دارسێوێکی گوندی باغلوجەی سەقز لە پاییز چرۆ دەکات
هەرکاتێک لە وێنەیەکدا دەبینیت دار میوەیەک چرۆی کردووە، دەزانیت کە وەرزی بەهارە، بەڵام دەڵێن چی ئەگەر ئەو دیمەنە لە وەرزی پاییزدا ببینن.
لە گوندی باغلوجەی سەر بە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، حاتەم محەممەدی ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی دار سێوێک نیشاندەدات کە بەم پاییزە چرۆی کردووە.
محەممەدی دەڵێت "بەپێی ئەزموونی باب و باپیرانیان، کاتێک کە لە پاییزاد دارسێوێک چرۆ بکات، ئاماژەیە بۆ ساڵێکی ناخۆش".
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژمارەیەکی زۆر باخی سێو هەن و بووەتە سەرچاوی داهاتی بەشێکی زۆر لە خەڵکی، چ ئەوانەی خاوەن باخن، یاخود ئەوانەی وەک کرێکار کاری تێدا دەکەن.
سێو لە شوێنە مامناوەندەکانی نیوەی باکووری گۆی زەوی، لە چیاکانی حەوزی زەریای سپی ناوەڕاست ھەیە و لە کوردستانیش چەندین جۆری بەرهەمدێت.
دروستکردنی دۆشاوی ترێ لە عەفرین
عەفرینی رۆژئاڤای کوردستان بە کشتوکاڵ بەناوبانگە و چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی تێیدا بەرهەمدێت، لەو بەرهەمە کوشتوکاڵیانە چەندین بەرهەمی دیکە بەرهەمدەهێنرێن، بۆ نموونە دۆشاوی ترێ.
هاونیشتمانییەک بەناوی عەبدوڵڵا عەفرینی ڤیدیۆیەکی لەبارەی دروستکردنی دۆشاوی ترێ ناردووە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لەو دۆخە سەختەی خەڵکی عەفرین تێیدا دەژین، کەچی لە کاری کشتوکاڵی بەردەوامن، هەروەها چەندین بەرهەمی تایبەت بەخۆیان لەو بەرهەم کشتوکاڵیانە بەرهەمدێنن.
بەرهەمهێنانی دۆشاوی ترێ، پرۆسەیەکی ماندووکەرە، بەڵام ئەنجامێکی شیرینی هەیە و خوانی بەیانیان دەڕازێنێتەوە، لە رووی ماددیشەوە قازانجی هەیە.
رەزڤانەکان سەرەتا ترێیەکە لێدەکەنەوە و کۆی دەکەنەوە، دواتر بۆ ئەو شوێنەی مەنجەڵی گەورەی تێدایە دەیگوازنەوە کە بۆ ئەوەی بخرێنە سەر ئاگر ئامادەکراون.
دواتر بە ئامێرێک ترێکە دەگوشرێت و ئاوەکەی جیا لە پاشماوەکەی دەکرێتەوە و ئاوە گوشراوەکە لە نێو مەنجەڵێکی گەورەدا دەکۆڵێنین، ئینجا بە سوزگییەک پاشماوەکەی جیا دەکرێتەوە.
پاش جیاکردنەوەی پاشماوەی ترێکە، ئاوەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر دەکوڵێنرێت و خەست دەکرێتەوە، تاوەكو دەبێتە دۆشاوی ترێ و بۆ خواردن ئامادە دەبێت.
دۆشاوی ترێ زۆربەی کات لەبری دۆشاوی خورما بەکاردەهێنرێت و لەگەڵ تەحیندا تێکەڵدەکرێت و بەیانیان دەخورێت.
سوود وەرگرتن لە تیشکی خۆر بۆ ئامادەکردنی خواردن
مەرج نییە بۆ گەرمکردنی ئاو و ئامادەکردنی ژەمێک خواردن، پەنا ببەیتە بەر ئاگر و سووتەمەنی، بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت سوود لە تیشکی خۆریش وەربگریت و ئەم رێگەی زیان بە سرووشت ناگەێنێت.
رەنج عومەر شاخەوانێکی کوردە و ئێستا لە وڵاتی نیپالە و گەشتەکەی بۆ چیای ئێڤرێست دەستپێکردووە و لە رێگەدا گوندی دینگبۆچ لە بناری زنجیرە چیاکانی هێمالایا لەو وڵاتە، سەرنجی راکێشاوە.
بەشێک لە خەڵکی ئەو گوندە سوود لە تیشکی خۆر وەردگرن بۆ ئامادەکردنی ژەمە خواردنەکانیان و گەرمکردنی ئاو.
رەنج عومەر دەڵێت، نزیکەی 150 کەس لە گوندەکەدا دەژین و چوار هەزار و 410 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.
هەروەها دەڵێت، لەو گوندەدا تەنیا منداڵ و کەسانی بەتەمەن دەبینرێن، چونکە گەنجەکانیان بۆ خوێندن و کار روویان لە شارەکان کردووە.
رەنج عومەر پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، دوای گەڕانێکی زۆر بۆی دەرکەوتووە ئەگەر بچێتە سەر لووتکەی ئێڤرێست، دەبێتە یەکەم کورد، بۆیە بێ دوودڵی ئەو بڕیارەی داوە و گەشتەکەی دەستپێکردووە.
ئەو گەنجە کوردە بیرۆکەکەی گەیاندووەتە سەرۆک بارزانی و دەڵێت، "بە گەرمی پێشوازی لێکردم و ئاڵایەکی کوردستانی پێشکەشکردم تاوەکو لەسەر لووتکەکە هەڵی بکەم."
ئەو کاتەی رەنج عومەر سەرۆک مەسعود بارزانی بینیوە و پلانی گەشتەکەی داناوە بۆ ساڵی 2020، کۆتاییەکانی ساڵی 2019 بوو کە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جیهان، بۆیە گەشتەکەی بۆ ساڵی 2021 دواکەوت.
رەنج عومەر دەڵێت، کاتێک لە ساڵی 2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بینیوە، "زۆر بە گەرمی پێشوازی لە پرۆژەکەم کرد و پاڵپشتیی ماددی و مەعنەویی ئەم پرۆژەیەی کرد، زۆریشی پێخۆش بوو کە گەنجی کورد خاوەنی خەونی گەورەیە و ئیرادەی بەهێزە."
چیای ئێڤرێست بەرزترین چیاییە لەسەر ئاستی رووی دەریاوە، دەکەوێتە زنجیرەچیای هێمالایە، ئەو لووتکەیە سنووری نێوان چین و نیپاڵە بەرزی چیاکە هەشت هەزار و 844 مەترە.
چیای ئیڤرست سەرنجی زۆر لە شاخەوانە سەرکێش و بەناوبانگەکان رادەکێشێت، بەتایبەت شاخەوانە سەرسەختەکانی خاوەن ئەزموونێکی زۆرن لە شاخەوانیدا، بۆ ئەم مەبەستەش دوو رێگەی سەرەکی بۆ سەرکەوتن هەیە، یەکێکیان لە باشوری رۆژهەڵاتی نیپالە کە بە رێگەی ستاندارد و باو ناسراوە، ئەوی دیمکەیان لە باکوورەوەیە لەبەری تێبت لە چین.
ئامادەکردنی خواردن لە نێو سرووشتدا
بەشێک لە هاونیشتمانیان بۆ ئامادەکردنی خواردن لە نێو سرووشتدا، گەشت بۆ نێو سرووشت دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش سرووشتێکی جوان و دەڵرفێن هەڵدەبژێرن.
عومەر جەبەلی گەنجێکی ناحیەی پیرمامی سەر بە پارێزگای هەولێرە، گەشتێکی بۆ سەیرانگەی ئیسومەرا لە دەڤەری بارزان کردووە و لە بەردەم تاڤگە ئەو سەیرانگەیە، ژەمێک خواردنی ئامادەکردووە و ڤیدیۆی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
جەبەلی، دەڵێت، هەفتی چوار بۆ پێنج رۆژ دەچێتە نێو سرووشت و خواردن لە نێو سرووشتدا ئامادە دەکات.
دەڤەری بارزان بەهۆی سرووشتە جوانەکەی، چەندین شوێنی گەشتیاری هەیە و هاونیشتمانییان سەردانی دەکەن و بەهۆی پاراستنی ژینگەکەیەوە، ژمارەیەکی زۆر درەخت لەو دەڤەرە هەن و ئاژەڵی کێوی زۆری هەیە، بەتایبەتیش بزنی کێوی.
لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشێک لە هاونیشتمانییان دەچنە نێو سرووشت و خواردن ئامادە دەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکەنەوە.
کۆکردنەوەی بەرهەمی کونجی لە گوندی باکورمان
ماوەی یەکە مانگە وەرزی دروێنەی کونجی لە باشووری کوردستان دەستپێکردووە و بەهۆی سەختی دروێنەی ئەم بەرهەمە، بە هەرەوەزی ئەنجامدەدرێت.
زکی باکورمانی ڤیدیۆیەکی لەبارەی دروێنەی کونجی لە گوندی باکورمان لە سنووری قەزای ئاکرێ بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان بە هەرەوەزی سەرقاڵی ئەو کارەن.
باکورمانی دەڵێت، کونجی لە مانگی حوزەیراندا دەچێندرێت، دروێنەشی لە سەرەتای مانگی ئەیلوول تاوەکو 20 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت، دواتر بۆ ماوەی 15 رۆژ دەهێڵدرێتەوە تاوەکو وشک دەبێت، پاشان کونجییەکە لە توێکڵەکەی جیادەکرێتەوە.
خەڵکی گوندی باکورمان گرنگییەکی زۆر بە چاندنی کونجی دەدەن، چونکە چەندین کارگەی تەحینی تێدایە کە لە کونجی بەرهەمی دێنن و ناوبانگییەکی زۆریان لە دەڤەرەکە پەیداکردووە.
كونجی بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، یەکێک لەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەیە كە مرۆڤ لە كۆنەوە پێی ئاشنابووە و گرنگی بە چاندنی داوە، رێژەیەکی بەرچاو زەیتی تێدایە.
نیشتمانی سەرەكی كونجی، ئەسیوپیایە و دواتر بەجیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئێستا بەشێوەیەكی فراوان لە ناوچە كەمەرەییەكانی هەردوو كیشوەری ئاسیا و ئەفەریقیا دەچێندرێت، نزیکەی 68٪ـی کونجیی جیهان لە هیندستان، بۆرما، چین و سوودان بەرهەمدێت.
لە هەرێمی كوردستانیش چاندنی ئەم بەرهەمە كشتوكاڵییە مێژوویەكی کۆنی هەیە، پێشتر بە رووبەری زۆر فراوان دەچێندرا، دواتر رووی لە كەمی كرد، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی زیادبوونی كارگەگانی تەحین گرنگی زیاتر بە چاندنی دەدرێت، بەتایبەت لە هەردوو پارێزگای دهۆك و سلێمانی.
گوندی کورداوا کەوتووەتە ناحیەی خدرانی قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، لە باکوور لەگەڵ گوندی کانی ماران، لە باشوور لەگەڵ گوندی خدران، لە رۆژھەڵات لەگەڵ بەنداوی دووکان و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی دەرماناوا ھاوسنوورە.
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە