گەشتێک بۆ کوێستانی حەساری سەکران

01 June 2021
گەشتێک بۆ کوێستانی حەساری سەکران
سەردانی هاونیشتمانییان بۆ دەشتی وەزنێ

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هاونیشتمانییان روو لە کوێستانەکان دەکەن، چونکە هێشتا کەشێکی بەهاری هەیە و پلەکانی گەرما زۆر بەرزنەبوونەتەوە.
هاونیشتمانییەک بەناوی فەردین شکاری ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە هاونیشتمانییان بە مەبەستی سەیران و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، روویان لە دەشتی وەزنێ کردووە.
جگە لە سەیران، رەوەندەکانیش بەمەبەستی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتیان روو لەو شوێنە دەکەن و بۆ ماوەیەک لەوێ دەمێننەوە، چونکە ئاو و سەوازییەکی زۆر بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵات لەو دەشتە هەیە و لە دوای دۆشینی مەڕ و بزنەکان، ماست و پەنیر دروست دەکەن.
وەزنێ  دەشتاییەکانی رۆژئاوای میراوەی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە، گوندەکانی ئاڵوەتان، ساوان، داوداوە و دۆڵەوتوو لەخۆ دەگرێت.
ئەو دەشتە ساڵانە بەھۆی کەش و ھەوای خۆشی خەڵکانێکی زۆر بۆ سەیران رووی تێ دەکەن، بەڵام بەھۆی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران ژمارەیەکی زۆر مینی لێیە و ساڵانە چەند کەسێک بەهۆیەوە دەبنە قوربانی.
میراوە یەکێک لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانە، لە باشووری گۆلی ورمێ ھەڵکەوتووە.

بەشێک لە پووش و پاوانی گوندی کونەماسی سووتا

زۆرجار بەهۆی کەمتەرخەمی و هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژینگە، زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیێندرێت، بەتایبەتیش لە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا.
کۆسار عەبدوڵڵا یوتیوبەرێکی کوردە و زۆربەی ڤیدیۆکانی لەبارەی ماتۆڕسیکل و گەشتکردنە، ئەمجار ڤیدیۆیەکی جیاوازی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە لەبارەی ئاگرکەوتنەوەیە لە پووش و پاوانی گوندی کونەماسی.
کۆسار عەبدوڵڵا بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی سووتاندنی وایەر لەلایەن چەند کەسێکەوە کە دواتر لە کۆنترۆڵ دەرچوو، ئەو کەسانە رایانکرد، ئەوانیش بەشێکی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد و پەیوەندییان به لایەنی پەیوەندیدار کرد.
کونەماسی گوندێکە کەوتووەتە ناحیەی گاپیڵۆنی سەر بە قەزای شارباژێڕی پارێزگای سلێمانی، لە باکوور لەگەڵ گوندی دۆڵبێشکی شێخان، لە باشوور لەگەڵ گوندی کارێزە، لە رۆژهەڵات لەگەڵ گوندی بەردەشینی خواروو و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی باڵخ هاوسنوورە.

سەردانی هاونیشتمانییان بۆ کوێستانی حەساری سەکران

لە باشووری کوردستان کاتێک پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، بەشێک لە هاونیشتمانییان روودەکەنە کوێستانەکان، بەتایبەتیش کوێستانەکانی سنووری قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر کە تاوەکو هاوین بەفریان لێدەمێنێتەوە.
خورشید چۆمانی لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیان چوونەتە کوێستانی حەساری سەکران کە سرووشتێکی جوان و دڵرفێنی هەیە و ڤیدیۆیەکی لەبارەی گەشتەکە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
لە گەشتەکەدا کەوێکیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و بە ئازادی لە نێو ئەو سرووشتەدا هاتووچۆ دەکات، بەڵام ئەویش پێدەچێت بە مانەوە لەلای ئەوان دڵخۆشە، ئەگەر نا لە نێو ئەو کوێستانە جوانە بۆچی جێیان ناهێڵێت و بڕاوت.
خورشید چۆمانی دەڵێت "لە رێگەی رووداوی تۆ داوا دەکەم ئەو کەسانەی سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، کەسی شارەزا لەگەڵ خۆیاندا ببەن، چونکە چەند شوێنێک لەو کوێستانە مینڕێژکراوە و مەترسیدارە".
کوێستانی حەساری سەکران دەکەوێتە چیای حەساری سەکران لە باکووری قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر، چەندین تاڤگە و کانیاوی هەیە و لە وەرزی بەهاردا چەندین جۆری گیا و رووەکی خۆڕسکی تێدا دەڕوێت، بەتایبەتیش رێواس و قارچک.
بەشێک لە هاونیشتمانییان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی ئەو کوێستانە دەکەن، بەشێکیشیان بۆ کۆکردنەوەی گیا و رووەکی بەهاری سەردانی دەکەن.

لە دانیمارک رۆنی زەیتی خەرتەلە بەرهەمدەهێندرێت

ئەو رۆنی زەیتەی رۆژانە لە ژەمە خواردنەکانماندا بەکاری دێنین لە چەندین گیا و رووەک دروستدەکرێن، بەتایبەتیش گوڵەبەڕۆژە و خەرتەل.
کەریم قوبادی هاونیشتمانییەکە لە دانیمارک دەژی و خۆی وێنەگرە و زوو زوو ڤیدیۆی جوان و سەرنجڕاکێش بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە ڤیدیۆیەکی ناردووە تێیدا باس لە بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتی خەرتەل دەکات.
ڤیدیۆکە لە شاری لاڤین لە دانیمارک وێنەگیراوە و رووبەرێکی فراوان نیشاندەدات کە خەرتەلەی لێ چێندراوە و دەڵێت، ناوی شارەکەش لە ناوی کوردییەوە نزیکە.
قوبادی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو رووەکە لە دوو هەفتەی داهاتوودا گولەکانی دەوەرێت و لە مانگی حەوت کۆدەکرێتەوە و لە کارگەی تایبەت، رۆنی زەیتی لێ بەرهەمدێت کە لە دانیمارکی و ئینگلیزی بە راپس دەناسرێت.
خەرتەل بە خەردڵ و سێنابیش دەناسرێت، دوو جۆری چەرموو و رەشی هەیە، گەڵاکانی لە گەڵای توور دەچێ، بەڵام بچووکترە، گوڵەکانی زەرد و تۆوەکەی ورد و قاوەیی و تام تیژە. 


رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
شەوانە کاژێر 21:40 پێشکەشدەکرێت.