گەشتکردن بە ماتۆڕسیکل بۆ نێو سرووشت
گەشتکردن بە ماتۆڕسیکل بۆ نێو سرووشت
لە گەشتەکەدا موسڵمان و کریستیان بەشداربوون
سەلاح یاسین گەنجێکی کوردە و کاری سەرەکی ئەو گەشتکردنە بەنێو سرووشتی کوردستاندا، بۆ بەشێک لە گەشتەکانی بۆ نێو سرووشت، ماتۆڕسیکل بەکاردێنێت.
ئەو هاونیشتمانییە کە موسڵمانە، ئەمجارە لەگەل ژمارەیەک لە هاوڕێ کریستیانەکانی، گەشتێکیان بە ماتۆڕسیکل بۆ سەیرانگەی هەنارە لە هەولێر کردووە.
سەلاح یاسین دەڵێت، کاتێکی خۆشیان بەسەربردووە و ئایین و مەزهەب نابن بە رێگر و لە گەشتەکانیان پێكەوە بەردەوام دەبن.
سەیرانگەی هەنارە 18 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری هەولێرەوە دوورە، 390 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، لە وەرزی بەهاردا و بەتایبەت لە جەژنی نەورۆزدا خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکەن.
سەیرانگەی هەنارە دەکەوێتە گوندی هەنارە کە سەر بە ناحیەی پیرمامی قەزای شەقڵاوەیە و دەکەوێتە نێوان بەرزاییەکانی تارین و زنجیرە چیای سەفین و رووباری بەستۆرەی تێدا تێدەپەڕێت، ئەمەش سرووشتێکی جوانی بە گوندەکە بەخشیوە.
دروستکردنی نانی تەندوور لە گوندی خێرەزۆک
نان بە چەندین جۆر ئامادە دەکرێت، لەوانە بە تەندوور، ئەم جۆرەش زیاتر لە گوندەکانی کوردستان باوە و بە دەستی خانمان ئامادەکرێت، بەتایبەتیش بۆ ژەمی بەیانیان.
زانا ئەنوەر گەنجیکی گوندی خێرەزۆکە لە دەڤەری بارزان، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە دوو ژن سەرقاڵی ئامادەکردنی نانی تەندوورن و بەو کارەیان دڵخۆشن.
لە ڤیدیۆکەدا یاغوسا ئەنوەر کە سەرقاڵی نانکردنە دەڵێت، ژیانی ئەوان لەو گوندەدا زۆر خۆشە و خەڵکی گوند لەگەڵ یەکدی بێ کێشەن و دانیشتوانی زیاتر ئامۆزای یەکترن و زوو زوو سەردانی یەکتر دەکەن.
گوتیشی، خەڵکی گوندەکە لە شەوانی زستاندا سەردانی یەکدی دەکەن و بەدیار زۆپای دارەوە گوێز دەشکێنن و دەیخۆن و پیاوەکانیش لە شەودا زیاتر کاتیان بە یاریی دۆمینەوە بەسەردەبەن.
گوندی خێرەزۆک سەر بە ناحیەی پیرانی قەزای مێرگەسۆرە لە پاریزگای هەولێر، 40 ماڵ لە گوندەکەدا هەن و دانیشتوانی زیاتر بە بەخێوکردنی مانگاوە سەرقاڵن و لەرێگەیەوە بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن.
چاندنی شووتی لە گوندی قاینەجە دەستیپێکردووە
ئەو بەرهەمە خۆشەی زۆربەمان حەزمان لێیەتی و لە وەرزی هاویندا دەیخۆین، جووتیاران لە باشووری کوردستان دەستیان بە چاندنی کردووە، ئەویش بەرهەمی شووتییە.
گوندی قاینەجە لە سنووری قەزای سەیدسادق، بە بەرهەمی شووتی بەناوبانگە و جووتیاران ساڵانە بەشێک لە زەوی گوندەکەیان و بە تایبەت لە دەشتی قاینەجە، بۆ چاندنی شووتی تەرخان دەکەن.
