وشککردنەوەی هەنجیر لە شارۆچکەی هەڵشۆ

وشککردنەوەی هەنجیر لە شارۆچکەی هەڵشۆ
گەشتی شاخەوانی بۆ پیرەمەگروون
گرووپی شاخەوانی ناوداران، لەسەر بانگهێشتی گرووپی شاخەوانی هەزارمێرد، گەشتێكی شاخەوانیان بۆ پیرەمەگروون و ئەشکەوتەکانی ئەم ناوچەیە ئەنجامدا.
شاخەوانێک بەناوی شەهاب ئەحمەد، ئەم گەشتەی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ وێنەگرتووەو ڤیدیۆکەی بۆ ئێمە ناردووە، کە تێدا ژمارەیەکی زۆر لە کچ و کوڕانی شاخەوان دەردەکەون و بەسەر چیاو دۆڵی ئەم ناوچەیە هەڵدەگرێن.
شەهاب دەشڵێت، ئەم گەشتە لە گوندی شیلەخان لە نزیک پیرەمەگروون دەستیپێکردووەو تاوەکو ئەشکەوتی کچ و کوڕانە رۆیشتوون، کە زۆربەی گرووپەکانی شاخەوانی کوردستان بەشداریان لەم گەشتەدا کردووە.
سەرنجتان بۆ ئەم دیمەنانە رادەکێشم.


وشککردنەوەی هەنجیر لە شارۆچکەی هەڵشۆ
ئیدی گوندنشینان خۆیان بۆ وەرزی زستان ئامادە دەکەن، بۆیە لە گوندەکانی ناحیەی هەڵشۆ لە پشدەری سەر بە پارێزگای سلێمانی، گوندنیشینان دەستیان بە وشککردنەوەی هەنجیر کردووە.
هاونیشتمانییەک بەناوی بابان بابانی، سەردانی گوندەکانی ناحیەی هەڵشۆ کردووە، کە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ وەرزی زستان.
لەم گوندەدا ژنێک باس لە شێوازی وشککردنەوەی هەنجیر بۆ وەرزی زستان دەکات.
هەنجیری ئەم ناوچەیە، یەکێکە لە بەناوبانگترین و بەتامترین هەنجیرە لەسەرئاستی کوردستان، هەنجیر جۆری زۆرە نزیکەی 300جۆری تایبەتی لەسەرتاسەری جیهاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن هەنجیرەکە بکەن بە مرەباو وشکیشی بکەینەوە، کە تام وچێژێکی تایبەتی هەیە.


هاونیشتمانیان سەردانی چاڵێکی گەورە لە چیای شیرین دەکەن
لەسەر چیای شیرین دەڤەری بارزان چالێکی مەزن دۆزراوەتەوە، کە خەڵکانێکی زۆر رۆژانە بۆ بینینی ئەم چاڵە سەردانی دەکەن.
هاونیشتمانییەک بەناوی عەلی زوبێر، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی سەردانی چاڵێکی مەزنیان لە چیای شیرین کردووە، کە چاڵەکە 30 مەتر قوڵە، لەسەری چیای شیرین هەڵکەوتووە.
عەلی زوبێر، هاوکارێکی بەردەوامی بەرنامەی رووداوی تۆیە، کە شاخەوان و ژینگەپارێزەو داوا دەکات، خەلکی سەردانی ئەم شوێنانە بکەن، چونکە دیمەنێکی زۆر جوان و دڵگیری هەیە. با بەیەکەوە لەم چاڵە سەیرە بڕوانین.


دیمەنی وەرتێ لە وەرزی پاییزدا
ناحیەی وەرتێ دەکەوێتە سنووری قەزای رواندزی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە هەرچوار وەرزدا دیمەنێکی ناوازەو جوانی هەیە، لە وەرزی پاییز خۆی جوانتر نمایش دەکات.
هاونیشتمانییەک بەناوی شەهید عەبدوڵڵا وەرتی، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ناحیەی وەرتێ نیشان دەدات، کە هێشتا دارو درختی ئەم ناوچەیە بە سەوزی ماوەتەوە،  بەڵام خەریکە پاییز باڵ بەسەر ئەم سەوزاییانە بدات و زەردپۆشیان بکات
ناحیەی وەرتێ لەرووی ھەڵکەوتەی جیۆگرافیاوە سەر بەقەزای ڕەواندزە، کە دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی دڵڕفێن، چەند چیایەکی بەرز دەوری وەرتێی داوە لەبەناوبانگترین ئەو چیایانەی دەوریان داوە (چیای کارۆخ) و (چیای جەزیرە) و (چیای ھەڵەموندە).


بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی مین وتەقەمەنی لە سیدەکان
لە سیدەکانی سەر بە قەزای سۆرانی سنووری پارێزگای هەولێر، خولێکی هۆشیاری لەبارەی مین و تەقەمەنی کرایەوە، کە ژمارەیەک لە منداڵانی ناحیەی سیدەکان و گوندەکانی دەوروبەری بەشداریان تێدا کردووە.
بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە مین و تەقەمەنی لە سنووری ناحیەی سیدەکان، چەندین هاونیشتمانی بەرکەوتەی مین و تەقەمەنی بوون و زیانیان بەرکەوتوون.
لەم خولەکەدا چۆنیەتی خۆپارێزی نیشانی ئەم منداڵانە دەدرێن، هەروەها جۆرەکانی مین و تەقەمەنی نیشانی منداڵان دەدرێن، بۆ ئەوەی ئەگەر بینیان لێ نزیک نەکەونەوەو لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە،  هۆشمەند برادۆستی لەمبارەیەوە ڤیتییەکی بۆ ئامادەکردین بەیەکەوە دەیبینین.
 

 

رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
رۆژانە کاژێر 22:30 خولەک پێشکەشدەکرێت.