یەکەم دەنگ - محەممەد وەنداوی

یەکەم دەنگ - محەممەد وەنداوی

محەممەد وەنداوی، گەنجێکی تورکمانی تەمەن 20 ساڵانە و دانیشتووی رەسەنی شاری کەرکووکە، ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە مافی دەنگدانی هەیە و بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات. ئەو لە بازاڕی قەیسەریی کەرکووکەوە پەیام و داواکارییەکانی خۆی و گەنجانی پێکهاتەکەی دەخاتەڕوو و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کەرکووک پێویستی بە "هاوبەشی راستەقینە" و "هاوسەنگی" هەیە.

محەممەد وەنداوی، باسی لەوە کرد کە گەنجانی تورکمان پێویستیان بە کەسێکە دەنگیان بگەیەنێتە ناوەندەکانی دەوڵەت. وەنداوی، گوتی: "وزەی گەنجان لە عێراق گرنگترین شتە، ئەگەر وەبەرهێنان لە وزەی گەنجاندا بکەین، وەک ئەوە وایە وەبەرهێنانمان لە هەموو عێراقدا کردبێت."

ئەو گەنجە تورکمانە، پێی وایە تورکمان لە ئیدارەی خۆجێیی کەرکووکدا پەراوێزخراوە و داوای نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە دەکات کە لە خزمەتی پێکەوەژیانی شارەکەدا بێت. محەممەد وەنداوی، ئاماژەی بەوە کرد: "تورکمان بە گشتی پێویستییان بە کەسێکە کە نوێنەرایەتییان بکات لە ئیدارەی خۆجێییدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، نەک لایەنگیرانە، چونکە ئەمە کاریگەریی لەسەر شاری کەرکووک و ئاشتی و پێکەوەژیانی شارەکە هەیە."

وەنداوی، رەخنەی لە شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان گرت و رایگەیاند کە هیچ پۆستێکی سیادییان لە کەرکووک بەرنەکەوتووە و ئەمەش هۆکاری بەشدارینەکردنیان بووە لە ئیدارەی ئێستا ئەو گوتی: "پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەڕاستی پۆستی سیادین و مافی هەموو نەتەوەیەکە داوایان بکات."

لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، محەممەد وەنداوی، پەیامێکی ئاراستەی هەموو بەربژێرانی کەرکووک کرد و گوتی: "نوێنەرە بەڕێزەکانمان، سەرەتا دەبێ بایەخ بە گەنجان بدەن. گرنگە گوێگری باش بن ئینجا قسەکەری باش. هێندە بایەخ بە بەڵێندان مەدەن، باشتر وایە کار بکەن، چونکە کارەکانتان دەبێتە بەڵێن. ئەم قسەیەم تەنیا بۆ بەربژێرانی تورکمان نییە، بەڵکو رووی دەمم لە هەموو پێکهاتەکانی دیکەشە."