دروێنەی برنجی کوردی لە دینارتە
دروێنەی برنجی کوردی لە دینارتە
ئیدی وەرزی دروێنەکردنی برنجی کوردییە و جووتیارەکانی باشووری کوردستان، دەستیان بە دروێنەکردنی بەرهەمی ئەمساڵی برنجی کوردی کردووە.
لە گوندی سیانی سەر بە ناحیەی دینارتەی قەزای ئاکرێی سنووری پارێزگای دهۆک،برنجی کوردی پێگەیشتووە، بۆیە هەر زوو جووتیارەکان دەستیان بەدروێنەکردن کردووە، بەیار زێباری، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەک جووتیار دەردەکەون بە دەست دروێنەی برنجی کوردی دەکەن.
هەڵبەتە دروێنەکردنی برنجی کوردی بە هەرەوەزی دەکرێت و خەڵکی گوندی هاوکاری یەکدی دەکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات دروێنەکە تەواو بکەن، دوای ماندوبوونێکی زۆر بۆ نیوەڕۆش بەیەکەوە لە ژێر دارێک دادەنیشن و نانێکی کوردەوارانە دەخۆن و دواتریش تاوەکو خۆرئاوابوون دەست دەکەنەوە بە دروێنەکردن.
80 شاخەوان گەشتێک بۆ ئەشکەوتی خەلان ئەنجامدەدەن
گرووپی شاخەوانی باواجی، گەشتێکی شاخەوانی بۆ زنجیرە چیای برادۆست و ئەشکەوتی خەلان ئەنجامدا، کە زیاتر لە 80 شاخەوان بەشداریان لەم گەشتەدا کرد.
گرووپی شاخەوانی باوجی لە ساڵی 2016 دامەزراوەو ئێستا زیاتر لە 200 ئەندامی هەیە، هەفتانە چەند گەشتێک بۆ چیاو ئەشکەوتەکانی باشووری کوردستان ئەنجامدەدات.
چیای برادۆست کەوتووەتە باکووری شاری ھەولێر، لە نزیک قەزاکانی رواندز و سۆران، سەرەتاکەی لە گەلی عەلی بەگ درێژدەبێتەوەو لە بەرامبەر چیای کۆڕەک هەڵکەوتووە. کە درێژبوونەوەی چیای برادۆست (2058) مەتر دەبێ، لە باشووری رووباری رواندز درێژیەکەی دەگاتە ١٥٩٦ مەتر، هەروەها چیای برادۆست دەڕوانێت بەسەر رووباری باڵەکیان.
هەڵبەتە کۆنترین ئەشکەوتی جیھان لە چیای برادۆست ھەڵدەکەوێ و بە ئەشکەوتی شانەدەر دەناسرێت. لەم ئەشکەوتەدا ئێسک و پروسکی نێژراوی یەکەم مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە.
هیوا کۆیی، ئەم ڤیدیۆیەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە بەیەکەوە بینەری دەبین.
کۆکردنەوەی کونجی لە هەولێر
لە گوندی میرکە لە بناری دیدەوانی دەڤەری مەنتکایەتی سنووری پارێزگای هەولێر، ماوەی چەند رۆژێکە دەست بە کۆکردنەوە بەرهەمی ئەمساڵی کونجی کراوە.
هاونیشتمانییەک بەناوی هەڵمەت ئەسعەد ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەک لە جووتیاری ئەم ناوچەیە سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی کونجی ئەمساڵن.
هەڵمەت لەمبارەیەوە دەڵێت، کە زیاتر لە 5 دۆنم زەوی لەم گوندە بۆ کونجی تەرخانکراوە، نزیکەی 2 تەن کونجی تەنیا لەم گوندە بەرهەمدەهێندرێت.
هەڵمەت گوتیشی، کە کونجی زۆر بەبەرەکەت و بەرهەمە، لە پێنج دۆنم زەوی تەنیا پێنج کیلۆ کونجی پێوە دەکرێت و نزیکەی 2 تەن کونجی دەداتەوە، ئەمەش بۆ جووتیارەکان زۆر باشەو سوودێکی زۆری هەیە.
ناوچەی شێخەڵێس لە بەنداوی دووکان
ژمارەیەک لە گەنجانی ناحیەی حاجیاوەی سەر بە ئیدارەی راپەڕین، بە بەلەم سەردانی ناوچەی شێخەڵێس-یان لە دەریاچەی دووکان کردووە، کە شوێنێ زۆر جوان و دڵگیرە.
هاونیشتمانییەک بەناوی فریاد حەمەسوور،ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووەو تێدا ژمارەیەک گەنج دەردەکەون، کە لەنێو بەلەمێکدان و دەچنە تەنگەی شێخەڵێس و لەوێ گەشتێکی خۆش ئەنجامدەدەن.
فریاد دەشڵێت، بە دوو رێگە دەتوانی سەردانی ئەم تەنگە بکەی، یەکێکیان لە بەنداوی دووکانەوە بۆی بێیت، ئەوەی دیکەیان لە زێی بچووک یان لە گوندی خۆشاو سەر بە ناحیەی بنگرد بە بەلەم بۆی دەچیت.
فریاد گوتیشی، کە ئەم ناوچەیە وەکو نیمچە دوورگەیەک وایە، شوێنی زۆر جوان و دڵگیری تێدایە، خەڵکی بۆ گەشت و سەیران دێنە ئەم ناوچەیە، بەڵام دەبێت لەگەڵ کەسانی شارەزا سەردانی ئەم ناوچەیە بکەی،چونکە پێچی زۆری تێدایە، بەیەکەوە لەم ڤیدیۆیە دەڕوانین.
کۆکردنەوەی هەنگوین لە دەڤەری برادۆست
ئیدی وەرزی کۆکردنەوەی هەنگوینە لە باشووری کوردستان، لە دەڤەری برادۆستیش هەنگەوانان دەستیان بە کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین کردووە.
دەڤەری برادۆست، یەکێکە لەو دەڤەرانەی بە هەنگوینی سرووشی پلەیەک ناسراوە، چونکە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاو کەش و هەوای و زۆری شاخ و کوێستان، هەنگوینەکەی پلەی یەکەمی وەرگرتووە.
بەشیر برادۆستی ڤیتییەکی لەبارەی بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین لە دەڤەری برادۆست بۆ ئامادەکردووین، کە ئاماژە بەوە دەکات، بەرهەمی ئەمساڵ لە چاو ساڵانی رابردوو کەمی کردووەو بۆ ئەمەش هۆکاری زۆر هەیە، لەم ڤیتییەدا زانیاری زیاتر دەزانین.
لە قەرەداخ بەرهەمی ئەمساڵی لۆبیا کۆکرایەوە
لە گوندی مێوڵی سەر بە قەزای قەرەداخی سنووری پارێزگای سلێمانی، دەست بەکۆکردنەوەی بەرهەمی لۆبیاو تەماتەو بامییە کراوە.
ئیمان جەزا، خانمێکی دەستڕەنگی ئەم گوندەیە، هەمیشە ڤیدیۆی جوان و بەسوود بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ دەنێرێت، لەگەڵ جووتیارەکانی گوندەکەی چووەتە نێو رەز و باخەکان و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا جووتیارەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی لۆبیاو تەماتە و بامییەن.
ئیمان جەزا دەشڵێت، لە بەیانیەکی زوو جووتیارانی گوند لە خەوهەڵدەستن و دەچنە نێو کێڵگەکانیان و دەست بە کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵ دەکەن، ئەم ناوچەیە شاخاوییەو کەش و هەوایەکی فێنک و سازگاری هەیە، بۆیە هەمیشە بەرهەمەکانیان تام و چێژێکی تایبەتی هەیەو لە هیچ ناوچەیەکی دیکە ناچێت.
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
رۆژانە کاژێر 22:30 خولەک پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە