چۆنیەتی بەستنی پشتوێنی گرێ گرێ
راماڵینی بەفر لەسەر رێگەی کوێستانی قەڵاتی شا
بەشێک لە هاونیشتمانییان لە وەرزی بەهاردا روودەکەنە کوێستانەکان، بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و چێژ وەرگرتن لە دیمەنی بەفر و سەوزایی و کەشوهەوای
فێنک.
مەرج نییە هەموو جارێک کە دەچیتە کوێستانەکان، دۆخەکە بەو شێوەیە بێت کە پێشبینیت کردووە، بۆ نموونە بەو بەهارە درەنگە بیرت لەوە کردووەتەوە بچیتە
کوێستانێک، بەهۆی بەفرەوە رێگەی کوێستانەکە داخرابێت؟
هاونیشتمانییەک بەناوی حاسڵ ئاتین کە دانیشتووی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانە، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی سەردانی کوێستانی قەڵاتی شایان
کردووە، بەڵام لەرێگەدا دەبینن بەفر رێگەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی گرتووە.
بەهۆی رنووی بەفرەوە رێگەی سەرەکی ئەو کوێستانە گیراوە و ژمارەیەک گەنج بەفری سەر ئەو رێگایە رادەماڵن و یەک کاژێر و نیویان پێویستە بووە تا
بەفرەکەیان لەسەر رێگەکە راماڵیوە.
کوێستانی قەڵاتی شا دەکەوێتە سنووری مهاباد و پیرانشار، تاوەکو کۆتایی وەرزی بەهار بەفری لێ دەمێنێتەوە.
لە چیای تاڵەجارانی شنۆ بزنی کێوی دەبیندرێن
یەکێک لەو دیمەنانەی سرووشتی کوردستانی جوانکردووە، بینینی بزنی کێوییە لە چیاکانی کوردستان و ئەو دیمەنەش زیاتر لەلایەن ئەو کەسانەوە دبیندرێن کە
خەڵکی گوندەکانی بناری چیاکان و ئەو کەسانەی سەردانی چیا دەکەن.
هاونیشتمانییەک بەناوی قادر رەحمان لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی دیکە چووەتە چیای تاڵەجاران لە سنووری شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ڤیدیۆیەکی
لەبارەی گەشتەکەیان بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
لە گەشتەکەدا بزنێکی کێویان بینوە کە بە تەنیا بووە و سەیری ئەوان دەکات.
قادر رەحمان دەڵێت چەند ساڵێکە ئەو بزنە کێوییە بە تەنیا دەبیندرێت و لە بزنە کێوییەکانی دیکە جیابووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە سنووری شاری
شنۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە بزنی کێوی هەن.
لە چیا و بناری چیاکانی کوردستاندا بزنی کێوی بەدی دەکرێن و ژمارەی هەرە زۆری ئەو ئاژەڵە کێوییە لە دەڤەری بارزان دەبیندرێن، بەهۆی ئەوەی
راوکردنیان لەو دەڤەرە قەدەخکراوە، بەهۆیەوە ژمارەیان زۆر بووە و تەنانەت لە وەرزی زستاندا دەچنە نێو گوندەکان و لە مرۆڤ نزیک دەبنەوە.
لە گوندی شەرمن بەهۆی باهۆزەوە گەورەترین درەختی گوندەکە شکا
خەڵکی گوندی شەرمن لە سنووری ناحیەی دینارتە خەمبارن بە لە دەستدانی گەورەترین داربەڕووی گوندەکەیان کە بەهۆی باهۆزەوە شکاوە.
هاونیشتمانییەک بەناوی تاریق ئەنوەر ڤیدیۆ درەختە شکاوەکەی وێنەگرتووە و بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دەڵێت، تەمەنی درەختەکە 200 ساڵە و گەورەترین درەختی
گوندەکەیان بوو.
لە ڤیدیۆکەدا وا دەردەکەوێت کە داربەڕووەکە وشەکە، بەڵام ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات درەختەکە وشک نەبووە و 20 رۆژ بەر لە شکان وێنەیەکی
خۆی لە نزیک درەختە گرتووە و سەوز دەردکەوێت.
شەرمن گوندێکی سنووری ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێی پارێزگای دهۆکە، خەڵکی ئەو گوندە زیاتر بە باخداری و ئاژڵداری سەرقاڵن و بژێوی ژیانیان
بەدەست دێنن.
دەزانن یەکێک لە کێشەکانی جلوبەرگی کوردی پیاوان، بەتایبەت ئەوانەی زۆر شارەزاییان لێی نییە و کەمتر دەیپۆشن، بەستنی پشتوێنە، بەتایبەتیش پشتوێنی سێ گرێ کە بەشێک لەوانەی ئەو جلە دەپۆشن هەر نایزانن.
ئەمیر ئەرسەلان بەرگدروو و دیزاینەری جلوبەرگی کوردیی پیاوانە لە هەولێر، ئەو لە ڤیدیۆیەکەدا کە بۆ رووداوی تۆی ناردووە، تیشک دەخاتە سەر جوان دەرکەوتنی جلوبەرگی کوردی لە کاتی پۆشینیدا دەکات.
ئەو دیزاینەرە جگە لە کارەکەی، ڤیدیۆش لەبارەی جلوبەرگی کوردی و چۆنیەتی پۆشینی دەدات، بەتایبەت بۆ ئەوانەی کەمتر جلوبەرگی کوردی دەپۆشن و لە هەمانکاتتدا دەیانەوێت جوان دەرکەون.
جلوبەرگی کوردی پیاوان، دیزاینی بەپێی ناوچەکانی کوردستان دەگۆڕێت، بەڵام بە گەشتی کورتەک، شەرواڵ، پشتوێن، شاڵ و شەپک، کڵاو، جامانە و کڵاش پێکدێت.
لە ھەرێمی کوردستان رۆژێک بۆ پۆشینی جلوبەرگی کوردی دیاریکراوە، ئەویش ١١ـی ئازاری ھەموو ساڵێکە، ئەمەش لەسەر خواستی کەسەکە دەمێنێتەوە و بەئازادانە دەی پۆشێت، ئەو رۆژەش زۆربەی قوتابخانە، کۆلێژ، پەیمانگا و دامودەزگا حکومی و تایبەتییەکان دەگرێتەوە.
لە مانگی رمەزاندا دیاردەیەک لە بەشێکی زۆر لە مزگەوتەکاندا بەدی دەکرێت، ئەویش کۆبوونەوەی منداڵانە بە چەند خولەکێک بەر لە بەربانگ لە حەوشەی مزگەوتەکاندا.
ئینجا لە مزگەوتی گەورەی ناحیەی ژاراوێ لە قەزای پشدەر، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان بۆ بەربانگ لە حەوشە و باخچەی مزگەوتەکە کۆدەبنەوە، ئینجا کەمێک خورما یا بوتلێک ئاو یان شەربەتیان بەدەستەوەیە و چاوەڕێی بانگن.
لە هەمووی خۆشتر ئەوەیە کە زۆربەیان بەرۆژوو نین، یان ئەوانەن کە تاوەکو نیوەڕۆ بەرۆژوو دەبن و رۆژی دواتر نیوەکەی دیکەی رۆژوەکە دەگرن، ئینجا هەندێکیان بەر لە بانگدان، جار جار قومێک شەربەت دەخۆنەوە.
هاونیشتمانییەک بەناوی زاهیر نووری ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دەڵێت، رمەزان بەو منداڵانەوە جوان و خۆشە کە لە کاتی بەربانگدا لە مزگەوت ئامادە دەبن.
منداڵان بەردەوام حەز دەکەن لاسایی گەورەکان بکەنەوە، بۆ نموونە حەز دەکەن وەک گەورەکان بەڕۆژو بن، ئینجا بەشێک لە دایکان و باوکان دڵیان نایێت منداڵەکانیان لە تەمەنێکی زووەوە بە رۆژو بن، بۆیە بە منداڵەکانیان دەڵێن رۆژانە تاوەکو نیوەڕۆ بەرۆژوو بن و رۆژی دواتر لە نیوەڕۆوە تاوەکو بەربانگ بەڕۆژوو بن و بە رۆژوویەک بۆیان دەژمێردرێت.
دەڤەری بارزان بە سرووشتە جوانەکەی ناسراوە و کار بۆ پاراستنی ژینگەکەی کراوە، بۆیە بچیتە هەر گوندێکی ئەو دەڤەرە دیمەنی جوانتر و سەرنجڕاکێشتر دەبینیت.
گوندی زینێ یەکێک لە گوندەکانی ئەو دەڤەرەیە، لە وەرزی بەهاردا دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە، سەمیر دۆڵەمەری کە دیمەنی زۆربەی گوندەکانی ئەو دەڤەرەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، ئەمجارە دیمەنی ئەو گوندەی ناردووە کە بە درۆن وێنەگیراوە و لە بەرزاییەوە دیمەنی گوندەکە نیشاندەدات.
لە ڤیدیۆکەدا محەممەد شێروانی زانیاری لەبارەی گوندەکە دەدات کە لە شەش ماڵ پێکهاتووە و هەموویان لە یەک ماڵباتن و گوندەکە دەکەوێتە سەر رێگەی گشتی سەیرانگەی مەیدانۆکان.
ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکە پێشمەرگەن، ئەوانی دیکەش بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵییەوە سەرقاڵن و بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.
دەڤەری بارزان دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر، بەهۆی سرووشتە جوانەکەی، چەندین شوێنی گەشتیاری هەیە و هاونیشتمانییان سەردانی دەکەن و بەهۆی پاراستنی ژینگەکەی، ژمارەیەکی زۆر درەخت لەو دەڤەرە هەن و ئاژەڵی کێوی زۆری هەیە، بەتایبەتیش بزنی کێوی.
کۆکردنەوەی گیا و رووەکی بەهاری لە کوێستانەکانی برادۆست
بەشێک لە هاونیشتمانییان بۆ بینینی دیمەنی جوانی کوێستانەکان و کۆکردنەوەی گیا و رووەکی خۆڕسکی بەهاری سەردانی کوێستانەکانی برادۆست دەکەن.
هاونیشتمانییەک بەناوی ئەیاز برادۆستی سەردانی کویستانەکانی نزیک گوندی بەرمیزە لە سنووری دەڤەری برادۆست کردووە و ڤیدیۆیەکی لەمباریەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، گەشتەکەیان بە مەبەستی بینینی سرووشتی جوانی کویستانەکان بووە، لە هەمانکاتتدا بۆ کۆکردنەوەی گیا و رووەکی بەهاری بووە، وەک رێواس و قارچک.
ئەیاز برادۆستی ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بەشێک لە هاونیشتمانییان لەو دەڤەرە، لە وەرزی بەهاردا بژێویان لەسەر گیا و رووەکە بەهارییەکانە کە لە کوێستانەکان کۆی دەکەنەوە و لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، کوێستانەکانی دەڤەری برادۆست بە گیا و رووەکە بەهارییەکان دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی سەر سنوور و هێرشی فرۆکەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە، لە کاتی سەردانیان بۆ کوێستانەکان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
رۆژانە کاژێر 23:40 پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە