لە سێزدە بەدەر گەشتیاران سەردانی سەیرانگەی بادیناوێیان کرد
سێزدە بەدەر سێزدەیەمین رۆژی نەورۆزە کە لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران وەکو رۆژی سرووشت ناونراوە، لەو رۆژەدا خەڵک دەچنە نێو سرووشت و "سەوزە"یەک کە لە رۆژی جەژنی نەورۆز چاندوویانە، لەسەر سفرە دایدەنێن، هەروەها ماسییەکانی سەر سفرەی حەوت سینیش کە بە ماسی سوور ناسراوە دەخەنە نێو ئاو و رووبارەکان.
ئەمساڵ لە سێزدە بەدەر ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان سەردانی سەیرانگەی بادیناوێی سەر بە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد کە دەکەوێتە نزیک چیای قەندیل و تاوەکو ئێستا بەفری لەسەر ماوە و ئاوێکی سازگار بەنێو سەیرانگەکەدا تێدەپەڕێت و گەشتیاران لە نزیک رووبارەکە دادەنیشنن و کاتێکی خۆش بەسەردەبەن.
هاونیشتمانییەک بەناوی سەلاح ناسری سەردانی سەیرانگەکەی کردووە و ڤیدیۆیەکی لە نزیک پردی بادیناوێ بۆ رووداوی تۆ تۆمارکردووە و ناردوویەتی و دەڵێت سەیرانگەی بادیناوێ سرووشتێکی زۆر جوانی هەیە و هیوای ئەوەش دەخوازێت گەشتیاران ژینگەکەی بپارێزن.
ناوی سێزدە بەدەر لەوە وەرگیراوە کە لە کۆنەوە خەڵکانێک ژمارەی سێزدەیان بەلاوە شووم و نەهات بووە، بۆیە لەو رۆژەدا لە ماڵەکانیان دەچنە دەرەوە و هەموو نەهامەتی و شتە خراپەکان لە خۆیان و ماڵەکانیان دوور دەخەنە و دەڵێن "سێزدەمان بەدەر کرد".
سەیرانگەی بادیناوێ دەکەوێتە گوندی بادیناوێ لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان، لە وەرزی بەهاردا گەشتیاران بە مەبەستی سەیران سەردانی دەکەن.
چاندنی بەڕوو لە سێزدە بەدەر لە گوندی گۆڕانگانی سەردەشت
هەر بەبۆنەی سێزدە بەدەر کە وەک رۆژی ژینگە و سرووشت ناسێندراوە و چالاکی لەمبارەیەوە دەکرێن، ساڵانە لەو رۆژەدا بەڕوو دەچێندرێن.
دوو هاوژین بەناوی مستەفا رەسووڵ و عایشە رەسوڵ لە کاتی چوونیان بۆ سەیران لە گوندی گۆڕانگان لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، 10 بەڕوویان بەبۆنەی سێزدە بەدەر لە سنووری گوندەکە چاندووە.
پەرویز عەبدلی ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دەڵێت، کاتێک چونەتە سەیران چالاکوانانی ژینگەپارێزی بەڕوویان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە بۆ ئەوەی لە سرووشتدا بیچێنن و دایک و باوکیشی لەو چالاکییە ژینگەییەدا بەشداربوون و پێکەوە بەڕوویان چاندووە.
گۆڕانگان گوندێکە لە ناوچەی وەزنێی سەر بە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی 85 کەسن و لە وەرزی بەهاردا گەشتیاران بۆ سەیران سەردانی دەکەن.
سەردانی گەشتیاران بۆ سەیرانگەی عەندیوەرێی دێرک
ئێدی بەهارە و هاونیشتمانییان لە کوردستان حەز دەکەن رۆژی هەینی بێت بۆ ئەوەی روو لە سەیرانگەکان بکەن و کاتێکی خۆش بەسەر ببەن و لە رۆژئاوای کوردستان لە رۆژانی هەینیدا ژماریەکی زۆر لە هاونیشتمانییان سەردانی سەیرانگەکان دەکەن.
لە گوندی عەیندیورێ سەر بە دێرکی رۆژئاوای کوردستان، سەیرانگەیەک بەناوی گوندەکە هەیە و لە رۆژانی هەینیدا ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران رووی تێدەکەن، بەتایبەتیش لە وەرزی بەهاردا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند وێنەیەکی ئەو سەیرانگەیە بڵاوکراونەتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران سەردانیان کردووە و وێنەکان لەلایەن مەعسوم محەممەد وێنەگیراون.
عەندیوەرێ سەر بە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستانە و 32 کیلۆمەتر لە خاڵی سنووری نێوان رۆژئاوا، باکوور و باشووری کوردستان دوورە.
هەڵمەتێکی پاککردنەوەی کانیاوەکانی دەڤەری بارزان بەڕێوەچوو
بەشێک لە ژینگەپارێزانی دەڤەری بارزان، چالاکییەکی ژینگەییان لە سنووری دەڤەرەکە ئەنجامداوە و کچ و کوڕانیان کۆبوونەتەوە و گرنگیان بە ژینگەی دەڤەرەکەیان داوە.
تیپی هونەری کانی بۆت، گرووپی شاخەوانی چیای شیرین و رێکخراوی کەڤنار، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ پاککردنەوەی رێگا و کانیاوەکانی دەڤەری بارزان.
رێبەر بارزانی چالاکوان و ژینگەپارێز ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دەڵێت، لە هەڵمەتەنکەدا کانیاوەکانی دەڤەرەکەیان پاک دەکەنەوە کە خەڵکی دەڤەرەکە سوودیان لێوەردەگرن، لە هەمانکاتتدا ئاژەڵە کێوییەکانیش سوودی لێ دەبینین.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کانییەکیان لە گوندی بێدیال پاکردووەتەوە کە بەکانی خوارێ دەناسرێت و پێشتر بە دەستی کریستیانەکانی ئەو گوندە گۆمی بچووک بۆ کانیاوەکە دروسکراون.
گوندی بێدیال دەکەوێتە دەڤەری بارزان لە قەزای میرگەسۆری پارێزگای هەولێر و 265 مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە و تاکە گوندی کریستیانەکانە لەو دەڤەرە و نزیکەی 20 کەس تێیدا دەژین.
سرووشتی مێرگەپان لە وەرزی بەهاردا
بەهۆی ئەوەی مێرگەپان سرووشتێکی جوان و سەوزاییەکی زۆری هەیە، بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و پڕۆژەی گەشتیاری تێدایە، لە وەرزی بەهاردا دیمەنێکی جوان و دڵڕفێنی هەیە.
راستگۆ شەدەڵەیی ڤیدیۆیەکی مێرگەپانی بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دیمەنی ئەو شوێنە لە دەستپێکی وەرزی بەهاردا نیشاندەدات و دیمەنەکانی بە فلای کام وێنەگرتووە.
ئەگەرچی بەهار مێرگەپانی سەوزکردووەتەوە، بەڵام لەسەر بەشێک لە شاخەکانی بەفرێکی کەم ماوە و لە دیمەنەکاندا بەدی دەکرێت.
مێرگەپان گوندێکە کەوتووەتە ناحیەی سورداشی قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، ۳۰ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانی دوورە، لە باکوور لەگەڵ گوندی ھەڵەدن، لە باشوور لەگەڵ گوندی بیرانی کانی قاز، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی قەمچوغە و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی شەدەڵە ھاوسنوورە.
لە گوندی کەورەتە ژمارەیەک مانگا هێرش دەکەنە سەر سەگێک
ڤیدیۆیەکی سەرنجڕاکیشتان لەبارەی سەگێک و ژمارەیەک مانگا پیشان دەدەین، بەڵام سەرەتا با کەمێک زانیاری لەبارەیەوە بخەینەڕوو.
هاونیشتمانییەک بەناوی کامەران حسێن کاتێک سەردانی گوندی کەورەتەی لە قەزای چۆمان کردووە، دیمەنێک سەرنجی راکێشاوە، ئەویش مۆبایلەکەی لە گیرفانی دەرهێناوە و وێنەی گرتووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە.
لە ڤیدیۆکەدا دیارە کە سەگێک لە نزیک ژمارەیەک مانگاوە وەستاوە و ناهێڵێت بە ئاسوودەیی جوڵە بکەن و ئەو گیا سەوزە بەهارییە بخۆن، بۆیە مانگاکان پێکەوە هێرش دەکەنە سەر سەگەکە، ئەویش لە ترسی قەبارەی جەستەیان و زۆری ژمارەیان تا هێزی هەیە رادەکات.
کامەران حسێن دەڵێت، دیمەنەکە سەیر و پێکەنیناوی بوو، بۆیە کەمێک بە دیارییەوە وەستان و بە مۆبایلەکانیان تۆماریان کرد.
گوندی کەورەتە دەکەوێتە قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر، زیاتر لە ٢٠ ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١٥٠ کەسن، کارەبای نیتشمانی هەیە و رێگەی سەرەکیی گوندەکە قیرتاوکراوە و قوتابخانەی سەرەتایی تێدایە، بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکە فەرمانبەرن، بەشێکیشان بە ئاژەڵداری بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
رۆژانە کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.