چاندنی نەمام لە دەورووبەری تاران

چاندنی نەمام لە دەورووبەری تاران

تارانی پایتەختی ئێران کە زیاتر لە 12 ملیۆن کەس تێیدا دەژین و لەم چەند ساڵەی دواییدا ژینگەی ئەو شارە پیسبووە و گەیشتووتە هێڵی سوور، بۆیە کار بۆ ئەوە دەکرێت ئەو مەترسییە ژینگەییە لەسەر ئەو شارە کەمبکرێتەوە.

ئێستا لە دەورووبەری تاران لەسەر رووبەری 50 هێکتار زەوی، 13 هەزار نەمام دەروێندرێن و تۆڕی ئاوی بۆ راکێشراوە.

واحید ئازردە کە خەڵکی مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە و وەک ئەندازیارێک لەو پڕۆژەیەدا کاردەکات، ڤیدیۆی و زانیاری لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

تاران پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە و بە تەنیا ١ لە ٦ـی گەلی ئەم وڵاتەی لە خۆگرتووە، هەروەها 24مین شاری جیھانە بە پێی ژمارەی دانیشتووان و رووبەرەکەی 751 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، زۆرینەی خەڵکی تاران فارسن و کورد و ئازەری و چەند نەوەیەکی دیکە تێیدا دەژین و ژمارەی دانیشتوانی 12 ملیۆن و 200 هەزار کەسە.



گواستنەوەی مەڕوماڵات لەرێگەی دەریاچەی دەربەندیخان و زێی سیروان

بەشێک لە خاوەن مەڕوماڵاتەکان دەریاچەی دەربەندیخان و زێی سیروان لە باشووری کوردستان بۆ گواستنەوەی مەڕوماڵاتەکانیان بەکاردێنن.

کارۆخ قادر گەنجێکی قەزای دەربەندیخانی پارێزگای سلێمانییە و بەردەوام وێنە و ڤیدیۆی دیمەنی جوان و سەرنجراکێش لە شوێنە جیا جیاکان تۆمار دەکات و بۆ رووداوی تۆیان دەنێرێت، ئەمجارەش ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە ناردووە.

کارۆخ قادر بە رووداوی راگەیاند، بەشێک لە خاوەن مەڕوماڵاتەکان لە گوندەکانی سەر دەریاچەی دەربەندیخان و زێی گەورە، لەرێگەی ئەو دەریاچە و زێیە، مەڕوماڵاتیان بۆ فرۆشتن دەگوازنەوە.

سەبارەت بە دەریاچەی دەربەندیخان (60) کیلۆمەتر لە باشووری خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی دوورە، دیمەنی دڵڕفێنی دەریاچە و رووبارەكە ناوچەكەی كردووەتە شوێنێكی گەشتیاری.



لە بۆتان ژمارەیەک ژن لە کاتی ئامادەکردنی گیای بەهاری گۆرانی دەڵێن

هەرکاتێک ڤیدیۆیەکی سەرنجڕاکێش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبکرێتەوە، بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووبارە بڵاوی دەکەنەوە و دەنگدانەوەی زۆری دەبێت.

لە ڤیدیۆکەدا ژمارەیەک ژن لە بۆتانی باکووری کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی گیای بەهارینە کە لە باکووری کوردستان بە سوریاز دەناسرێت و بە دەم ئەو کارە، پێکەوە گۆرانی دەڵێن.

ئەو ڤیدیۆیە لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە باکووری کوردستان و بە تایبەت لە تویتەر بەشێوەیەکی بەربڵاو بڵاوکراوەتەوە.

لەگەل دەستپێکردنی بەهار چەندین گیا و رووەکی بەهاری لە شاخ و دەشتەکانی کوردستان دەڕوێن و بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان وەک ژەمێکی تەندروست ئامادەی دەکەن و دەیخۆن.

گۆرانییەکەی ئەو خانمانە دەیڵێن بەم شێوەییە "کەچکێ دینێ تولازێ، مەشیا تە مەشیا قازێ"، با پێکەوە گۆرانییەکە ببیستین و دیمەنەکان ببینین.



