دۆغەوای عەشیرەتی هەرکی لە گوندی ناوکەندان

21 February 2026
دۆغەوای عەشیرەتی هەرکی لە گوندی ناوکەندان

بەرنامەی "تام و چێژ" ئەمجارە گەشتەکەی بۆ گوندی "ناوکەندان" بوو لە سنووری قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر. ئەم گوندە کە دەکەوێتە سەر رێگەی (حوجران - شەقڵاوە)، 45 ماڵی لێ نیشتەجێیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە نزیکەی 300 کەس. میوانی ئەم ئەڵقەیەی بەرنامەکە، "ئاسیا باقی تەیمور" بوو؛ ژنێکی تەمەن 53 ساڵ و دانیشتووی گوندەکە، کە شێوازی ئامادەکردنی خواردنی "دۆغەوا" بە دەستووری عەشیرەتی هەرکی پێشکەش دەکات.

پێکهاتەکانی دۆغەوا
بۆ هەویرەکە: بڕوێش، برنج، خوێ، بیبەری رەش و بەهاراتی "کاری موختار".
بۆ ناوەکەی: قیمەی گۆشت، کەرەوز و پیاز.
بۆ شلەکە: ماستی خۆماڵی (بزن یان گامێش)، گۆشتی بە ئێسقان، نۆک، ماش، تەڕەپیاز، جاترە و رۆن.


قۆناخی یەکەم: ئامادەکردنی هەویر 
سەرەتا بڕوێشەکە لەگەڵ خوێ، بیبەری رەش و بەهاراتی "کاری موختار" تێکەڵ دەکرێت. ئاوی تێدەکرێت و جوان دەشێلدرێت تاوەکو هەویرەکە یەکدەگرێت. دواتر بڕێک برنج دەکوڵێندرێت (زەرد دەکرێت) و تێکەڵی هەویرەکە دەکرێتەوە.

تێبینی: زیادکردنی برنجە کوڵاوەکە بۆ ناو هەویرەکە، دەبێتە هۆی ئەوەی کفتەکان نەرم بن و رەق دەرنەچن. پێویستە هەویرەکە نە زۆر شل بێت و نە زۆر تووند، پاشان بۆ ماوەیەک دادەپۆشرێت تاوەکو بەباشی یەک بگرێت.

قۆناخی دووەم: ئامادەکردنی قیمە
پیاز و کەرەوزەکە ورد دەکرێن. سەرەتا پیازەکە لەناو کەمێک رۆندا سووردەکرێتەوە، دواتر قیمەکەی تێدەکرێت. کاتێک گۆشتەکە کەمێک سووربووەوە، کەرەوزەکەی بۆ زیاد دەکرێت و بۆ ماوەی 5 تاوەکو 10 خولەک پێکەوە سووردەکرێنەوە.

تێبینی: جگە لە قیمەی گۆشتی ئاژەڵ، دەکرێت هێلکە یان گۆشتی مریشکیش بۆ ناوەکەی بەکاربهێندرێت.

قۆناخی سێیەم: ئامادەکردنی ئاوی دۆغەوا
لەناو مەنجەڵێکدا ماستەکە دادەنرێت (میوانەکەی رووداو، ماستی بزنی بەکارهێنابوو)، خوێی تێدەکرێت. کەمێک پیاز لەناو رۆندا سووردەکرێتەوە و دەکرێتە ناو ماستەکە، لەگەڵ زیادکردنی گیای "جاترە". دوای ئەوەی ماستەکە دەست دەکات بە کوڵان، بەپێی پێویست ئاوی تێدەکرێت و تەڕەپیازە وردکراوەکانی بۆ زیاد دەکرێت.

خاڵی گرنگ: دەبێت ئاوی دۆغەواکە بەردەوام تێکبدرێت تاوەکو دێتە کوڵ، بۆ ئەوەی ماستەکە تێکنەچێت.

قۆناخی کۆتایی: کفتەکردن و لێنان
هەویرەکە بە شێوەی تۆپەڵەی بچووک دەکرێت و ناوەکەی بە پەنجە دەکرێتەوە؛ بڕێکی باش لە قیمەکەی تێدەکرێت و شێوازەکەی پاندەکرێتەوە. گۆشتەکە دەکرێتە ناو ئاوی دۆغەواکە و دواتر کفتە ئامادەکراوەکان یەک یەک دەخرێنە ناو مەنجەڵەکە. پاش 40 بۆ 50 خولەک لە کوڵان، خواردنەکە ئامادە دەبێت و پێشکەش دەکرێت.

بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە