زەوی کێڵان لە خەلیفانی مهاباد

05 October 2021
زەوی کێڵان لە خەلیفانی مهاباد
هەرچەند زۆربەی جووتیاران لە کۆتایی وەرزی زستان و سەرەتا مانگی بەهاردا زەوییەکانیان دەکێڵن، بەڵام بەشێکیان لە وەرزی پاییزدا دەست بە کێڵانی زەوی دەکەن.

مستەفا رەواجی کە خەڵکی بۆکانە، لە شارۆچکەی خەلیفانی سەر بە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە بە دوو تراکتۆر سەرقاڵی زەوی کێڵانن.

لە دوای کێڵانی زەوییەکە، لە وەرزی زستاندا نۆکی تێدا دەچینن، بۆیە لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ ئەو کارە دەکەن.

جووتیاران بۆ ئەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکەیان بە پیت بێت و ببێتە هۆکاری ئەوەی بەرهەمێکی باشی کشتوکاڵی هەبێت، ساڵانە زەوییەکانیان دەکێڵن.

لە زەوی کێڵاندا ئامێری پێشکەتوو بەکاردەهێنرێن، بەڵام لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان، تاوەکو ئێستا بە کەرستەی کۆن ئەم کارە دەکرێت و بە گا و ئەسپ زەوی دەکێڵن، ئەگەر زەوییەکەش زۆر فراوان نەبێت، هەر بە پێمەرە بە هەرەوەزی دەیکێڵن، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە شاخاوین.




لە دەشتی تاتان هاونیشتمانییەک کەپرێک لە رووەک و گوڵ دروستدەکات

کاتێک هاوینێکی گەرم بێت خوا خوا تە سێبەرێک بدۆزیتەوە و خۆت لە تیشکی خۆر بپاریزیت، ئینجا بەشێک لە خەڵکی بۆ دروستکردنی سێبەر، بیر لەوە دەکەنەوە بە کارێکی جوان، سێبەرێکی فێنک دروستبکەن.

لە دەشتی تاتانی سنووری گوندی تاتان لە قەزای پێنجوێن، هاونیشتمانییەک کەپرێکی جوانی دروستکردووە، ئەو لە دروستکردنیدا چەندین رووەک و گوڵی تێیدا بەکارهێناوە.

ئینجا جگە لەوەی کەپرەکە سێبەرێکی دروستکردووە و بووەتە شوێنێکی حەوانەوە و فێنک، لە هەمانکاتتدا دیمەنێکی جوانی هەیە و خاوەنەکەی دلاوەر تاتانی ماوەی دوو ساڵە خزمەتی کەپرەکە دەکات.

ئاکۆ سالار کە بەردەوام  دیمەنی سرووشتی جوانی سنووری قەزای پێنجوێن بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، دیمەنی کەپرەکەی وێنەگرتووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە. 

تاتان گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی گەرمکی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، لە باکوور لەگەڵ گوندی قەلەندەراوای تازە، لە باشوور لەگەڵ گوندی گەرمک، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی باراوەی کۆن و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی سەیرانە ھاوسنوورە.




مۆزەخانەی کولتووری و کەلەپووری لە گوندی کانیبۆتی دەڤەری بارزان

هەرچەند کردنوەی مۆزەخانە ئەرکی حکومەت بە پراستنی مێژوو و شوێنەوارەکان، بەڵام بەشێک لە هاونیشتمانییان خەمخۆری ئەو بوارەن و پارێزگاری لەو مێژووە دێرینەی میللەتەکەیان دەکەن.

لە بناری چیای شیرین لە دەڤەری بارزان، بەهەوڵی چەند خەمخۆرێکی دەڤەرەکە، مۆزەخانەیەک کراوەتە، بۆ پارێزگاریکردن کە لە شوێنەوار و کەلووپەلە کولتووری و کەلەپوورییەکانی دەڤەری بارزان.

رێبەر بارزانی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەیە و گلەیی لە حوکمەت دەکات کە هیچ ئاوڕێک لە مۆزەخانەکە ناداتەوە و هاوکاری ناکرێن و رەوێن سوورچی ڤیدیۆ و زانیاری لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

لە مۆزەخانەکەدا بەشێک لە شوێنەوار و کەلوپەلی کولتووری و کەلپووری دەڤەری بارزان پارێزراون کە رۆژانە بە فەرمی سێ رۆژ بە رووی خەڵکدا کراوەیە و هەندێ جار لە کاتی سەردانی گەشتیاران و خوێندکاری پەیمانگە و زانکۆکان دەرگای واڵا دەکرێت.

بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزار لە مۆزەخانەکە، ئەندامانی تیپی هونەریی کانیبۆت هەفتانە سێ بۆ چوار رۆژ مۆزەخانەکان پاکدەکەنەوە.

لە مۆزەخانەکاندا بە سەدان پارچە شوێنەوار، کەلووپەلی کولتووری و کەلەپووری پارێزراون، بەشێکی زۆری پارچە شوێنەوار و کەلووپەلە کەلەپوورییەکانی گوندی بێدیال تێیدا پارێزراون.

مۆزەخانەکە لە 14 کانوونی دووەمی 2020 بە فەرمی کرایەوە.




وشککردنی هەنجیر لە گوندی شارسینەی خەلیفان

ئەوانەی لە گوند دەژین جگە لەوەی هاوین و پاییز سوود لە بەرهەمی باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان وەردەگرن، لە هەمانکاتتدا بەشێکی بۆ زستان کۆدەکەنەوە و لە شەوانی درێژی زستاندا دەیخۆن.

مستەفا سابیر خەڵکی گوندی شارسینەی سەر بە ناحیەی خەلیفانی قەزای سۆرانە، جگە لەوەی ئەمساڵ هەنجیرێکی باشی خواردووە، بەشێکیشی وشکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە شەوانی زستاندا لەگەڵ گوێز و بادەم بیخۆن.

سەرکەوت مستەفا ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا شێوازی وشککردن و هەڵگرتنی هەنجیرەکە نیشاندەدات.

هەنجیر، لە وەرزی هاویندا پێدەگات و لە کوردستان زۆر بەرهەمدێت، سەرباری تامە خۆش و شیرینەکەی، پڕ کانزا و ڤیتامینە بەمەش کۆمەڵێک سوودی تەندروستیی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە. 

هەنجیر بەهۆی ئەوەی شیرینە، دەتواندرێت وەک سەرچاوەیەک بۆ وەرگرتنی شەکری سروشتی بەکاربهێنرێت، واتە ئەگەر ئارەزووت بە خواردنی شیرینییە لەبری پەنابردنە بەر خواردنی شیرینییە دەستکردەکان، دەتوانیت هەنجیر بخۆیت بەمەش مەترسیی قەڵەوبوونت کەمتردەبێتەوە.



گەشتی شاخەوانان بۆ تاڤگەکانی گۆمەشین و هەرتەل

شاخەوانان و گرووپە شاخەوانییەکان، جگە لە ناوچەکانیان، بۆ گەشتەکانیان سەردانی ناوچە جیا جیاکان دەکەن.

گرووپی شاخەوانی چەرموو لە چەمچەماڵ، گەشتێکی شاخەوانیان بۆ تاڤگەکانی گۆمەشین و هەرتەل لە سنووری ناحیەی بێتواتەی دەڤەری خۆشناوەتی کردووە.

هيمن ئەحمەد سەرۆکی گرووپی شاخەوانی چەرموو، ڤیدیۆی گەشتەکەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە و تاڤگەکانی زێوێ و گۆمەشین نیشاندەدات.

گرووپە شاخەوانییەکان، لە وەرزە جیا جیاکاندا گەشتە شاخەوانییەکانیاندا ئەنجامدەدەن، جگە لە چێژ وەرگرتن لە سرووشت، ئەوان چێژ لە سەرکێشیکردن لە نێو سرووشتیش وەردەگرن، بۆیە لە هەرچوار وەرزی ساڵدا گەشت رێکدەخەن، ئینجا بەهارێکی سەوز بێت، یاخود بەفرێکی زۆر باریبێت، یاخود گەرما و گەڵارێزان بێت.

رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.

کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.