لە سەوڵوکانۆوە تا تاقانەکانی دووکان

03 February 2020
لە سەوڵوکانۆوە تا تاقانەکانی دووکان

هەڵکەوتەی جوگرافی شارۆچکەی دووکان و یارمەتیدانی لە دروستبوون و گەشەسەندنی چەندین وەرزشی جیاواز، جیا لەوەش بەسەرکردنەوەی هەموو ئەو وەرزشانەی لە شارۆچکەکەدا هەن، بوونە پێکهێنەری سەرەکی وەرزینی ئەمجارە.
وەرزین لەگەڵ یاریزانانی وەرزشە جیاوازەکانی شارەکەدا لە چەندین مەشق و ئامادەسازیی ئەواندا ئامادەبوو. 
تیپی تۆپی پێی یانەی دووکان کە چەندین ساڵە لە خولی پلە دووی کوردستان یاریدەکات، ئەمساڵ خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکات بۆ خولی پلە یەکی کوردستان سەربکەوێت و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین یاریزانی دیاری شارۆچکەکە کە پێشتر لە یانەکانی دیکەدا یارییان کردووە، ئەمساڵ گەڕاونەتەوە ریزەکانی یانەکە و دەیانەوێ خۆیان بگەیەننە خولی پلە یەک و یانەکە ئێستا لە هەوڵدایە راهێنەرێکی نوێش بۆ تیپەکە دەستنیشان بکات.
یاریزانەکانی دووکان هەندێکیان سەرقاڵی کاری جیاواز و پیشەی جیاوازن جگە لە یاریکردن، یەکێک لەوانە ئەحمەد وەهابی هێرشبەری یانەکەیە کە ماسیگرێکی باشە و لەگەڵ پێشکەشکاری بەرنامەی وەرزیندا دەچێتە راوەماسی.
تیمی سەوڵوکانۆی دووکان تاکە تیمی ئەو وەرزشەیە لە کوردستاندا، چەندین یاریزان لەو تیپەدا مەشقدەکەن، راهێنەری ئەو تیمە دەڵێ ئەگەر پشتگیری بکرێین و هاوکاریمان بکەن دەگەینە ئاستی زۆرباشتر لەوەی ئێستا هەیە.
وەرزین تیپی پایسکلی یانەی دووکان بەسەردەکاتەوە کە تاکە تیپی پایسکلە لە شاری سلێمانیدا لەسەر ئاستی کوڕان تا ئێستا مابێت و لە تیمەکەی دووکاندا کچان و کوڕان مەشقدەکەن.
دووکان هەروەها تیپێکی فوتساڵی کچانی هەیە کە لە خولی پلە نایابی کوردستان یاریدەکات و ئەو تیمە لەلایەن تانیا ئەحمەدەوە مەشقدەدرێت کە تاقانە راهێنەری کچە لە شارۆچکەکەدا.
تانیا ئەمساڵ دووەمساڵە لەگەڵ تیمەکەیدا بەشداری رکابەرییەکانی خولی فوتساڵ دەکات و هاوکات ئەو سەرپەرشتی فێرگەی فوتساڵی کچانی شارۆچکەکەش دەکات کە چەندین یاریزانی تەمەن بچووک هەفتانە سێجار مەشقی تێدا دەکەن.
وەرزین هەموو دووشەمەیەک لە رووداو کاژێر 9:30 پێشکەشدەکرێت.
وەرزین لە پرۆدیوسەری و پێشکەشکردنی رێبوار محەمەد، دەرهێنانی سامان عەدنان و مۆنتاجکردنی مەسعود مستەفا.