بووکە بە بارانە لە کانی سووری بانە

04 May 2021
بووکە بە بارانە لە کانی سووری بانە
 
بووکە بە بارانە لە کانی سووری بانە
 
هەر ساڵێک باران کەم ببارێت لە نێو کورددا نوێژە بارانە و رێوڕەسمی بووکە بە بارانە دەکرێت و ئەمساڵ بەهۆی کەمی بارانەوە، لە بەشێک لە شار و
شارۆچکەکانی کوردستان بووکە بە بارانە بە نێو شەقام و کۆڵانەکاندا گێڕدراوە و هیوای بارانباراین خوازراوە. 
 
ئەیوب ئەحمەدزادە هاونیشتمانییەکە لە شارۆچکەی کانی سووری شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە ژمارەیەک منداڵ
بووکەڵەیەکیان بەدەستەوە گرتووە و بە نێو شەقام و کۆڵانەکاندا دەگەڕێن. 
 
ئەم چالاکییە بەهۆی کەمی بارانبارینی ئەمساڵە و بۆ زیندووکردنەوەی رێوڕەسمێکی کۆنی کوردییە کە بەهۆی کەمی بارانەوە لە وەرزی پاییز و بەهاردا
سازدەکرێت.  
 
لە ڤیدیۆکەدا دیارە هاونیشتمانییان ئاو بەسەر منداڵەکان و بووکەڵەکەدا دەپڕژێنن و هێلکە بە منداڵەکان دەدەن و هیوای بارانبارین دەخوازن.
 
بووکـە بە بارانـە یەکێک لە نەریتە دێرین و رەسەنە کوردییەکانە، مێژووی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، جاران منداڵ و گەورەکان پێکەوە بووکە
بە بارانەیان دەکرد، بە زۆریش لە گوندەکان و کەمتریش لە شارەکانی کوردستان دەکرا، بەڵام ئێستا تایبەت بووە بە منداڵان.
 
هەر ساڵێک باران نەبارێت یاخود کاتی پەڵە ئاو بەسەربچێت و ترسی وشکە ساڵی هەبێت، منداڵان و نەوجەوانان لە بەشێک لە گوند و شارۆچکەکان و لە هەندێ لە
گەڕەکەکانی شارەکانی کوردستاندا، لە ناوەڕاستی وەرزی پایـز، یا لە وەرزی بەهاردا، ئەو رێوڕەسمە سازدەکەن.
 
بەهاری کوێستانەکانی گوندی نێردوشی شەمزینان
 
دەزانین کوێستانەکان سرووشتێکی جوانیان هەیە، بەڵام ئەو جوانییە لە کویستانێکەوە بۆ کویستانێکی دیکە جیاوازە، هەندێ کوێستان هەیە کە بۆی دەچیت
هەر حەز ناکەیت جێیبهێڵیت.
 
ئینجا ئەو کوێستانەی مەبەستمانە لێرە باسی بکەین بەناوی نەردوشە کە دەکەوێتە سنووری گوندی نەردوش لە شەمزینانی باکووری کوردستان، لەو شوێنە
دڵڕفێنە سرووشتێکی جوان بەدی دەکرێت و چەندین جۆری گیای و رووەکی خۆڕسکی بەهاری هەیە، بەتایبەتیش رێواس.
 
ئەوەشمان بیر نەچێت باسی بکەین، کە لەو کوێستانە بەفر تاوەکو هاوین دەمێنێتەوە و کەوییە بەفرینەکان کە ئاوێکی سازگار بەژێریدا تێدەپەرێت،
جوانییەکی دیکەیان بە کوێستانەکە داوە.
 
گەنجێک بەناوی رەحمی دۆسکی سەردانی ئەو کویستانەی کردووە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە، جگە لە نیشاندانی سرووشتی کوێستانەکە،
دیمەنی رێواسکردنیشی ناردووە و لە ڤیدیۆکەدا دیارە رێواسی تەڕ و ناسکی دەستکەتووە.
 
پێدەچێت ئەو گەنجە حەزی لە سەرکێشیکردن بێت، بۆیە لە ڤیدیۆکەدا سەرکێشیکردنی بەدی دەکرێت.
 
گەشتی دوو شاخەوان بۆ کوێستانەکانی بەردەبووک
 
بەهۆی دووری بەشێک لە کوێستانەکان  یاخود چێژی بە شەو مانەوە لە نێو سرووشت، بەشێک لە شاخەوانان لە کاتی گەشتیان بۆ کوێستانەکان، شەو لە نێو
سرووشتدا دەمێننەوە.
 
هیمداد حوسێن شاخەوانێکی کوردە و لەگەڵ هاوڕێ شاخەوانەکەی ماردین محەممەد گەشتێکیان بۆ کوێستانی بەردەبووک لە دەڤەری باڵەکایەتی لە سنووری قەزای
چۆمانی پارێزگای هەولێر کردووە و ڤیدیۆی گەشتەکەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
 
لە گەشتەکەدا بەر لەوەی بگەنە کوێستانی بەردەبووک، شەو لە بەرزاییەکانی باڵەکایەتی ماونەتەوە و بەربانگ و پارشێویان لە نێو سرووشت کردووە.
 
لەگەڵ خۆڕهەڵاتن لە گەشتەکەیاندا بەردەوامبوونە و چونەتە کوێستانی بەردەبووک و لەوێ رێواسیان کردووە.
 
هاونیشتمانییەک کە بە مەبەستی رێواسکردن چووەتە ئەو کوێستانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەشێک لە رێواسەکان پیربوونە و رێگەی سەرەکی هاتووچۆ بە
ئۆتۆمبێل لەو کوێستانە گیراوە، ئەمەش کارەکەی ئەوانی سەخت کردووە.
 
ئەمساڵ کەمی بارانبارین کاریگەری لەسەر بەرهەمی رێواس هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە یەک مانگە لە بازاڕدا دەفرۆشرێت و بووەتە سەرچاوەی داهاتی
بەشێک لە هاونیشمانییان.
 
کێڵگەی گوڵ لە ناوچەی کاتڤایکی هۆڵەندا 
 
کاتێک باسی گوڵ دەکەیت زیاتر خەیاڵت بۆ وڵاتی گوڵ دەچێت کە هۆڵەندایە، لەبەرئەوەی ساڵانە گوڵێکی زۆر تێیدا دەڕوێت و داهاتێکی زۆری بۆ ئەو وڵاتە
هەیە.
 
ئینجا با باسی شارۆچکەیەکی ئەو وڵاتە بەناوی کاتڤایکتان بۆ بکەم کە چەندین کێڵگەی گوڵ لەخۆدەگرێت و دەکەوێتە سەر دەریای باکوور لەو وڵاتە و بە یەکێک
لە شوێنە گەشتیارییەکان دەناسرێت.
 
هاونیشتمانییەک بەناوی نەشوان ئاکرەیی لەگەڵ کچەکەی وارڤین چوونەتە یەکێک لە کێلگەکانی گوڵ کە چەندین گوڵ بە رەنگی جیاواز تێیدا بەدی دەکرێن و خانمە
وێنەکێشێک دانیشتووە و وێنەی گوڵەکان دەکێشێت .
 
هۆڵەندا لە رووی رێژەی داهاتی ساڵانەی، لە ریزبەندی 17یەمین دێت و 5٪ داهاتی لەرێگەی گوڵ بەدەستدێنێت و بازرگانیکردن بە گوڵ لە هۆڵەندا بۆ 200
ساڵ بەر ئێستا دەگەڕێتەوە. 
 
هۆڵەندا بە وڵاتی گوڵ ناسراوە و بە گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری گوڵ لە جیهاندا دەناسرێت، 60٪ بازرگانیکردن بە گوڵ لە جیهاندا بەدەست هۆڵەنداوەیە
و نزیکەی 150 هەزار کەس لەو کەرتەدا لە هۆڵەندا کاردەکەن و لە 2020 بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانێکی زۆر بە کەرتی بەرهەمهێنانی گوڵ لەو وڵاتە کەوت.
 
رنینی قەزوان لە دۆڵی فەقێیانی کۆیە
 
ئەوانەی حەز دەکەن بۆ بەربانگ دۆی بە قەزوان بخۆنەوە، ئێستا کاتێکی گونجاوترین بۆ ئەمە، چونکە بەم بەهارە ماست و دۆ لە بازاڕەکاندا زۆرە و
قەزوانیش پێگەیشتووە و ئێستا لە بازارەکاندا دەست دەکەوێت.
 
رامیار تەمەر سەردانی دۆڵی فەقێیانی لە گوندی فەقێیان لە سنووری قەزای کۆیە کردووە و دیمەنی هاونیشتمانییەک سەرنجی راکێشاوە کە سەرقاڵی رنینی قەزوانی
تەڕ بووە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە تۆمارکردووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە.
 
ئینجا ئەو گەنجە لە پەیمانگەی پزیشکی خوێندوویەتی و ئێستا خوێندکاری قۆناخی یەکەمی کۆلێژی پزیشکییە و حەزی لە نێو سرووشتە و بەردەوام ڤیدیۆ بۆ رووداوی
تۆ دەنێرێت.
 
ئەو لەبارەی سوودی تەندروستیی قەزوان دەڵێت، قەزوان سوودی زۆری هەیە، لەوانە رێگری لە پوکانەوەی ئێسک دەکات، ئازاری کۆڵۆن کەمدەکاتەوە و بەهۆی
بوونی ڤیتامینەکانی A و B تێیدا، کۆئەندامی دەمار بەهێز دەکات.
 
داربەن یاخود دارقەزوان درەختێکە زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەڕوێت و بەرهەمەکەی قەزوانە کە بە تەڕی لە نێو دۆ و تورشیدا بەکاردێت و کە تەواو
پێدەگات و رەق دەبێت وەک چەرەز دەخورێت، هەروەها دەکرێتە گوشمە کە خواردنێکی ژەمی بەیانیانە و لە دارەکەی بنێشت دروست دەکرێت کە بە بنێشتی کوردی ناسراوە.
 
 رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
 رۆژانە کاژێر 23:40 پێشکەشدەکرێت.