ژمارەیەک گەنج کار بۆ ناساندنی گۆمی هەرزن لە شارباژێڕ دەکەن

گۆمی هەرزن یاخود گۆمە هەرزن، یەکێک لە شوێنە جوان دڵڕفێنەکانی کوردستانە و کەمتر وێنە و ڤیدیۆی بڵاوکراونەتەوە، بۆیە گرووپێک سەردانی ئەو شوێنەی کردووە و هەوڵی ناساندنی ئەو شوێنە دەدات.

دیلان قادری سەردانی ئەو شوێنەی کردووە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە ئومێد حوسێن وێنەیگرتووە و دەڵێت، ئەو لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی هەولێر هەفتانە گەشتێک بۆ نێو سرووشت دەکەن، هەرجارەو بۆ شار و ناوچەیەک و ئەمجارە سەردانی گۆمی هەرزنیان کردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جگە لە چێژوەرگرتن لە سرووشت و ناساندنی لەرێگەی چەند وێنە و ڤیدیۆیەک و بڵاوکردنەوەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا، کار بۆ پاراستنی ژینگەش دەکەن و پاشماوەی گەشتیاران لەو شوێنانە کۆدەکەنەوە کە سەردانی دەکەن.

ئەو کۆمەڵە گەنجە هەژمارێکی تایبەتیان لە ئینستگرام هەیە و ڤیدیۆی گەشتەکانیان و سرووشتی کوردستان بڵاودەکەنەوە.

لە ڤیدیۆکەدا دیارە کە بە فلای کام وێنەگیراوە، جگە لە وێنەگرتنی دیمەنی گۆمی هەرزن، دوو کورسیان لە بەرامبەر گۆمەکە داناوە و سەیری جوانی سرووشت دەکەن.

گۆمی هەرزن دەکەوێتە سنووری گوندی مالومە لە ناحیەی گاپیڵۆنی قەزای شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی.

مالومە لە باکوور لەگەڵ گوندی گەورەدێ، لە باشوور لەگەڵ گوندی چۆخماخ، لە رۆژهەڵات لەگەڵ گوندی گەڕەدێ و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی یاخسەمەر هاوسنوورە.



بڕینەوەی رەز لە گوندی سێماڵە

رەزڤانان لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهار یاخود لە دەستپێکی وەرزی بەهاردا رزەکانیان دەبڕنەوە کە بریتییە لە بڕینی لقی بەشێک لە دار مێوەکان، بۆ ئەوەی رەزەکانیان بەرهەمی باشتری هەبێت.

لە گوندی سێماڵە سەر بە ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن، رەزڤانێک بەناوی حامید حەمەساڵح سەرقاڵی بڕینەوەی رەزەکەیەتی و بە تەنیا ئەم کارە دەکات، لە کاتێکدا لە زۆربەی گوندەکانی کوردستان ئەو جۆرە کارە بە هەرەوەزی دەکرێت، چونکە کارێکی سەختە، بەتایبەت ئەگەر بێت و رەزەکە گەورە بێت.

پشتیوان حەمەساڵح کە بەردەوام ڤیدیۆ بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە ناردووە، تێیدا دیارە کە ئەو رەزڤانە بەشێک لە لقی دار مێوەکانی دەبڕێتەوە، بۆ ئەوەی بۆ ئەمساڵ بەرهەمێکی باش و زۆری ترێی هەبێت.

گوندی سێماڵە دەکەوێتە ناحیەی ناڵپارێز سەر بە قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، خەڵکی ئەو گوندە زیاتر بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی سەرقاڵن و باخی گوێز و ترێی زۆرە.

ناحیەی ناڵپارێز لە باکوور لەگەڵ گوندی ھەرزەڵە، لە باشوور لەگەڵ گوندی گوڵانی سەروو، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی یاساماڵ و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی گوڵانی خواروو ھاوسنوورە.


رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
رۆژانە کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.