تەکنیک کایا، هەم وەرزشە و هەم مەشقە بۆ وەرزشێکی جیاوازتر

27 January 2020
تەکنیک کایا، هەم وەرزشە و هەم مەشقە بۆ وەرزشێکی جیاوازتر

وەرزینی ئەمجارە بەشێکی دیکەی زنجیرەکانی وەرزینە لە شاری وانی باکووری کوردستانەوە.

بەرنامەکە ئەمجارە هەڵوەستە و خستنەڕووی دوو وەرزشی جیاواز پێشاندەدات. پارتی یەکەمی بەرنامەکە تایبەتە بە بەلەمەوانی و پێشبڕكێ و یارییە ئاوییەکان، بەشی دووەمی بەرنامەکەش تایبەتە بە تەکنیک کایا، ئەو وەرزشەی هەم خۆی وەرزشێکی سەربەخۆیە، هەم مەشقە بۆ وەرزشێکی جیاوازتر.

دەریاچەی مەزنی وان بووەتە سەرچاوە و هۆکار بۆ گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی یارییە ئاوییەکان، ئەو یارییانەی لە نێو دەریاچەکەدا دەکرێن سەرنجی لاوانی شارەکەیان راکێشاوە کە بەژمارەی زۆر هەوڵی گەشەپێدانی تواناکانی خۆیان دەدەن لە یارییەکانی وەک بەلەمی کایا، سەوڵلیدان، پێشبڕکێکانی بەلەمەوانی و یەڵکەن.

راهێنەران و سەرۆکی یانەی وەرزشە ئاوییەکان لە وان قسە لە بەرنامەکەدا دەکەن و ئاستی یاریزانەکانیان و جۆری مەشقەکان رووندەکەنەوە.

لە پارتی دووەمدا وەرزین هەڵوەستە لەسەر تەکنیک کایا دەکات، ئەو یارییەی هەم بۆخۆی وەرزشێکی سەربەخۆیە، هەم مەشق و بنەمای خلیسکانی سەر بەفرە بەهەموو بەشەکانییەوە.

لە تەکنیک کایادا وەرزشوانان لەسەر سکۆتەرێکی تایبەت مەشقدەکەن کە فێری هاوسەنگی بەدەستهێنان و خۆگونجاندنیان دەکات لەگەڵ هەموو رێڕەوە جیاوازەکانی خلیسکانی سەر بەفردا.

راهێنەران و یاریزانانی ئەو وەرزشە باس لە شێوازی مەشقەکانی یارییەکەیان دەکەن و خەونەکانی خۆیان لە ئاستی ئەو وەرزشەدا رووندەکەنەوە.

وەرزین هەموو دووشەمەیەک لە رووداو کاژێر 9:30 پێشکەشدەکرێت.

وەرزین لە پرۆدیوسەری و پێشکەشکردنی رێبوار محەمەد، دەرهێنانی سامان عەدنان و مۆنتاجکردنی مەسعود مستەفا.