دوو برا لە یەک تیپدا و وەرزشوانانی ئاکرێ لە وەرزیندا

دوو برا لە یەک تیپدا و وەرزشوانانی ئاکرێ لە وەرزیندا

بوونی دوو برا لە یەک تیپدا و یاریکردنیان لەسەر یەک هێڵ، یەکێکە لە رووداوە دەگمەنەکان، ئەمە لە ئاکرێ روودەدات.

وەرزین هەڵوەستە لەسەر کۆی وەرزش و تیم و وەرزشوانەکانی شاری ئاکرێ دەکات کە خاوەنی یانەی ئاکرێیە و یاریزانەکانی لە یارییە تاکییەکاندا لە ئاستی بەرزدان.

بەرنامەکە کۆی وەرزشە جیاوازەکانی شاری ئاکرێ بەسەردەکاتەوە، لەوانەش تیپی تۆپی پێی شارەکە کە ئەمساڵ لە پاش کۆتاییهاتنی یارییەکانی خولی پلە یەکی کوردستان مانەوەی لەو خولەدا مسۆگەر کرد.

ئەیاد و نەوزاد دوو بران و لە پێکهاتەی سەرەکی یانەی ئاکرێدا لە دوای یەکەوە یاریدەکەن. ئەوان لە وەرزیندا روونیدەکەنەوە چۆن یەکێکیان بووەتە هۆکاری ئەوەی ئەویدیکەیان ببێتە یاریزانی تۆپی پێ.

ئەمساڵ ئاکرێ تیمی فوتساڵی کچانی دروستکردووەتەوە ئەو تیمە لەلایەن سۆلین ئەسعەدەوە مەشقدەدرێت کە ساڵانێکی زۆرە وەک یاریزان دەرکەوتووە. سۆلین دەڵێ دەزانم ئەرکی سەرشانم بۆ دروستکردنی ئەم تیپە چەندە قورسە، بەڵام دەمەوێ یاریزانەکانم بگەیەنمە ئاستێکی باش.

یاریزانان و راهێنەرانی جۆدۆ و کاراتێی ئاکرێ بۆ یەکەمجار لە هۆڵەکانی مەشقکردن دێنە دەرەوە و لە کەشوهەوایەکی کراوەدا نمایشێکی سەرنجڕاکێش دەکەن و ئەو نمایشە خەڵکێکی زۆر بۆ بینینی کۆدەبنەوە.

بەرنامەکە چەندین یاریزانی یارییە جیاوازەکانی ئاکرێ دەدوێنێت، لەوانەش بردنەوەی دوو یاریزانی یانەی ئاکرێ بۆ ئەو گەڕەکە کۆنانەی تێیدا گەورەبوون و منداڵی خۆیان تێدا بەسەربردووە.

وەرزین هەموو دووشەمەیەک لە رووداو کاژێر 9:30 پێشکەشدەکرێت.

وەرزین لە پرۆدیوسەری و پێشکەشکردنی رێبوار محەمەد، دەرهێنانی سامان عەدنان، مۆنتاجکردنی مەسعود مستەفا و وێنەگرتنی کارزان یونس.