گۆرانیگوتن لە شەوانی زستاندا لە گوندی بنەخوێی بانە

04 February 2021
گۆرانیگوتن لە شەوانی زستاندا لە گوندی بنەخوێی بانە

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، لە بەشێک لە گوندەکانی کوردستان، هاونیشتمانیان لە شەوانی زستاندا کۆدەبنەوە و بەشێکی شەوەکەیان بە گۆرانیگوتن بەسەردەبەن.

هاونیشتمانییەک بەناوی عەبدوڵڵا عەلی لە گوندی بنەخوێی سەر بە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی لە ماڵێکدا کۆبوونەوەتەوە و گەنجێک گۆرانی و بەندیان بۆ دەڵێت.

بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەوانی درێژی زستان بە گۆرانیگوتن و یارییە کوردەوارییەکان بەسەر دەبەن، بەتایبەتیش یاریی جۆرابێن و پشکیلانێ کە تاوەکو بەهار، ئەنجامدانی ئەم جۆرە یارییانە بەردەوام دەبن.

سەبارەت بە بانە، دەکەوێتە ٢٧٠ کیلۆمەتری باکووری رۆژھەڵاتی سنە، 30 کیلۆمەتر لە سنووری باشووری کوردستانەوە دوورە، لەبەرئەوەی بانە شارێکی سەر سنوورە، بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی کاری کۆڵبەری لە نێوان سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەکەن.




خلیسکێنەی سەر بەفر لە گوندی بێکەش

لەگەڵ بارینی بەفر لە کوردستان، منداڵ و گەنجان یاریی لە نێو بەفر دەکەن، بەتایبەتیش یاریی خلیسکێنە سەر بەفر، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر پارچە نایلۆنێک بەکاردێنن و خلیسکێنەی لەرێگەیەوە ئەنجام دەدەن.

لە گوندی بێکەش سەر بە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک لە گەنج و منداڵان بە بارینی بەفر دڵخۆشن و لەسەر بەرزاییەکەوە یاریی خلیسکێنە دەکەن و بەو یارییە دڵخۆشن.

سامان شێخزادە ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دڵخۆشی ئەو گەنج و منداڵانە نیشاندەدات کە سەرقاڵی خلیسکێنەن.




لە گوندی بابکێی دەڤەری بارزان بەفرێکی زۆر باریوە

دەڤەری بارزانی باشووری کوردستان زستانێکی ساردی هەیە و لە زستاندا بەفری لێدەبارێت، لە هەندێ شوێن نزیکەی دوو مەتر بەفری لێ دەبارێت و دیمەنێکی جوان بە دەڤەرەکە دەبەخشێت.

لە شەپۆڵی بەفربارینی ئەم دواییە کوردستان، بەفرێکی زۆر لە گوندی بابکێ لە دەڤەری بارزان باریوە و دیمەنی ئەو گوندەی بە رەنگی سپی رازاندووەتەوە.

هاونیشتمانییەک بەناوی محەممەد خدر ڤیدیۆییەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە و چەند دیمەنێکی گوندەکە لە کاتی بەفربارین و لە دوای سپیپۆشبوونی ئەو گوندە نیشاندەدات و بەهۆی بەفربارینەوە خەڵکی گوندەکە زیاتر کاتەکانیان لە ماڵەوەدا بەسەر دەبەن.

هەرچەند بەفربارین ژیانی گوندنشینان سەخت دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی کاری ئاژەڵداری دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بە بارینی بەفر دڵخۆش دەبن و هیوا دەخوازن ساڵانە لەو وەرزەدا بەفر لە گوندەکانیان ببارێت.




گەشتی شاخەوانی بۆ شاخی زمناکۆ و بەرانان

ئەندامانی گرووپی شاخەوانی راپەڕین بەردەوامن لە ئەنجامدانی گەشتە شاخەوانییەکانیان بۆ شاخەکانی کوردستان و ئەمجارە سەردانی شاخی زمناکۆیان کردووە کە هەزار و 425 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، دواتریش گەشتیان بۆ شاخی بەرانان کردووە کە ٩١٨ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.

ئەم دوو شاخە دەکەونە سنووری قەزای دەربەندیخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە باشووری کوردستان و هەردووکیان دەڕواننە سەر دەریاچەی دەربەندیخان.

نەسڕەدین هەڵەبجەیی سەرپەرشتیاری گرووپ شاخەوانی راپەڕین گەشتی ئەمجارەیانی بۆ رووداوی تۆ تۆمارکردووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە و دیمەنی لووتکەی زمناکۆ نیشاندەدات کە لە 2020 بەهۆی بوومەلەرزەوە بەشێکی داڕماوە.

گرووپی شاخەوانی راپەڕین لە دوو دەستە پێکدێت، دەستەی خانمان و دەستەی پیاوان و زۆربەی جار ئەو دوو دەستەیە بە سەرپەرستی نەسڕەدین هەڵەبجەیی گەشتی هاوبەشی شاخەوانی ئەنجامدەدەن.



گەشتی گرووپی شاخەوانی هەریر بۆ ئەشکەوتی ئاو

گرووپی شاخەوانی هەریر لە چالاکییەکانی بەردەوامە و ئەمجارە گەشتێکیان بۆ ئەشکەوتی "ئاو" یاخود "ئاوێ" لە چیای گوندی ئەشکفتە لە ناحیەی هەریری سەر بە قەزای شەقڵاوە لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامداوە .

فەریق سدیق ئەندام و بەرپرسی بەشی راگەیاندنی گرووپەکە بە رووداوی راگەیاند، 12 ئەندامی گرووپی شاخەوانی هەریر لە کەشوهەوایەکی باراناویدا گەشتەکەیان ئەنجامدا و سەردانی گوندی ئەشکەفتە و ئەشکەوتی ئاو لەو گوندە کرد.

گوتیشی، تاوەکو ئێستا زۆر بەکەمی خەڵک سەردانی ئەو ئەشکەوتەیان کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی شوێنێکی دوورەدەستە و رێگاکەی سەختە.

روونیشیکردەوە، بەهۆی ئەوەی چیای گوندی ئەشکەفتە ئەشکەوتی زۆری تێدایە، بۆیە ناوی گوندەکەش کراوەتە ئەشکەفتە و دانیشتوانی گوندەکەش لە عەشیرەتی سورچین و 50 ماڵی تێدایە.

ئەشکەوتی ئاو دیمەنێکی جوانی هەیە و لە ئەشکەوتە گەورەکانی باشووری کوردستانە، لە دوای بڕینی رێگەیەکی سەخت و دووردرێژ، بینینی ماندوویەتی لە بیر مرۆڤ دەباتەوە.

جگە لە ئەشکەوتی ئاو، چەند ئەشەوکتێکی دیکە لە چیای گوندی ئەشکەفتە هەن، لەوانە ماڵان، هەشیارۆک، رەشکین، سۆر و خدر هنگڕ.



سەردانی گەشتیاران بۆ ئاکرێ

ئاکرێ یەکێک لە قەزاکانی سنووری پارێزگای دهۆکە و مێژوویەکی دێرینی هەیە و لە گشت وەرزەکاندا گەشتیاران رووی تێدەکەن.

حوسێن فۆن کە بەردەوام ڤیدیۆ بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە سەردانی ئاکرێی کردووە و چەند دیمەنێکی ئەو شارەی بۆ رووداوی تۆ وێنەگرتووە و ناردووە.

حوسێن فۆن بە رووداوی راگەیاند، دیمەنەکان لە بەیانییەکی زوو وێنەگیراون، بۆیە دیمەنەکانی ناو ئەو شارە، چۆڵی پێوە دیارە.

ئاکرێ دەکەوێتە ١٢٠ کیلۆمەتری باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای دھۆکەوە، لە نێوان سێ چیادایە، بەشێکی خانووەکانی لەسەر یەک بەداوێنی شاخەکاندا ھەڵچوون، ئەمە دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە شارەکە بەخشیوە. ساڵی ١٨٧٧ بووەتە بەقەزا و تاوەکو ئێستا بە قەزا ماوەتەوە.

لە سنووری قەزای ئاکرێ چەندین شوێنی گەشتیاری هەن، هەروەها بە چەندین جۆری بەرهەمی کشتووکاڵی بەناوبانگە، لەوانە برنج، هەنجیر و سماق، هەروەها بە گوڵی نێرگزیش بەناوبانگە.




دیمەنی تاڤگەی نیاگارا لە بافڵاو

تاڤگەکانی نیاگارا بە کۆی سێ تاڤگە دەگتورێ کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا لە ئۆنتاریۆ و ویلایەتی نیویۆرکە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بۆ بینی ئەو تاڤگانە سەردانی ئەو دوو وڵاتە دەکەن.

هاونیشتمانییەک بەناوی رێباز سەڵاح کە خەڵکی سلێمانیی باشووری کوردستانە و ماوەی سێ ساڵە لە ئەمریکا ژیان بەسەردەبات، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دیمەنی تاڤگەی نیاگارا لە شاری بافڵاوی سنووری ویلایەتی نیۆیۆرک لە ئەمریکا ناردووە.

بەفربارین لەو شارە دیمەنێکی جوانی بەو تاڤگەیە داوە و سەرنجی رێباز سەڵاحی بەلای خۆیدا راکێشاوە، بۆیە ئەویش وێنەی گرتووە.

تاڤگەکانی نیاگارا لە ٢٧ کیلۆمەتری باکوور و باکووری رۆژئاوای بافڵاو ولایەتی نیۆیۆرکن و لە ١٢١ کیلۆمەتری باشوور و باووری رۆژھەڵاتی شاری تۆرێنتۆن لە کەنەدا.



دروستکردنی ئۆتۆمبێل بە بەفر

دانیال رانکۆ منداڵێکی کوردە لە شاری تۆرکۆ لە فینلەندا دەژی و خەونی هەرە گەورەی ئۆتۆمبێلە، بۆیە زۆری یارییەکانی ئۆتۆمبێلن، تەنانەت شوێنی خەوتنیشی لە شێوەی ئۆتۆمبێلە.

ئەمساڵ وەک هەموو ساڵێک لەو شارە بەفرێکی زۆر باریوە و ئەو منداڵە بەهاوکاری باوکی ئۆتۆمبێلێکیان لە بەفر لە دەرەوەی ماڵدا دروستکردووە.

سوهام جەمال کە داپیری دانیالە، ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە، دانیال لە فنلەندا لە دایکبووە، بەڵام خۆیان خەڵکی سلێمانیی باشووری کوردستانن و ماڵباتەکەیان 24 ساڵە لەو وڵاتە دەژین.