یەکەم دەنگ - کەرار

یەکەم دەنگ - کەرار
کەرار شەریف، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵە و خەڵکی بەسرەیە، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانی هەیە و چاوی لەوەیە دەنگ بە بەربژێرێک بدات کە خزمەتی گەنجان و وەرزش بکات. هاوکات، خەونی گەورەی ئەوەیە ڕۆژێک درێسی هەڵبژاردەی عێراق بپۆشێت و لە یاریگە نێودەوڵەتییەکاندا یاری بکات.

کەرار شەریف، لە دامەزراوەی "عەتار"ـەوە دەستی بە کاری وەرزشی کردووە و بەهۆی پابەندبوونی بە خشتەیەکی ڕێکوپێکەوە، توانیویەتی لە بواری تۆپی پێدا پێشبکەوێت. ئەو باسی لەوە کرد کە ژیانی ڕۆژانەی بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت. کەرار، کە پێشتر لە پۆلی سێی ناوەندی وازی لە خوێندن هێنابوو، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ خوێندن، چونکە بۆی دەرکەوتووە "خوێندن و تۆپی پێ پێکەوە لە ژیاندا پێویستن."

بە گوتەی خۆی، خەونی کەرار، نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراقە و یاریزانان ئیبراهیم بایش و ئەیمەن حوسێن بە پێشەنگی خۆی دەزانێت.

سەبارەت بە هەڵبژاردن، کەرار، بە پەرۆشەوە خۆی بۆ یەکەم ئەزموونی دەنگدان ئامادە دەکات و گوتی، "هەستێکی خۆشە کە یەکەمجارە لە تەمەنی 18 ساڵیدا دەنگ دەدەم و دەمەوێت دەنگم بدەمە ئەو کەسەی شایستەیە."

کەرار شەریف، پێی وایە دەنگی گەنجان لە هەڵبژاردندا زۆر گرنگە و دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات. ئەو گوتی، "ئێمە دەتوانین بەربژێرەکان بگەینینە پەرلەمان یان لە بوون بە پەرلەمانتار دووریان بخەینەوە. ئەگەر دەنگمان نەبیسترایە، ئێستا ئەم یاریگایانە نەدەبوون." ناوبراو، پێشکەوتنەکانی بەسرە و دروستکردنی کۆمەڵگە وەرزشییەکان بە بەڵگەی بیستنی دەنگی گەنجان دەزانێت.

لەبارەی میکانیزمی هەڵبژاردنی بەربژێری شیاو، کەرار، ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ هاوڕێکانیدا سەیری سیڤی و ڕابردووی بەربژێرەکان دەکەن تاوەکو بزانن کامیان "ڕاستگۆیە و گوێ لە داواکاریی گەنجان دەگرێت."

لەناو خێزانەکەیدا، هەرچەندە ئازادیی دەنگدان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەرار تاکە وەرزشکارە، زۆرجار ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی پاڵپشتیی بڕیارەکەی دەکەن. کەرار، لەمبارەیەوە گوتی، "دایکم و باوکم و خێزانەکەم هیچیان لە وەرزشدا نین، بەڵام لەبەر خاتری من ئەو کەسە هەڵدەبژێرن کە من هەڵیدەبژێرم، چونکە من بەدوای بەربژێرێکدا دەگەڕێم کە خزمەتی گەنجان و وەرزش بکات."

پەیامی کەرار شەریف، بۆ ئەو بەربژێرەی کە دەنگی پێدەدات ئەوەیە، "ببێتە پاڵپشتی وەرزشکاران. زۆر گەنجی دیکەی وەک من هەن لەسەر شەقامەکانن، پێویستە پاڵپشتییان بکرێت و بگەیێندرێنە ئەو شوێنەی ئاواتی بۆ دەخوازن." داواکاریی سەرەکیی ئەو، دابینکردنی یاریگایە بۆ گەنجان تاوەکو بتوانن بەهرەکانیان نیشان بدەن و بگەنە ئاستی جیهانی.