دروستکردنی گەنمەکوتاو بە شێوازی ناوچەی وەرتێ
ئەمجارە بەرنامەی تام و چێژی تۆڕی میدیایی رووداو، گەشتێکیان بۆ گوندی بەڕۆژێ لە سنووری ناحیەی وەرتێ کرد. ئەم گوندە کە بە سرووشتی دڵڕفێن و گەشتیاری زۆر ناسراوە، لە 50 ماڵ پێکهاتووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 500 کەس دەبێت.
خاتوو هاجەر حوسێن حەمەد، شێوازی دروستکردنی خواردنێکی کوردەواریی بە ناوی گەنمەکوتاو بە گۆشت خستەڕوو.
پێداویستییەکانی گەنمەکوتاو
گەنمەکوتاو
گۆشتی سوور
رۆنی ئاژەڵ
خوێ و ئاو
بیبەری رەش و پیاز (بەپێی ئارەزوو)
شێوازی ئامادەکردن
سەرەتا رۆژێک پێش ئامادەکردنی، گەنمەکوتاوەکە لە ئاو دەکرێت (دەخوسێنرێت) بۆ ئەوەی لەکاتی لێنانی خواردنەکەدا زووتر بکوڵێت.
لە مەنجەڵێکدا گۆشتەکە دەکوڵێنرێت و کەمێک خوێی تێدەکرێت، هەروەها دەتوانرێت بەپێی ئارەزوو پیاز و بیبەری رەشی تێبکرێت. دوای ئەوەی گۆشتەکە بە باشی کوڵا، گەنمەکوتاوەکەی تێدەکرێت و تێکەڵ دەکرێن.
دواتر ئاوی گەرمی تێدەکرێت و دەخرێتە سەر ئاگر تاوەکو دەم دەکێشێت. دوای نزیکەی نیو کاژێر کوڵان، خواردنەکە ئامادە دەبێت و لەگەڵ برنج پێشکەش دەکرێت.
بەرنامەیەکی مەیدانی و رۆژانەی مانگی رەمەزانە کە گەشت بە گوندەکانی کوردستان دا دەکات. لە هەر بەرنامەیەک دا خواردنێکی گوند دەکاتە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناسنامە و ژیانی رۆژانەی گوندنشینان. 'تام و چێژ' لەسەر بنەمای پێشکێشکارێکی بەهێز و گێڕانەوەی راستەقینە دروست دەکرێت. بەشێوەیەک بەرهەم دەهێنرێت کە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە