یەکەم دەنگ فاتیمە و زەهرا - بەغدا

یەکەم دەنگ  فاتیمە و زەهرا - بەغدا
فاتیمە و زەهرا، دوو خوێندکاری زانکۆی مستەنسریەی بەغدان و بۆ یەکەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن. ئەوان وەک دوو گەنجی عێراقی، نیگەرانییەکانیان لەبارەی نەبوونی هەلی کار و کەمیی خزمەتگوزاری دەخەنەڕوو و دەڵێن، دەنگ بە بەربژێرێکی دەستپاک و بەتوانا دەدەن کە بەرنامەیەکی خزمەتگوزاریی هەبێت و کار بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی بکات.

لە بەرنامەی "یەکەم دەنگ"ی رووداودا، فاتیمە و زەهرا، باسیان لەوە کرد کە گەورەترین کێشەی بەردەم گەنجی عێراقی دوای تەواوکردنی خوێندن، نەبوونی هەلی دامەزراندنە.

فاتیمە، دەڵێت، "هەموو گەنجێکی عێراقی هەلی دامەزراندنی کەمە لەدوای دەرچوون. بۆئەوەی ئەو 4 ساڵە [خوێندن] بە فیڕۆ نەڕوات، دەبێت هەلی دامەزراندنی دەستبکەوێت کە لە رێگەیەوە داهاتووی خۆی دابمەزرێنێت."

زەهرا، هاوڕایە لەگەڵ فاتیمە و ئاماژە بەوە دەکات کە جگە لە هەلی کار، گەنجان دەیانەوێت کەرتی پەروەردە و تەندروستی پەرەیان پێبدرێت و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکێش بکرێت.

سەبارەت بەو بەربژێرەی دەنگی پێدەدەن، هەریەکەیان دیدی جیاوازی هەیە. زەهرا، حەز دەکات کەسایەتییەکی یاسایی هەڵبژێرێت "بۆ ئەوەی یاسا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکات و هەلی باشتر بۆ گەنجان بڕەخسێنێت." ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت بەربژێرەکە بناسێت و لە باشییەکەی دڵنیا بێت.

بەڵام بۆ فاتیمە، "گرنگ نییە نە ناوی و نە سەر بە چ لایەنێکە، ئەوەندەی سیڤی و بەرنامە خزمەتگوزارییەکەی بەلامەوە گرنگە." فاتیمە، دەڵێت، دەبێت بەربژێر کەسایەتییەکی "دەستپاک و بەتوانا" بێت و بەرنامەیەکی ئامانجداری هەبێت، چونکە "ئێمە گەلێکین خزمەتگوزاریمان زۆر کەمە."

هەردووکیان گومانیان لە بەڵێنی بەربژێرەکان هەیە. فاتیمە، پێی وایە، "تەنیا قسە و بەڵێنەکان گرنگ نین، بەڵکو جێبەجێکردنی ئەو قسانە گرنگە،" بۆیە دەبێت سەیری کارەکانی رابردووی بەربژێر بکرێت.

فاتیمە و زەهرا، دان بەوەدا دەنێن کە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان بەهۆی نائومێدییەوە بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن. زەهرا، دەڵێت، "دەڵێن ئێمە هەموو ساڵێک دەنگ دەدەین و هیچ گۆڕانکارییەک روونادات."

لەگەڵ ئەوەشدا، فاتیمە، ئەو بیرکردنەوەیە بە "زۆر هەڵە" دەزانێت و دەڵێت، "بێگومان دەنگی ئەوانە کە گۆڕانکاری دەکات، دەنگی ئەوانە رووخساری نوێمان بۆ دەهێنێت." بەڵام ئەو هۆکاری بێهیوابوونی گەنجان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە "دوای هەڵبژاردن هیچ شتێک روونادات."

کاتێک پرسیاریان لێکرا حەز دەکەن یەکەم کاری پەرلەمانتاری داهاتوو چی بێت، زەهرا، راستەوخۆ وتی، "کەمکردنەوەی گەندەڵی، چونکە گەندەڵی زۆرە."

بەڵام فاتیمە، داوای کرد "یاساکان بەسەر هەموو کەسێکدا جێبەجێ بکرێن." ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک کەس بەهۆی پلەوپایە یان ناسیاوییەوە خۆیان لە یاسا دەدزنەوە.

یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە بۆ هەردووکیان گرنگ بوو، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی بوو. فاتیمە، یاساکەی بە "ستەمێکی گەورە دژی ژنان" ناوبرد و وتی، "سادەترین شت ئێستا، ئەگەر [ژنێک] تەڵاق بدرێت، منداڵەکانی لێ دەسێنرێتەوە و هیچ شتێکی بۆ نامێنێتەوە." زەهرا، پشتیوانیی لێکرد و  گوتی، "هەموو شتێکی ئەو یاسایە ستەمە دژی ژن."

هەردوو گەنجەکە جەختیان لەوە کردەوە کە لەناو خێزانەکانیاندا ئازادیی تەواویان هەیە بۆ هەڵبژاردنی بەربژێری دڵخوازی خۆیان.

خێزانەکەی فاتیمە، هانی دەدەن بەشداری بکات و بەپێی ئامۆژگاریی باوکی کۆچکردووی، کەسێک هەڵبژێرێت کە "بەڕاستی شتێک بکات" بۆ گشتی، نەک بۆ بەرژەوەندیی شەخسی.

لە کۆتاییدا، پەیامیان ئاراستەی بەربژێرانی داهاتوو کرد. فاتیمە، هیوای خواست "دەنگمان بەبێ هۆکار نەڕوات" و داوای کرد کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ گەنجان بکرێت.

زەهرا، وتی، "هیوادارم کەسی راست هەڵبژێرم و لە ئاستی متمانە و بەرپرسیارێتیدا بێت و هەلی باشتر بۆ گەنجان بڕەخسێنێت، چونکە گەنجان داهاتووی عێراقن. گرنگی بە گەنجان بدەن."