ژەنینی شمشاڵ لە سرووشتی گوندی ئاڵۆتی بانە

ژەنینی شمشاڵ لە سرووشتی گوندی ئاڵۆتی بانە

ژەنینی شمشاڵ لە سرووشتی گوندی ئاڵۆتی بانە

شمشاڵ یەکێک لە ئامێرە فودارەکانە کە لە کوردستان هۆگری زۆری هەیە و ژەنینی لە نێو سرووشتدا چێژێکی تایبەتی هەیە.

ژەنیارێکی ئەو ئامێرە میوزیکییە بەناوی خەلیل خدر لە گوندی ئاڵوت لە نێو سرووشتی گوندەکەدا شمشاڵ بە هەستەوە دەژەنێت و ژمارەیەک کەسیش بۆ بیستنی دەنگی شمشاڵەکەی لەلای دانیشتوون، دوو کەسی دیکەش بە مۆبایلەکانیان وێنەی دەگرن، یەکێک لەوان یەحیا کەمالە کە ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

جگە لە نیشاندانی دیمەنی ژەنینی شمشاڵەکە، سرووشتی گوندی ئاڵۆتیش نیشاندراوە کە بەم بەهارە دیمەنێکی سەوز و جوانی هەیە.

ئاڵۆت گوندێکە سەر بە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ژمارەی دانیشتووانی 870 کەسن.

شمشاڵ ئامێرێکی میوزیکی فوودارە، لە کۆنەوە لەنێو کورددا بەکارهێنراوە، لە هەندێک ناوچەی کوردستان، بە ئامێرێکی پیرۆز دادەنرێت، بەپێی لێکدانەوە مێژووییەکان، هەزار و سێ سەت ساڵ پێش زایین شمشاڵ لە نێو کورددا بەکارهێنراوە.

چەندین جۆر شمشاڵ هەن، هەندێکیان لە قامیش دروستدەکرێن و هەندێکیان لە ماددەکانی ئاسن و سفر و فافۆن کە بەهۆی کونەکانییەوە ئاوازەکانی دەردەکات.



لە ناوچەی ئالان خولێکی تۆپی پێ کۆتاییهات

وەک دەزانین یاریی تۆپی پێ شەیدا و هۆگری زۆرە، بۆیە لەسەر ئاستی جیاواز خولی جیا جیا سازدەکرێن و براوەکانیش خەڵات دەکرێن.

لە ناوچەی ئالانی سەر بە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، خولێکی یاریی تۆپی پێ بەڕێوەچوو و هاوبیر حەسەنزادە ڤیدیۆی یاریی کۆتایی خولەکەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

لەو خولەدا 16 تیپ بەشداربوون و لە یاریی کۆتاییدا هەردوو تیپی مەزناوێ و دۆڵکان رووبەڕووی یەکتربوونەوە و تیپی مەزناوێ بە دوو گوڵ بەرامبەر بە یەک گۆڵ توانی یارییەکە بباتەوە و ببێتە پاڵەوانی خولەکە.

ناوچەی ئالان کە چەند گوندێکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەخۆدەگرێت، ژمارەی دانیشتووانی 12 هەزار و 459 کەسن و تەواوی دانیشتوانی کوردن.

سەردەشت دەکەوێتە نێوان سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و یەکێک لە شاره‌کانی ناوچەی موکریانە و کەوتووەتە باشووری شاری پیرانشار و مھاباد، هەروەها دەکەوێتە رۆژئاوای بانە و باشووری رۆژئاوای بۆکان و رۆژھەڵاتی قەڵادزێ لە باشووری کوردستان.


چاندنی نەمامی فستەق لە گوندی ساوە

با باسێکی فستەقیش بکەین کە وەک چەرەساتێکی خۆش و گرانبەها دەناسرێت و لەسەرتاسەری جیهاندا داخوازی زۆری لەسەرە، چونکە جگە لەوەی تامێکی خۆشی هەیە، چەندین سوودی تەندروستیشی هەیە.

جا لە کوردستان کەمتر بایەخ بە چاندنی درەختی فستەق دراوە، لە کاتێکدا زەوی و کەشەهەوای کوردستان بۆ ئەم بەرهەمە زۆر گونجاوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر باخەوانان زەوییەکانیان بۆ چاندنی ئەم بەرهەمە تەرخانکردووە.

لە گوندی ساوە لە سنووری ناحیەی خەلیفانی سەر بە قەزای سۆران، باخەوانێک سەت نەمامی درەختی فستەقی لە زەویەکەی چاندووە.

حەیدەر ساوەیی ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دەڵێت، سەت نەمامی فستەقیان لە گوندەکەیان چاندووە کە لە جۆری فستەقی حەلەبییە، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت کە چاندنی ئەم بەرهەمە لە باشووری کوردستان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

بەهۆی ئەوەی لە باشووری کوردستان گرنگی بە بەرهەمهێنانی فستەق نەدراوە، بۆیە ئەوەی ئێستا بەرهەمدێت بەشی پێداویستی ناوخۆ ناکات، بۆیە ساڵانە بە سەتان تۆن لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، بەتایبەتیش لە ئێران، تورکیا و سووریا.

فستق زیاتر وەک چەرەس دەخورێت و رووەكێكی تەمەن درێژە و بەرزیی درەختەکەی دەگاتە چوار مەتر.



ژمارەیەک گەنجی رۆژئاوای کوردستان لە سەیرانێکی بەهاریدا گۆرانی دەڵێن

لە باشووری کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان دەژین و لە وەرزی بەهاردا روو لە سەیرانگەکان دەکەن.

ژمارەیەک گەنجی رۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی سەیران چوونەتە بەرزاییەکانی کەسنەزان و پێکەوە گۆرانییان گوتووە، یەکێک لە گۆرانییەکانیش "بەهار خوەشە ب ناڤێ تە نەورۆز" بووە کە بە ڤیدیۆی تۆمارکراوە و لەلایەن رامان حەسۆ بۆ رووداوی تۆ نێردراوە.

ئەو گەنجە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە و ماوەی 10 ساڵە لە باشووری کوردستان دەژی و لەگەڵ ژمارەیەک هاورێی کە ئەوانیش خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن سەیرانییان کردبوو.

سەیرانگەی بەرزاییەکانی کەسنەزان دەکەوێتە ناحیەی کەسنەزان کە 12 کیلۆمەتر لە شاری هەولێر دوورە، لە وەرزی بەهاردا ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران سەردانی دەکەن.



بێچووە پشیلەیەک شەش کاژێر لە بزوێنەری ئۆتۆمبێلێکدا گیردەخوات

زۆرجار دەڵێن بەیانیان بەر لەوەی ئۆتۆمبێلەکەت کار پێبکەیت، بە دەست لە ئۆتۆمبێلەکەت بدە و دەنگێک دروست بکە، چونکە رەنگە پشیلە چوبێتە نێو بزوێنەرەکەیەوە، بەم شێوەیەش ژیانی پشیلەیەک لە مردن رزگار دەکەیت و زیانیش بە ئۆتۆمبێلەکەت ناگات.

هاونیشتمانییەک بەناوی عزەت حەسەن لە شاری دهۆک، ئەم کارەی نەکردووە، بۆیە لە دوای شەش کاژێر بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلەکەی بۆیە دەرکەوتووە کە بێچووە پشیلەیەک لە نێو بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکەیدایە.

ئەو شوفێرە ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دەڵێت، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا جار جار دەنگی پشیلەی بیستووە، بەڵام بیری بۆ ئەوە نەچووە کە لە نێو بزوێنەردا بێت، بەڵام دواتر سەیری بزوێنەرەکەی کردووە، دەبینێت بێچووە پشیلەیەکی لێیە و زۆر ترساوە.

لە دوای دەرهێنانی پشیلەکە لە نێو بزوێنەرەکە، لەگەڵ هاوژینەکەی گرنگیان پێداوە و سەریان شوشتووە و پاکیان کردووە و نانیان پێداوە.

پشیلە گیاندارێکی گۆشتخۆرە و دوو جۆری سەرەکی ھەیە، یەکەمیان پشیلەی ماڵییە ئەوەی دیکەیان کێویە، کەمی کێشی یارمەتیدەریەتی بۆ بازدان لە شوێنە بەرزەکان و خاوەن نینۆکێکی تیژە کە لە راوکردن یارمەتیدەریەتی و بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک نینۆکەکانی بەکاردێنیت و خۆی دەپارێزێت.



گەشتی شاخەوانان بۆ چیای سۆرک

بەشێک لە شاخەوانان سەرکێشی دەکەن و شەو لە چیاکان دەخەون، بۆ ئەوەی ماوەیەکی زیاتر لە نێو سرووشتدا بمێننەوە و ئەوان دەڵین شەو مانەوە لە نێو سرووشت چێژێکی تایبەت و جیاوازی هەیە.

محەممەد ساڵح شاخەوانێکی گەنجە و هەفتانە گەشتی شاخەوانی دەکات و زۆرجار بەشەو لە نێو سرووشتدا دەمێنیتەوە و ئەمجارە لەگەڵ دوو شاخەوانی دیکە گەشتێکی شاخەوانییان بۆ چیای سۆرک لە سنووری قەزای شەقڵاوە کردووە.

ئەو شاخەوانە بە رووداوی راگەیاند، چیای سۆرک پڕیەتی لە سەرچاوی ئاو و لە وەرزی بەهاردا چەندین کانیاو تێیدا دەبوژێنەوە و سرووشتێکی جوان بە چایەکە دەبەخشن.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ئەو عاشقی سرووشتی کوردستانە و هەفتانە لەگەڵ هاوڕێ شاخەوانەکانی گەشت بۆ نێو سرووشتی دەکات و ناتوانێت هەفتانە نەچێتە نیو سرووشت.

لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان لە باشووری کوردستان روویان لە وەرزشی شاخەوانی کردووە و چەندین گرووپی شاخەوانی دامەزراون و گەشتی شاخەوانی دەکەن و زۆربەیان ڤیدیۆی گەشتەکانیان بۆ رووداوی تۆ دەنێرن.

 

رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
رۆژانە کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.