لە چەمچەماڵ خەڵک چۆن پشتگیری یانەی شارەکەیان دەکەن؟

06 January 2020
لە چەمچەماڵ خەڵک چۆن پشتگیری یانەی شارەکەیان دەکەن؟

ئاوڕدانەوە و دەستنیشانکردنی کێشە و گرفت و کەموکوڕی و قەرزەکانی یانەی چەمچەماڵ و پەیوەندی خەڵکی چەمچەماڵ لەگەڵ یانەکەیاندا پێکهێنەری تەوەرە سەرەکییەکانی وەرزینی ئەمجارە بوون.

بەرنامەکە مەیدانییانە شاری چەمچەماڵ و یانەی ئەو شارەی بەسەرکردەوە کە ئەمساڵ لە خولی پلە یەکی کوردستاندا یاریدەکات.

هەریم کەلاری راهێنەری یانەی چەمچەماڵ یەکەم کەسە کە پەیوەست بە تیپەکەی و بەخۆی لە وەرزینی ئەمجارەدا قسە دەکات. هەرێم روونیدەکاتەوە مەشقدانی یانەی چەمچەماڵ لە وەرزی رابردوودا کە یەکەم ئەزموونی کارکردنی ئەو بوو، کارێکی سەخت و سەرکێشانە بوو. باسی جیاوازییەکانی هەرێم کەلاری وەک یاریزان و وەک راهێنەر دەکات.

لە چەمچەماڵ بێپارەیی و کەمی هاوکاریی وایکردووە خەڵکی شارەکە خۆیان هاوکاری بۆ یانەکە بکەن، وەرزین ئەو کاسبکار و فرۆشیار و خاوەن دووکانانە بەسەردەکاتەوە کە پشتگیری یانەکە دەکەن لە رووی داراییەوە و هەمووان کاتێک قسە بۆ وەرزین دەکەن دەڵێن ئەوە لەپێناو بەرز راگرتنی ناوی شارەکەیاندایە.

وەرزین هەروەها یەکێک لە دێرینترین یاریزانەکانی تۆپی پێی چەمچەماڵ بەسەردەکاتەوە کە ئێستا سەرقاڵی کاری بەقاڵییە لە عەلوەی شارەکەدا و ئەو باسی یادەوەرییەکانی خۆی دەکات.

لە پارتی دووەمی بەرنامەکەدا، چەندین هاندەری یانەی چەمچەماڵ باس لە پێویستی پشتگیری و دەستگیرۆیی یانەکەیان لەلایەن هەموولایەکەوە دەکەن و هەندێک دەڵێن ئەگەر وەک یانەکانی دیکە پارە لەبەردەستی یانەکەی ئێمەشدابێت، دەتوانین کە خولی نایاب رکابەری بکەین.

لە رۆژانی یاریکردنی چەمچەماڵدا، یاریگەی ئەو یانەیە پڕی هاندەران دەبێت و هاندەرەکان بەچەندین شێوازی جیاواز پشتگیری ماڵی بۆ یانەکەیان کۆدەکەنەوە، ئارامە ریشە یەک لەوانە کە بەسەتڵێکەوە بەنێو هاندەراندا دەگەڕێت و داوای پشتگیری و کۆمەک لە هاندەرانی یانەکە دەکات.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا رێبوار خدری سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ وردەکاری قەرزەکانی سەر یانەکەی دەخاتە روو، باسی ئەوەشدەکات بۆچی ناچاربووە پەنا بۆ فرۆشتنی زێڕەکانی هاوسەرەکەی ببات لەپێناو دابینکردنی پارە بۆ یانەکەدا.

وەرزین هەموو دووشەمەیەک لە رووداو کاژێر 9:30 پێشکەشدەکرێت.

وەرزین لە پرۆدیوسەری و پێشكێشکردنی رێبوار محەمەد، دەرهێنانی سامان عەدنان و مۆنتاجکردنی مەسعود مستەفا