هاوڕێیەتی مریشک و پشیلەیەک لە حاجیاوە

02 December 2020
هاوڕێیەتی مریشک و پشیلەیەک لە حاجیاوە
نەبوونی بازاڕی سەوزەو میوە لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان
 
ژمارەیەکی زۆر لە فرۆشیاران و جووتیارانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، گلەیی نەبوونی بازاڕی سەوزەو میوە دەکەن و دەڵێن بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکان ماونەتەوە پارە ناکەن.
هاونیشتمانییەک بەناوی فرزاد مەحموود لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا چەند جووتیار و سەوزەفرۆشێک دەردەکەون و گلەیی لە نەفرۆشتنی بەرهەمەکانیان دەکەن.
بانە، یەکێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە دەکەوێتە رۆژئاوای ئێران. بانە بەدووری ٢٧٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی سنە رۆژهەڵاتی کوردستان، پانتایەکی زۆر لەم شارە کراوەتە کشتوکاڵ و ساڵانە سەتان تەن بەرهەمی کشتوکاڵی دەخەنە بازاڕەکانی ئێران و باشووری کوردستان.
 
وەرزی پاییز لە ناوچەی شەمزینانی باکووری کوردستان
 
شەوی دوورو درێژی پاییز و زستانان، بە گۆرانی و لاوک و یاری نەبێت زوو تێپەڕ نابێت، بۆیە هەمیشە گوندنیشان لەم وەرزەدا هەر شەوێک لە ماڵی یەكێک کۆدەبنەوە، لە گوندی بێ زەڵێ، لە بناری چیای چارچەڵی هەرکیان لە ناوچەی شەمزینانی باکووری کوردستان خەڵکی شەوانە بە لاوک و یاری کردن بەسەردەبەن.
هاونیشتمانییەک بەناوی عەلی زوبێر، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی گوندی بێ زەڵێ دەردەکەون و سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ شەو، تاوەکو لە دەوری یەکدی کۆببنەوەو دەست بە یاری و شەوچەرە بکەن.
عەلی زوبێر دەشڵێت، خەڵکی ئەم گوندە لەگەڵ یەک زۆر باشن و لە هەموو کارێک هاوکاری یەکدی دەکەن،لە شەوە درێژەکانی زستانیش بە گاڵتە و گەپ و یاری کوردەواری بەسەردەبەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگخۆشەکان دەست بە لاوک گوتن و گۆرانی دەکەن.
 
چاندنی بەڕوو لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان
 
لە گوندی هلیزاوای سەر بە کوماسی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک گەنج وەکو هەستکردن بە بەرپرسیارەتی سەتان بەڕویان لەو شاخ و دۆڵە چاندووەو داواش دەکەن هەموو گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەمان کاری ئەوان بکەن، تاوەکو کوردستان سەوزتر بکەن.
هاونیشتمانییەک بەناوی نەوشیروان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەک گەنج دەردەکەون و سەرقاڵی چاندنی بەڕون.
نەوشیروان دەشڵێت، خەریکە بەشێکی زۆر لە چیاکانی کوردستان رووت دەبنەوەو داریان تێدا نامێنێتەوە، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە خەمی ئەوە بخۆین و نەهێڵین چیاو دۆڵەکان وشک ببنەوە.
دەفتەری كاروباری رێكخراوی دارستانەكان لە ئێران رایگەیاندووە، کە 18 ملیۆن داربەڕوو لە دارستانەكانی زاگرۆس لە حاڵی لەناوچووندان، بەشێكی هەرە زۆری لە پارێزگای ئیلام‌و كرماشان لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوونە.
هەڵبەتە لە جیهاندا نزیكەی 600 جۆر دار بەڕوو هەیە، بەڕوو یەكێكه‌ لەو رووەكانەی كە یارمەتی خاوێن كردنەوەی ئاو و خاك دەدات، هەروەها دار بەڕوو وەك سەرچاوەی خۆراكی بۆ كۆمەڵێك گیانلەبەر و باڵندە دادەنرێت، یەكێكه‌ لەو رووەكانەی كە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی ژینگەدا هەیە، تەمەنی دار بەروو بە پێی جۆرەكەی دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی تەمەنێكی زۆریان هەیە كەهەندێك جار دەگات بە 500 ساڵ. دارى بەڕوو بەگشتى هەندێکیان بەرزییان دەگاتە نزیکەى 30 مەتر.
 
هاوڕێیەتی مریشک و پشیلەیەک لە حاجیاوە
 
زۆرجار بیستوومانە، کە پشیلە دوژمنی مریشک و جووجەڵەیەو هەمیشە شەڕیانە، بەڵام بەپێچەوانی ئەوە لە شارۆچکەی حاجیاوەی سەر بە رانیەی سنووری پارێزگای سلێمانی، پشیلەیە و مریشکێک هاوڕێی گیانی بەگیانی یەکدین.
هاونیشتمانییەک بەناوی شاخەوان عەلی، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا پشیلەکە و مریشکێک دەردەکەون، کە هاوڕێیاتی یەکدی دەکەن و بەیەکەوە یاری دەکەن.
شاخەوان دەڵێت، ئەم پشیلەیەو ،مریشکەکە زیاتر لە سێ مانگە هاوڕێن، بەیەکەوە دەچنە دەرەوەو بەیەکەوەش دەگەڕێنەوە ماڵەوە، هەرگیز لە یەکتر دوور ناکەونەوەو بەردەوام یاری بەیەکەوە دەکەن.
شاخەوان دەشڵێت، ئەم پشیلەیە هاوڕێیاتی لەگەڵ 12 مریشک و کەڵەشێری دیکەش دەکات، هەموویان بەیەکەوە دەژین، بەڵام زیاتر حەزی بە هاوڕێیاتی ئەم مریشکەیەو لێ دوورناکەوێتەوە. ئێمەش بەیەکەوە بینەری هاوڕێیەتی پشیلەو مریشکەکە دەبین.
 
کۆکردنەوە هەنار لە شارەزوور
 
وەرزی پاییزەو لەم وەرزەشدا میوەی دڵخوازی خەڵکی هەنارە، هەڵبەتە هەناریش هەناری شارەزوورە، بە تام و چێژە، بۆیە جووتیارانی شارەزوور هێشتا سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی هەناری ئەمساڵن.
هاونیشتمانییەک بەناوی ئوسامە شارەزووری، لەبارەی کۆکردنەوەی هەنار لە شارەزوور ڤیتییەکی بۆ بینەرانی رووداوی تۆ ئامادەکردووە، کە باس لە کێشەو گیروگرفتەکانی جووتیارانی ئەم ناوچەیە دەکات.
ئوسامە دەڵێت، جووتیارانی شارەزوور داوا دەکەن وەزارەتی کشوکاڵ گرنگی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆ بدات و رێگری لە هاتنە ناوەوەی بەرهەمی بیانی بکات، تاوەکو بەرهەمی ئەوان لە بازاڕەکان پارە بکات و سوود لەو ماندوبوونەی چەند مانگەی خۆیان وەربگرنەوە.
 دەشتی شارەزوور و هەورامانیش، یەكێكن لەو ناوچانەی كە بە خاكێكی بەپیت و هەنارێكی تایبەت ناوبانگیان هەیە. نزیكەی 10 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی هەڵەبجە و شارەزوور بە باخی هەنار چێندراوە، كە بەرهەمی ساڵانە دەگاتە سەروو 40 هەزار تەن.
 
کاری فۆتۆگرافی لە وەرزی پاییزدا
 
ئەحمەد شامکی، هاوکار و گەنجێکی ئەکتیڤی بەرنامەی رووداوی تۆیە، هەمیشە بە ڤیدیۆ و دیمەنە جوانەکانی دێهات و سرووشتی کوردستان بەشداری لەگەڵمان کردووە، جگە لەمەش ئەو خۆی فۆتۆگرافەر و وێنەگرەو باس لە کارەکانی لە دەڤەری ئامێدی دەکات.
ئەحمەد دەڵێت، ئێستا کچ و کوڕانی زۆر هەنە بۆ وێنەگرتن بۆ ئینستاگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەردانم دەکەن و داوا دەکەن، وێنەی جوانیان بۆ بگرم، لەگەڵ ئەوەشدا ڤیدیۆی کورتیان لە نێو سرووشتی جوانی کوردستان بۆ دەگرم.
هاوکات ئەحمەد دەشڵێت، بۆ ئاهەنگی لەدایکبوون و ساڵرۆژی هاوسەگیریش زۆر وێنە و ڤیدیۆ دەگرم، بەتایبەتی لە شێلادزێ و ناوچەکانی ئامێدی، ئەمەش هەم وەکو دابینکردنی بژێوی ژیان و هەمیش وەکو کارێکی هونەری سوودی بۆ من هەبووە.