برنج بە کوولەکە لە گوندی سیساوە

11 March 2026
برنج بە کوولەکە لە گوندی سیساوە

لە باوەشی سرووشتی جوانی قەزای هەریر و لە گوندی سیساوە، کە نیشتمانی نزیکەی 300 خێزانی ناوچەکەیە و بەپێی خەمڵاندنەکان ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە نزیکەی 1500 کەس، کولتوور و دابونەریتی رەسەنی کوردی هێشتا بە زیندوویی ماوەتەوە. ئەم گوندە بە کشتوکاڵ و بەرهەمە خۆماڵییەکانی ناسراوە.

بەرنامەی تام و چێژ، لە درێژەی گەشتەکانیدا بۆ ناساندنی خواردنە رەسەنەکان، ئەمجارە میوانی خاتوو گوڵخاتر بوو. گوڵخاتر، کە لە دایکبووی ساڵی 1970یە و ژیانێکی پڕ ئەزموونی لە ئامادەکردنی خواردنی کوردەواریدا هەیە، شێوازی ئامادەکردنی یەکێک لە خۆشترین و تایبەتترین خواردنەکانی ناوچەکەمان بۆ دەخاتەڕوو: "برنج بە کوولەکە"، کە بە خواردنێکی وەرزیی پاییزە و زستانە دادەنرێت.

سەرەتا، گوڵخاتر، ناوکی کوولەکەکە بە جوانی و بە شێوەیەکی هونەریانە دەردەهێنێت و بە تەواوی خاوێنی دەکاتەوە، پاشان لەناو مەنجەڵێکی گەورەدا دەیخاتە سەر ئاگرێکی مامناوەند تا بە هێواشی دەکوڵێت و نەرم دەبێتەوە. نهێنی و تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم خواردنە لەوەدایە کە "ئاوی سماق"ی خەست دەکرێتە ناو کوولەکەکەوە لە کاتی کوڵاندا، ئەمەش بۆ ئەوەی تامێکی ترش و خۆشی پێ ببەخشێت کە لەگەڵ شیرینیی سرووشتیی کوولەکەکەدا هاوسەنگییەکی بێوێنە دروست دەکات.

بۆ ئامادەکردنی ناوەکەی، گۆشتی سوور بە وردی پارچە دەکات و لەگەڵ کەمێک ئاو و خوێدا دەیکوڵێنێت تا بە تەواوی نەرم دەبێت. پاشان لەناو رۆنێکی کەمدا، تێکەڵەیەکی رەنگاوڕەنگی پێکهاتوو لە (بادەم، گوێز، شەعریە، بەزالیای سەوز، گێزەری وردکراو و کشمیش) سوور دەکاتەوە تا رەنگێکی زێڕینیان لێ دێت و بۆنێکی خۆش بڵاو دەکەنەوە.

دواتر، برنجە سپییەکە کە پێشتر خراوەتە ئاو، لەگەڵ گۆشتە کوڵاوەکە و ئەو پێکهاتە سوورکراوانەدا بە جوانی تێکەڵ دەکرێت. بۆ بەهێزکردنی تام و بۆنەکەی، بەهاراتی تایبەتی بریانی و زەردەچەوەی بۆ زیاد دەکرێت کە رەنگ و چێژێکی تایبەت بە برنجەکە دەبەخشن.

لە قۆناخی کۆتاییدا، کوولەکەکە بەو برنجە تێکەڵاوە پڕدەکاتەوە و بە پارچەکەی سەری خۆی بە تووندی دایدەخات. پاشان دەیخاتە ناو فڕنێکی گەرمەوە و دوای نزیکەی یەک کاژێر، کاتێک کوولەکەکە بە تەواوی نەرم بووە و برنجەکەش هەڵمی کردووە، خواردنەکە ئامادە دەبێت بۆ پێشکەشکردن وەک ژەمێکی شاهانە و رەسەن.

بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە