دروستکردنی فەرەنجی لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان

10 January 2021
دروستکردنی فەرەنجی لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان
 
دروستکردنی فەرەنجی لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان
رەنگە زۆربەمان پۆشاکی فەرەنجیمان دیوە، کە لە هەندێ شوێن پێی دەڵێن پەستەک و لە هەندێ شوێنی دیکەش پێی دەڵێن کوڵە باڵ، بەڵام کەم کەس هەیە، بزانێت چۆن دروست دەکرێت.
هاونیشتمانییەک لە گوندی کانی گوێز لە سنووری شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا چۆنیەتی دروستکردنی فەرەنجی نیشاندەدات، کە چەند کەسێك راکشاون بە پێ مادە خامەکان دەشێلن، ئەمەش بۆ ئەوەیە مادەکە بەتەواوی بچێتەوە نێو یەک و بەباشی بەرگە بگرێت.
فەرەنجی یان کوڵەباڵ ،پۆشاکی دێرین و لەمێژینەی پیاوان بووە لە هەورامان، بەهۆی پێوستی بۆ خۆپاراستن لەسەرما و سۆڵەی زستان، هەورامیەکان توانیویانە گەلێک پێداوستی ژیان بەدەستی خۆیان دروست بکەن،لەوانە فەرەنجی. بەڵام بەهۆی پەیدابوونی چەند جۆرە قوماشێکی هاوشێوەی فەرەنجی ئیستا هەم لەبەرکردنی فەرەنجی هەم وەستای دروست کردنی کەم بووەتەوە. فەرنجی چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە،( سپی،شینکی،سوور، خورمایی ،ڕەش) بەیەکەوە بینەری ئەم ڤیدیۆیە دەبین.


شەربەتی حاجی زبالە لە بە‌غدا
شەربەتی حاجی زبالە، یەکێکە لە کۆنترین شەربەت لەعێراق، ساڵی دروستکردنی بۆ  1900 دەگەڕێتەوە. شەربەتی مێوژی حاجی زبالە لەشاری بەغدا، مێوژەکەی لە دۆڵی جافایەتی دەکڕێت. بۆیە رۆژانە کڕیارێکی یەکجار زۆری هەیە.
هاونیشتمانییەک بەناوی کرمانج عەبدولمەجید، گەشتێکی بۆ شاری بەغدا ئەنجامداوە، لەوێ ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ تۆمارکردووە، کە ساردەمەنییەک لە شەقامی بەناوبانگی رەشید لە بەغدا هەیە، کە بەناوی شەربەتی حاجی زبالەیە، ئەم ناوەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر سەردانی بکات.
جگە لە خەڵکی ئاسایی، سەتان کەسایەتی ناوداری سیاسی و رۆشنبیری و هونەرمەند، لەم شەربەتی حاجی زبالەیان خواردووەتەوە، لە ساڵی 1900 کراوەتەوەو ئێستا خراوەتە لیستی شوێنەوارە مێژووییەکان، بەیەکەوە بینەری ئەم ڤیدیۆیە دەبین.


فڕین لەسەر چیای پیرەمەگروون
ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی کوردستان ئێستا خویان داوەتە بەر فرین بە پارەگڵایدەر، هەردی بابان، یەکێکە لەو گەنجانەی هەولێر ماوەیەکە سەرقاڵی فڕینەو بۆ یەکەمجار لە چیای پیرەمەگروون بە پارەگڵایدەر فڕی.
هەردی بابان، ئەندامی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان و یانەی هەولێر ئاسمانی، لەمبارەیەوە بەرووداوی راگەیاند، کە بۆ یەکەمجار فڕینی لە لوتکەی چیای پیرەمەگروون بە بەرزی 2611م، ئەنجامداوە.
هەردی بابان، پێیوایە، گەنجەکانی کوردستان ئەگەر هەلیان بۆ برەخسێت، هێزو تواناو بەهرەیەکی زۆریان هەیە، هەرچەندە فڕین بە پارەگڵایدەر وەرزشێکی نوێیە لە کوردستان وجیهان، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان لەم بوارەدا کار دەکەن و تواناییەکی باشیان هەیە. بەیەکەوە چەند ساتێک بینەری فڕینی هەردی بابان لە ئاسمانی پیرەمەگروون دەبین.


دروستکردنی ملوانکە لە بەرد لە سیدەکان
گەنجێکی دوورەدەستی گوندێکی سیدەکان، دوای ئەوەی مین قاچێکی دەپەڕێنێت، ئیدی لە ماڵەوە دەمێنێتەوەو هەوڵدەدات رۆژانە بە کارێك خۆی سەرقاڵ بکات، ئێستا بە بەرد ملوانکەو بازن و کاری جوانکاری دروست دەکات.
کەبیر رەسووڵ، ئەو گەنجەیە بەهۆی مینەوە لە ساڵی 2008 بووەتە خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام کەبیر هیچ کات دەستەوەستان نەوەستاوە، بەڵکو بەگوڕتینێکی زۆرەوە ژیان دەکات و ئێستا رۆژانە خۆی بە دروستکردنی کاری هونەری بە بەرد سەرقاڵ کردووە، لە پەنای ئەوەش لەرێگەی ئەم کارەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات.
هەڵبەتە زۆرترین قوربانی مین و تەقەمەنی لە سنووری شارۆچکەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆرانی و پارێزگای هەولێرە، تاوەکو ئێستا 71 کێڵگەی مین لە دەڤەری برادۆست هەیەو رووبەری 18 ملیۆن مەتر دووجا بە مین و تەقەمەنی داپۆشراوە، ئەمەش وایکردووە بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە هەبێت. 
هاوکارمان بەشیر برادۆستی، لەبارەی ژیانی کەبیر رەسوڵ ڤیتییەکی بۆ ئامادە کردووین، بەیەکەوە بینەری بەهرەو تواناکانی کەبیر دەبین.


گەشتی شاخەوانی بۆ چەمی رێزان
ژمارەیەک لە شاخەوانانی دەڤەری راپەڕین گەشتێکی شاخەوانیان بۆ چەمی رێزان لە سنووری شاری سلێمانی ئەنجامداوە.
هاونیشتمانییەک بەناوی نەسرەدین هەڵەبجەیی، ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا گرووپی شاخەوانی راپەڕین گەشتێکی شاخەوانیان بۆ چەمی رێزان لە سلێمانی ئەنجامداوە.
نەسرەدین دەڵێت، کە گرووپەکەیان لە دوو دەستە پێکهاتووە، دەستەیەک تایبەت بە پیاوان و دەستەیەکیش تایبەتە بە کچان، هەفتانە چەند گەشتێکی شاخەوانی بۆ چیاکانی کوردستان ئەنجامدەدەین، لەم گەشتەدا سەگێکی بە وەفا هاوڕێمان بوو.
چەمی ره‌زان، یان چەمی رێزان، بە دووری 57 كم دەكەوێتە بەشی رۆژئاوای شاری سلێمانی، هەروەها بەدووری 30كم دەكەوێتە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی هاوینەهەواری دوكان، 17كم لە رێگەی سەرەكی نێوان شاری سلێمانی و هاوینەهەواری دوكانەوە دوورە. چەمی ره‌زان لەناو دۆڵێكی كراوەو فراوان هەڵكەوتووە. ناو دۆل و چەمەكە بە دار و دره‌خت و رەز و باخ داپۆشراوە. لە بەشی رۆژهەڵاتی چەمەكە تاڤگەی بافل لە بەرزایەك دێتە خوارەوە، لە بەردەم تاڤگەی بافل و دەروبەریدا هەوارگەیەك لە شێوەی هاوینەهەوار بە دیزاینێكی سەردەمیانە دروست كراوە. بەیەکەوە بینەری ئەم ڤیدیۆیە دەبین.


گەشتی شاخەوانی بۆ دۆڵی خۆشناوەتی
ئێستا وەرز وەرزی گەشتی شاخەوانییە، هەربۆیە گرووپی شاخەوانی شەقڵاوە، گەشتێکی شاخەوانیان بۆ دۆڵی خۆشناوەتی ئەنجامداوە.
هاونیشتمانییەک بەناوی هیشام سەباح، ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا گرووپێکی شاخەوانی دەردەکەوێت، کە گەشتەکیان لە گوندی دەڕاش لە دۆڵی خۆشناوەتی دەستپێکردووە.
گرووپی شاخەوانی شەقڵاوە، ماوەی چەند ساڵێکە دامەزراوە، هەفتانە چەند گەشتێکی شاخەوانی ئەنجامدەدات، ئەندامانی ئەم گرووپە لە ژمارەیەک لە کوڕ و کچانی شەقڵاوە پێکهاتووە، بەیەکەوە بینەری ئەم گەشتە دەبین.


هاوڕێیەتی گیسک و قازەکان لە شەقڵاوە
هاونیشتمانییەک بەناوی سەردار خۆشناو، ڤیدیۆیەکی بۆ بەرنامەی رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا گیسکێک و ژمارەیەک قاز دەردەکەون  سەردار دەڵێت ئەم گیسکە شوانەتی بۆ قازەکان دەکات.
ئەم گیسک و قازە لە گوندی میر رۆستەمی سەر بە سنووری قەزای شەقڵاوی پارێزگای هەولێرەو خيڵکی گوند بەم دیمەنە سەرسامن،کە گیسک و قاز بەیەکەوە هاوڕێین.
سەردار دەشڵێت، ئەم گیسکەو قازەکان بەیەکەوە گەورەبوونەو هەمیشەش بەیەکەوە دەچنە لەوەڕگەو بەیەکیشەوە دەگەڕێنەوە ماڵەوە، گیسکەکە هەوڵدەدات شوانەتی بۆ قازەکان بکات، بۆیە هیچ کات لێیان دوور ناکەوێتەوە، بەڵکو بە پێشیان دەکەوێت و دەیانگەڕێنێتەوە ماڵەوە. بەیەکەوە لە هاوڕێیەتی گیسک و قازەکە دەڕوانین.
 
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
رۆژانە کاژێر 22:30 خولەک پێشکەشدەکرێت.