یەکەم دەنگ - نەسر سائر فەلووجە
نەسر سائر، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵیی خەڵکی فەللوجەیە و بۆ یەکەمجار بەشداریی هەڵبژاردن دەکات، ئەو دەڵێت، گەنجان پێویستە دەنگ بە کەسێک بدەن کە خاوەن ئەزموون بێت و پێشتر کاری کردبێت، نەک رووخسارێکی نوێ.
نەسر سائر، لە بەرنامەی "یەکەم دەنگ"ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "من قوتابیی قۆناخی سێیەمم، لە زانکۆی مەعاریف لە کۆلێژی ئەندازیاریی تەکنیکیی کۆمپیوتەر ئەندازیاری دەخوێنم." نەسر لە منداڵییەوە حەزی لە ئەندازیاری و کۆمپیوتەر بووە و ئاواتەخوازە لە داهاتوودا ئامێری نوێ و داهێنەرانە دروست بکات کە لە بوارەکانی پزیشکی و زانستدا یارمەتیدەر بن.
سەبارەت بە هەلی کار لە ئەنبار و بەتایبەتی لە فەللوجە، نەسر، گوتی، "هەلی کار لێرە زۆر باشە، کار لە هەموو شوێنێک هەیە و رێژەی بێکاری لێرە لە ئەنبار زۆر کەمە." بە گوتەی ئەو، هەر گەنجێکی فەللوجە بەدوای کاردا بگەڕێت، بە ئاسانی دەستی دەکەوێت. ئەو هەروەها پێیوابوو کە گەنجانی فەللوجە لە رووی وەرزش و خوێندنەوە هەموو شتێکیان هەیە و پێویستییان بە هیچ نییە.
ئەو گەنجەی فەللوجە، کە بۆ یەکەمجارە مافی دەنگدانی هەیە، بە باسی ئەزموونە نوێیەکەی کرد و گوتی، "زۆر بە پەرۆشم! ئەزموونێکی نوێ و جوانە کە ئەو کەسە هەڵبژێریت کە نوێنەرایەتیی تۆ و گەل دەکات."
نەسر، لەبارەی پێوەری هەڵبژاردنی بەربژێرەوە روونیکردەوە کە دەنگ بە کەسێک دەدات کە مێژوویەکی باشی هەیە و دەزانێت چی بۆ خەڵک کردووە. ئەو گوتی، "گەنجان جیاوازتر لە بەتەمەنەکان سەیری شتەکان دەکەن. بیرکردنەوەی باوکم کۆنە، بەدوای شتی کۆندا دەگەڕێت، بەڵام ئێمەی گەنجان بەدوای پێشکەوتندا دەگەڕێین." سەرەڕای ئەم جیاوازییە، نەسر جەختی لەوە کردەوە کە لە فەللوجە ئازادیی تەواو هەیە لە هەڵبژاردنی بەربژێر و هەڵبژاردنی باوکی کاریگەریی لەسەر بڕیاری ئەو نابێت.
نەسر سائر، گوتی "نامانەوێت هەمان ئەو رووخسارانە دووبارە ببنەوە کە باوباپیرانمان هەڵیان دەبژاردن،" بەڵام لە هەمان کاتدا پێی باشە کەسێک هەڵبژێردرێت کە پێشتر پەرلەمانتار بووە و کارەکانی بینراون. ئەو دژی بایکۆتی هەڵبژاردنە و دەڵێت "ئەگەر دەنگ نەدەین و کەس هەڵنەبژێرین، ئەوە لە هەمان بارودۆخ دەمێنینەوە."
ئەو گەنجە ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەیەکی کەم پێش ئێستا سەردانی هەولێری کردووە و سەرسام بووە بە پڕۆژە گەشتیارییەکانی، بەتایبەتی شاری یاریی ئاوی و هیوای خواست پڕۆژەی هاوشێوە لە فەللوجە دروست بکرێت و سوود لە رووباری فورات وەربگیرێت.
لە کۆتاییدا، پەیامی نەسر سائر بۆ ئەو بەربژێرەی دەنگی پێدەدات و بۆ پەرلەمانی داهاتوو ئەوەبوو، "ئێمە متمانەمان پێکردن، لە ئاستی ئەو متمانەیەدا بن. هیوادارین سەیری لایەنی گەشتیاری و وەرزشیی پارێزگاکە بکەن و پەرەی پێبدەن."
بهشی بكه لە