گەڕانەوەی دهۆک بۆ خولی باسکەی عێراق و هەوڵدان بۆ بردنەوەی نازناوەکە

13 January 2020
گەڕانەوەی دهۆک بۆ خولی باسکەی عێراق و هەوڵدان بۆ بردنەوەی نازناوەکە

پاش پێنج ساڵ لە پاشەکشە و دابڕان و دوورکەوتنەوە لە خولی باسکەی عێراق و سەرجەم پاڵەوانیەتییەکانی باسکە، ئەمساڵ باسکەی دهۆک جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ بەشداریکردن لە خولی باسکەی عێراق.

کارگێڕیی یانەی دهۆک، لەسەرەتای ئەمساڵدا بڕیاریدا کۆتایی بەبەشدارینەکردنی خۆی لە خولی باسکەی عێراق بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولەکە.

وەرزین تایبەت بوو بە مەشق و ئامادەسازییەکانی باسکەی یانەی دهۆک کە خۆی بۆ بەشێکی دیکە لە خولی باسکەی عێراق ئامادە دەکات.

وەرزین لە مەشقەکانی تیمەکەدا ئامادە دەبێت و بەشداری چەندین یەکەی مەشقی ئەو یانەیە دەکات. لە بەرنامەکەدا ژمارەیەک یاریزان و راهێنەری یانەکە قسە لەسەر ژیان و پرۆفایلی وەرزشیی خۆیان دەکەن.

خەتاب عومەر راهێنەری باسکەی دهۆک کە یەکێکە لە یاریزانە دێرینەکانی شارەکە، ئەمساڵ سەرپەرشتیکردنی تیمەکەی وەرگرتووە. خەتاب لە بەرنامەکەدا باسی یادەوەرییەکانی یاریکردنی خۆی و سەرەتاکانی دەرکەوتنی وەک یاریزان دەکات، تیمی بەرنامەکە دەباتەوە ناوەندیی کاوە، ئەو ناوەندییەی بۆ یەکەمجار تێێدا دەستی بەیاریکردن کردووە.

خەتاب لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا باس لە ئاستی ئەمساڵی خولەکە و ئاستەنگەکانی بەردەمی یانەکەی دەکات بۆ بوونەوە بە پاڵەوانی پاڵەوانیەتییەکە.

چەند یاریزانێکی تیمەکە باس لە بابەتی جیاواز دەکەن، قوسەی کە ژمارەیەکی زۆری تاتۆی لەسەر جەستەی نەخشاندووە، باس لە ماناکانی تاتۆکان دەکات.

عامر عومەری کاپتنی تیمەکە باس لە ئاستی یانەی دهۆک دەکات لە وەرزی ئەمساڵدا. لە کاتێکدا بەرنامەکە چەند یاریزانێکی نوێی تیمەکەی دوواندووە کە ئەمساڵ یەکەمجارە لەگەڵ یانەکەدا بەشداری لە خولەکەدا دەکەن.

وەرزین بەگرافیک ژمارە و ساڵی نازناوەکانی یانەی دهۆک لە خولەکەدا دەخاتە روو. هەروەها ژمارەکانی تایبەت بە وەرزی ئەمساڵی بەشدارییەکانی یانەکە لە خولەکەدا خرانە روو.

وەرزین هەموو دووشەمەیەک لە رووداو کاژێر 9:30 پێشكەشدەکرێت.
وەرزین لە پرۆدیوسەری و پێشکەشکردنی رێبوار محەمەد، دەرهێنانی سامان عەدنان و مۆنتاجکردنی مەسعود مستەفا.