لە کوردستان تێنس بووەتە میراتی باوکان بۆ مندالەکانیان
لە تێنسی کوردستاندا نەوەیەک دروستبووە کە ئێستا کۆنترۆڵی نازناوەکانی تێنسی عێراقی لەسەر ئاستی کوڕان و کچان کردووە، چونکە بەپێی دوایین پاڵەوانیەتیی تێنس لە وەرزی رابردوودا، کچان و کوڕانی کوردستان لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵییەوە بەدەست یاریزانانی کوردستانەوەیە.
وەرزین هەڵوەستەی لەسەر ئەو نهێنییە کردووە و دەپرسێت بۆچی لە کوردستان ئەو یاریزانانەی پێشتر لە تێنسدا دەرکەوتوون، ئێستا وەک میراتێک ئەو یارییەیان بۆ منداڵەکانیان بەجێهێشتووە؟ چونکە زۆرینەی پاڵەوانەکانی ئێستای عێراق، نەوەی یاریزانانی پێشووی ئەو تێنسەن.
وەرزین لە هەولێر و لە دهۆک هەڵوەستە لەسەر ئەو پرسیارە دەکات، لەگەڵ کوڕانی هەولێر کە پاڵەوانی عێراقن، لەگەڵ کچانی دهۆک کە هەمان نازناویان لە هەگبەدایە لەسەر هەمان بابەت رادەوەستێت و بەشێن نهێنییەکانی ئەو کارەدا دەگەڕێت و لەوەش دەپرسێت ئەوە باشە یان خراپە؟
راهێنەرانی هەولێر و دهۆک لە بەرنامەکەدا قسەیان کردووە و روونیدەکەنەوە کە پشتگیری ماڵباتەکان بۆ تێنس زۆر گرنگە چونکە ئەو یارییە پێویستی بەپشتگیری خێزانی هەیە.
بەرنامەکە لە بەشێکیدا رافد بەدرەدینی ئەستێرەی پێشووی یانەی هەولێر کە ساڵانێکی زۆرە لە یاریکردن دابڕاوە دەباتەوە ناو یاریگە و ئەمجارە تێنس دەکات و لە یارییەکدا بەرامبەر رێبوار محەمەدی پێشکەشکاری بەرنامەکە یاریدەکات.
لە پارتی دووەمی بەرنامەکەدا وەرزین دەچێتە کۆلێژ و پەیمانگا وەرزشییەکان و لەوێ دەپرسێت کە دۆخی خوێندنی تێنس لەو شوێنانەدا چۆنە؟ ئایا ئەوەی خوێندکارێک لە ماوەی زانکۆ یان کۆلێژدا دەیخوێنێت بەسە بۆ ئەوەی بیکاتە کەسێکی شارەزا لە یارییەکەدا تا لە داهاتوودا خەڵکی فێر بکاتەوە؟
لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی دهۆک، یەکێک لە خوێندکارەکانی کۆلێژەکە دەبێتە پێشکەشکاری بەرنامەی وەرزین و پرسیار لە یاریزانان و خوێندکار ومامۆستایانی کۆلێژەکەی دەکات.
وەرزین هەموو دووشەمەیەک لە رووداو کاژێر 9:30 پێشکەشدەکرێت.
وەرزین لە پرۆدیوسەری و پێشکەشکردنی رێبوار محەمەد، دەرهێنانی سامان عەدنان و مۆنتاجکردنی مەسعود مستەفا.