردن:
سەرەتا گۆشتەکە بەشێوەیەکی ورد لەت دەکرێت و دەشۆرێتەوە. پاشان، پیاز، تەماتە و لیمۆکان بە شێوەی بازنەیی ورد دەکرێن.
لەناو تاوەیەکدا و لەسەر ئاگری دار، چەورییە ئاژەڵییەکە دەتوێنرێتەوە و دواتر گۆشتەکەی تێدەکرێت تاوەکو کەمێک سوور دەبێتەوە.
لە قۆناخی کۆتاییدا، پیاز، تەماتە و لیمۆ وردکراوەکان لەگەڵ خوێ، بیبەری توون و تێکەڵە خۆماڵییەکە بۆ سەر گۆشتەکە زیاد دەکرێن.
دوای نزیکەی کاژێرێک لە کوڵان لەسەر ئاگرێکی هێواش، قاورمەکە ئامادە دەبێت و لەگەڵ برنج پێشکەش دەکرێت.
بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە