گەنجێکی بەغدایی مەرجی بۆ دەنگدان هەیە

گەنجێکی بەغدایی مەرجی بۆ دەنگدان هەیە
یەکەم دەنگ
گەنجێکی بەغدایی مەرجی بۆ دەنگدان هەیە

لەم بەرنامەیەی یەکەم دەنگ، نازەنین گۆران گفتوگۆ لەگەڵ گەنجێکی بەغدایی بە ناوی باقر ناسر دەکات، کە بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات.
باقر ناسر، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵە و دانیشتووی ناوچەی شەعبی بەغدایە. ئەو لە هەمان کاتدا قوتابی پۆلی 12ـی زانستییە و وەکو شۆفێر کاری گەیاندنی کاڵا بۆ پارێزگەکان دەکات. باقر، هیواخوازە لە داهاتوودا ببێتە پارێزەر.
سەبارەت بە هەلی کار لە بەغدا، باقر، پێیوایە کە کار زۆرە و رەخنە لەو گەنجانە دەگرێت کە دەڵێن کار نییە و بە "درۆزن" ناویان دەبات. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە خۆی زیاتر لە 20 کاری جیاوازی کردووە و ئامۆژگاری گەنجان دەکات کە لە تەمەنێکی زووەوە دەست بە کارکردن بکەن بۆ ئەوەی داهاتووی خۆیان بنیات بنێن.
لەگەڵ ئەوەشدا، باقر، داهاتووی خۆی لە عێراقدا نابینێت و هیوای بە پێشکەوتنی وڵاتەکە نییە. ئەو روونی دەکاتەوە کە هەرچەندە کاری ئازاد بەردەستە، بەڵام نەبوونی دامەزراندنی حکومی و زەحمەتیی گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی ژیان، وەکو کڕینی ئۆتۆمبێلێک، وای لێدەکات هەست بە نائومێدی بکات.
باقر هێشتا هیچ بەربژێرێکی دیاری نەکردووە. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەنگ بە کەسێک دەدات کە خاوەنی بڕوانامە بێت و پێشینەیەکی لە خزمەتکردنی وڵات و گەنجاندا هەبێت. ئەو دەڵێت ئەگەر بەربژێرێکی شیاو نەدۆزێتەوە، ئەوا بەشداریی دەنگدان ناکات. هەروەها ئاشکرای دەکات کە دیاردەی کڕین و فرۆشتنی دەنگ لەنێو هاوڕێکانیدا باوە و یەکێک لە هاوڕێکانی کارتی دەنگدانی خۆی و خێزانەکەی فرۆشتووە.
لە کۆتاییدا، پەیامی باقر ناسر، بۆ ئەو بەربژێرەی کە هەڵیدەبژێرێت ئەوەیە کە دەبێت متمانەی دەنگدەران بەجێبهێنێت و کار بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری، دامەزراندنی گەنجان و بووژاندنەوەی کارگەکان بکات.