گەشتی شاخەوانی بۆ چیای ئاوەگرد

گەشتی شاخەوانی بۆ چیای ئاوەگرد
کۆکردنەوەی سێو لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان

لەم وەرزەدا سەر بەسەر هەر شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بگریت، خەڵکی سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی سێون، کە رۆژهەڵاتی کوردستان بەسێوی نایاب ناوبانگی بۆ هەموو جیهان رۆیشتووە.
لە گوندی ئاڵوەتانی سەر بە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەکۆکردنەوەی  بەرهەمی سێوی ئەمساڵ کراوە، کە بەرهەمی ئەمساڵ زۆر باش پێگەیشتووە، بەڵام لەبازاڕەکان پارەیەکی باش ناکات جووتیارەکان دڵیان پێی خۆش بێت.
هاونیشتمانییەک بەناوی رەحمەت شێخی پوور،  لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەکی زۆر لە جووتیاران دەردەکەون سەرقاڵی کۆکردنەوەی سێون و دوای لێکردنەوەی سێوەکان لە سندوق هەڵیدەگرن و دەیبەنە بازاڕەکان و دەیفرۆشن. بابەیەکەوە لە بەرهەمی سێوی ئەمساڵی سەردەشت بڕوانین.



دیمەنی چیاکانی ئایفلە لە ئەڵمانیا

کوردێکی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا بەناوی راستی دیلان، کە زیاتر لە 40 ساڵە لەم وڵاتە دەژیت، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا زنجیرە چیاکانی ئایفلە نیشاندەدات.
راستی لەم گرتە ڤیدیۆیەی کە بۆ رووداوی تۆی ناردووە دەڵێت، کە هەرچەندە 40 ساڵە لەو وڵاتە دەژیت، بەڵام هەمیشە کە پرسیاری لێ دەکرێت خەڵکی چ وڵاتێکی بەبێ دوو دڵی دەڵێت خەڵکی کوردستانم، هیچ کات نەبووە کوردستان لەبیر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هۆنراوەو شیعر بەسەر سلێمانی و کوردستان دەخوێنێتەوە.
بەشێکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی ئەوروپا، هەمیشە بیروهۆشیان هەر لای شارو وڵاتەکەیانە و هەمیشە خەون بەوە دەبیننەوە بەیەکجار بگەڕێنەوە باوەشی کوردستان، بەڵام بەهۆی کێشەو گیروگرفتەکانەوە ئەم هەلەیان بۆ نەرەخساوە بەیەکجاری لە باوەشی نیشتمان بحەسێنەوە، بەیەکەوە لەم ڤیدیۆیە دەڕوانین.



گەشتی شاخەوانی بۆ چیای ئاوەگرد

لە وەرزی پاییزاندا گەشتی شاخەوانی بۆچیایەکانی کوردستان تام و چێژێکی تایبەتی هەیە، بۆیە ژمارەی گەشتەکانی شاخەوانی لە زیادبووندایە، گرووپی شاخەوانی سەفین گەشتێکیان بۆ چیای ئاوەگردی سەر بە قەزای کۆیەی سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدا.
ژمارەیەکی زۆر لە شاخەوانان لە بەرە بەیانییەکی زوو لە بناری چیای ئاوەگرد کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی بەسەر ئەم چیایەدا هەڵگەڕێن، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە، بە جلوبەرگی تایبەت بە شاخەوانی و کەلوپەلی گەشتەکە رێگایایەکی دوورو درێژی پڕ هەورازو نشێویان گرتووەتەبەر.
هاونیشتمانییەک بەناوی سابیر زراری، کە لەگەڵ کاروانی گەشتەکەدایە ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ وێنەگرتووە، کە تێدا ژمارەیەکی زۆر لە شاخەوان لە کوڕان و کچان بەرەو لوتکەی شاخەکە دەچن، لەگەڵ ئەوەی رێگایەکە سەخت و دژوارە، بەڵام ئەم شاخەوانانە کۆڵنادەن و بەرەدەوامن لەسەرکەوتن، تاوەکو دواجار گەیشتنە سەر لوتکەکەو پشووەیەکی کورت دەدەن و باس لە گەشتەکەیان دەکەن. ئێمەش بەیەکەوە لەم دیمەنە جوانانە دەڕوانین.


گەشتی پاسکیلسواری لە دهۆکەوە بۆ ئاکرێ

ژمارەیەک لە پایسکلسواری شاری دهۆکی باشووری کوردستان، گەشتێکیان بە پایسکل لە شاری دهۆکەوە بۆ قەزای ئاکرێی سەر بە شاری دهۆک ئەنجامداوە.
لەم ڤیدیۆیەدا کە بۆ رووداوی تۆ نێردراوە، دەردەکەوێت ژمارەیەک لە ئەندامانی پایسکسواری یانەی دهۆک، بە پایسکل بەرەو قەزای ئاکرێ دەڕۆن و دەیانەوێت گەشتەکەیان تۆمار بکەن و تاوەکو لە بەرنامەی رووداوی تۆ نیشان بدرێت.
ئاکرێ شارێکی باشووری کوردستانە و سەر بە پارێزگای دھۆکە. ١٢٠ کم دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای دھۆکەوە. لەنێوان سێ چیادایە، خانووەکانی لەسەر یەک بەداوێنی شاخەکاندا ھەڵچوون. ئەمە دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە شارەکە بەخشیوە و ئەم شارە لەساڵی (١٨٧٧)ز بووەتە بەقەزا.
یەکێك لە ئەندامانی ئەم گرووپە باس لەوە دەکات، کە 210 کم بە پایسکل چوونە ئاکرێ و دواتریش گەڕانەوە دهۆک، ئەم گەشتەشیان بە 11 کاژێر تەواو کردووە، ئێمەش  بەیەکەوە بینەری گەشتەکەی ئەم گرووپە دەبین.



فرێدانی پاشماوە لەسەر شوستەکانی هەولێر خەڵکی نیگەران کردووە

ئێواران ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل و عارەبانە لەسەر شوستەکانی هەولێر دەوستن و سەرقاڵی فرۆشتنی سەوزەو میوەو ماسین، بەڵام ئەم کەسانە پاشماوەکانی خۆیان لەسەر شوستەکان جێدەهێڵن، ئەمەش نیگەرانی لای خەڵکی ئەم ناوچەیە دروست کردووە.
هاونیشتمانییەک بەناوی ئەحمەد محەممەد، لە هەولێر ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، دیارە کە زۆر نیگەران بووەو لەو کارانەی دەستفرۆشەکانی سەر شەقام، بۆیە ڤیدیۆی ئەم شۆستانەی گرتووە، کە ماسی فرۆشەکان پاشماوەی ماسی تێدا جێدەهێڵن و بۆنێکی زۆر ناخۆش بەم ناوە بڵاودەکەنەوە.
ئەحمەد دەڵێت، لەسەر شەقامی تەنیشت ١٢٠ مەتری نێوان شوقەکانی ھانا و شەقامی ١٢٠ مەتری. دیارە چێشتخانەو ماسی فرۆشەکان فێر بوون شەوانە چی پاشەڕۆ و پێست و ناو سکی ماسی لەم لاو ئەولای شەقامە خەدمیەکە فرێ دەدەن و بۆنێکی زۆر ناخۆش و پیسی ھەیە، جگە لەوەش ھەرچی پاشماوەی خانوو شتی کۆن و زیادەی ماڵان ھەیە لەوێ فرێی دەدەن، بۆیە داواکارین لە لایەنی پەیوەندار چارەسەرک بۆ ئەم دیاردەیە بدۆزێتەوە.


دروستکردنی شەربەتی هەنار لە گوندی چەکوان


لە گوندی چەکوانی سەر بە پشدری سنووری پارێزگای سلێمانی باشووری کوردستان، دوای هەنار کۆکردنەوە دەست بە دروستکردنی شەربەتی هەنار دەکرێت.
هاونیشتمانییە بەناوی وسو چەکوانی ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا نیشانی دەدات لەم گوندە دەست کراوە بە دروستکردنی شەربەتی هەنار، وسو دەڵێت لەم گوندە بەشێوازی کۆن شەربەتی هەنار دروست دەکرێت.
وسو دەشڵێت، سەرەتا دنکە هەنارەکان جیادەکرێنەوەو دەخرێتە گونیەیەکەوەو دواتر پیاوێکی بەهێز بەپێ دەچێتە سەر گونییەکە بۆ ئەوەی هەنارەکە ببێتە ئاو دەچێتە دەبەیەکەوە، ئینجا بۆ خواردن ئامادە دەبێت.
گوندی چەکوان لە35 ماڵ پێکهاتووە، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی دووسەد کەس دەبێت، دانیشتووانی ئەم گوندە زیاتر بە باخداری و بە خێوکردنی رەشە وەلاخ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن، با بەیەکەوە لە چۆنیەتی دروستکردنی شەربەتی هەنار بڕوانین.


 
گۆرانیگوتنی کوردێکی رۆژئاوای کوردستان لە فەرەنسا

ژمارەیەکی زۆری کورد لە وڵاتی فەرەنسا نیشتەجێ بوونە، بەتایبەتی کوردانی رۆژئاوای کوردستان هەتا دێت لەم وڵاتە ژمارەیان لە بەرزبوونەوەدایە، کوردێکی دانیشتووی فەرەنسا گۆرانییەک پێشکێشی بینەرانی رووداوی تۆ دەکات.
محەممەد شێخۆ، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لە فەرەنسا دەژیت، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیەکانیدا لە غەریبدا گۆرانییەک لەسەر نیشتمانەکەی دەڵێت و دڵی خۆیان بەم گۆرانییە خۆشدەکەن.
محەممەد دەڵێت، لە هەر وڵاتێک بژیت زمان و کولتووری باب و باپیرانیان لەبیر ناکەن و هەمیشە گۆرانی کوردی لەسەر زوبانیان ئامادەیی هەیە، بۆیە بۆ هەر شوێنێک دەڕۆن خۆی سازەکەی دەست بە میوزیک و گۆرانی کوردی دەکەن، ئێمەش بەیەکەوە گوێ لە دەنگ و نەغمەی ئەم هونەرمەندە دەگرین.


لایەنگرانی ترەمپ لە بانگەشەکردن بەردەوامن

بڕیارە سبەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا کۆتایی پێ بێت، بەڵام لایەنگرانی ترامپ بەردەوامن لە بانگەشەکردن، و بە جۆرەها شێواز هەوڵی دەنگ کۆکردنەوە بۆ ترەمپ دەکەن.
کوردێکی دانیشتووی ئەمریکا بەناوی دیاری، لە دەوروبەری شاری تامپا لە ناوچەی فلۆریدا، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە ژمارەیەکی زۆر لە بەلەم دەردەکەون ناوی ترەمپیان بەرزکردووەتەوەو بانگەشە بۆ ترەمپ دەکەن،لە نێو رووبارەکە هاتووچۆ دەکەن و بە دەنگی بەرز داوای دەنگ بۆ ترەمپ دەکەن.
دیاری لەمبارەیەوە دەڵێت، کە بەپێویستی زانیوە ئەم ڤیدیۆیە بۆ رووداوی تۆ بنێرێت، کە هۆگران و لاینگرانی ترەمپ رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت،  زۆربەی ئەگەرە شیكراوەكان و ئەگەرە هەڵسێنگێندراوەكان دەڵێن، كە دۆناڵد تڕەمپ لەوانەیە بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی بۆ ٤ساڵی دیکە تاڕادەیەكی زۆر مسۆگەر كردبێت.
دیاری دەشڵێت ئەوەیش وەکو هەموو ئەمریکیەیەک سبەی دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگدەدات، بەشدار دەبێت لە پڕاكتیزە كردنی دیموكراسی بەڵام ئاشکرای نەکردووە دەنگ بە کامە بەربژێر دەدات، ئێمەش لەم ڤیدیۆیە لاینگرانی ترەمپ دەبینین.