پشتیوان حەمەساڵح کە خەڵکی قەزای پێنجوێنە و سەردانی گوندی قاینەجەی کردووە، دیمەنی چاندنی شووتی بە مۆبایلەکەی تۆمارکردووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە.
قاینەجە لە سنووری قەزای سەید سادق لە پارێزگای سلێمانی، لە باکوور لەگەڵ گوندی وەڵەسمت، لە باشوور لەگەڵ گوندی گردەنازێ، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی کانی ئاسکان و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی حاجی نامیق ھاوسنوورە.
سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانییە، لە 1956 بووەتە ناحیە، بە ھۆی زۆری رێژەی دانیشتووانی، لە 12 شوباتی 2007 بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بووتە قەزا.
شووتی میوهیهکی هاوینییه، له دیوی ناوەوەیدا سووره و تامی زۆر شیرین و ئاوداره، ناوکهکهی رهش یان قاوهییه، لە کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دەچێندرێت و داخوازییەکی زۆری لەسەر.
سەردانی هاونیشتمانیان بۆ خەرەندی رواندز
خەرەند دیاردەیەکی سرووشتییە و دەکەوێتە قەزای رواندز، بەهۆی جوانی دیمەنەکەیەوە، بەشێک لە هاونیشتمانیان لە وەرزە جیاوازەکاندا سەردانی دەکەن و چێژ لە بینینی دیمەنەکەی وەردەگرن.
رامیار عەزیز کە خەڵکی سۆرانی دراوسێی رواندزە، ئێوارەیەک بۆ بینینی دیمەنی جوانی خەرەند سەردانی رواندزی کردووە و بە دەم چێژ وەرگرتن لە بینینی دیمەنی خەرەند، چایێکی لەسەر ئاگری دار ئامادەکردووە و خواردوویەتییەوە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
خەرەند سرووشتێکی جوانی بە رواندز بەخشیوە کە لە دوو گەلی پێکهاتووە، هەریەکەیان زیاتر لە چوار کیلۆمەتر درێژە و دەوری رواندزیان داوە و قوڵیی نزیکەی 500 مەترە.
قەزای رەواندز دەکەوێتە پارێزگای هەولێر، ١٢٣ کیلۆمەتر لە شاری هەولێر دوورە، ھەڵکەوتەی ئەم شارە لە نێوان کۆمەڵێک چیا و دۆڵدایە، لەباکووردا چیای زۆزک و حەسەن بەگە، لە خۆرھەڵاتدا چیای ھەندرێن و دۆڵی باڵەکایەتی، لە خۆرئاواشدا گردۆڵکەکانی باپشتیان و گۆرزە و چیای برادۆست، لە باشووریشدا چیای کۆڕەک و ئارمۆشە.
لە هەولێر ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆ سەگێک رزگار دەکەن
لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، سەگێک لە شەودا لە تۆڕی گۆڵێکدا گیردەخوات و تاوەکو بەیانی بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.
بەیانی کاتێک خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ بەو شێوەیە دەیبینین، هەوڵی رزگارکردنی دەدەن، بەڵام لەبەرامبەرد سەگەکە مامۆستایەکی زانکۆ بریندار دەکات.
دواتر ژمارەیەک خوێندکار لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن و بە مەقەست تۆڕەکە دەبڕن و دواجار دەتوانن سەگەکە رزگار بکەن، سەگەکەش لە خۆشی رزگاربوونی بەبێ وەستان رادەکات و لە خوێندکارەکان دووردەکەوێتەوە.
عەزیز مەلوود کە لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی فەرمانبەرە، ڤیدیۆی ساتی رزگاکردنی سەگەکەی بۆ رووداوی تۆمارکردووە و ناردوویەتی.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی سەگە بێ خاوەنەکان بەنێو گەڕەک و کۆڵانەکانی شار لە باشووری کوردستاندا، بەشێک لە خەڵکی داوا دەکەن حکومەت چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتەوە، بەشێکیش پەنا دەبەنە بەر کوشتنیان، بەشێکیش هاوسۆزی خۆیان بۆ نیشاندەدەن و خواردنیان بۆ دابین دەکەن.
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
رۆژانە کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە