یەکەم دەنگ - موئەمەل عەلی-نەجەف
موئەمەل عەلی نوعمان، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵیی خەڵکی نەجەفە و بۆ یەکەمجارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ دەدات. ئەو قوتابیی پۆلی شەشی زانستییە، دیدێکی روونی لەبارەی پێویستییەکانی گەنجان و تایبەتمەندییەکانی ئەو نوێنەرەوە هەیە کە دەبێت لە پەرلەمان نوێنەرایەتییان بکات.
موئەمەل، میوانی بەرنامەی یەکەم دەنگ بوو رایگەیاند، "گەنجانی نەجەف پێویستییان بە کەسێکە لەنێو پەرلەمان نوێنەرایەتییان بکات، بۆ دابینکردنی هەلی کار، بۆ مافەکانیان، بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە." هەرچەندە ئەو پێیوایە هەلی کار لە نەجەف "باشە" و گەنجێک بەدوای کاردا بگەڕێت "بە ئاسانی دەستی دەکەوێت."
بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر، موئەمەل پێوەرەکانی خۆی هەیە و دەڵێت، گرنگە بەربژێر خاوەن "شارەزایی سیاسی و دەستپاکیی پێشوو" بێت، هەروەها خاوەن بڕوانامە و بەرنامەیەکی هەڵبژاردنی سەرکەوتوو بێت. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی سەرەکیی پەرلەمانتار دەرکردنی یاسایە نەک پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری.
موئەمەل، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەرکی بەربژێری ئەنجوومەنی نوێنەران خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو دەرکردنی ئەو یاسایانەیە کە لە ساڵانی داهاتوودا نوێنەرایەتیی دەوڵەت دەکەن." ئەو پێیوایە، دەبێت پەرلەمانتاران کار لەسەر دەرکردنی یاسایەک بکەن کە "ئاسانکاریی دارایی" بۆ گەنجان بکات تاوەکو بتوانن یەکەی نیشتەجێبوون بەدەستبهێنن.
ئەو دەنگدەرە گەنجە، هۆشیاریی خۆی لەبارەی جیاوازیی نێوان بەربژێرەکان نیشاندا و گوتی، "ئێمە دەزانین کێ رابردووی سیاسیی هەیە، کێ عەشیرەتەکەی دەردەخات، کێ کەسوکار و خەڵکی خۆی دەردەخات. لە رێگەی ئەمەوە دەزانین کە ئەمە کەسی راستە."
لەبارەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، موئەمەل ئاواتەخوازە دوو دیاردە لە نەجەف بگۆڕدرێن: "یەکەم، کەمکردنەوەی کێشە و پێکدادانە عەشایەرییەکان. دووەم، گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنی تەڵاقدراو، چونکە مەرج نییە هەمیشە ئەو هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی خێزان بێت."
لە کۆتاییدا، موئەمەل پەیامێکی ئاراستەی بەربژێرەکان و پەرلەمانی داهاتوو کرد و گوتی، "ئێمە دەمانەوێت بەڵێن و کرداری بەرجەستە ببینین. دەمانەوێت دەستپاکی و شەفافیەت هەبێت. ئەگەر لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا شکستهێنانتان هێنا، هەرگیز دەنگتان پێنادەینەوە."
بهشی بكه لە