چاندنی تەماتە لە بناری چیای حەسەن بەگ

10 June 2021
چاندنی تەماتە لە بناری چیای حەسەن بەگ
 
لە ناوچەی ئەنزەل دوو گەنج 14 پێچووە کەو ئازاد دەکەن
 
هەستێکی ئێجگار خۆشە لە نێو سرووشتدا بیت و گوێبیستی قاسپە قاسپی کەو بیت و بێچووەکانی کەو لە نزیکەوە ببینیت، بەڵام ئەمە کاتێک روودەدات کە مرۆڤ ژینگە بپارێزێت لە راوکردنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان دووربکەوێتەوە.
 
شەهرام یوسفی و سەجاد حوسێنزادە دوو گەنجی گوندی مەشەکەن لە ناوچەی ئەنزەلی سەر بە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوان ڤیدیۆیەکیان بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە 14 بێچووە کەو لە نێو سرووشت ئازاد دەکەن.
 
بەهۆی ئەوەی دایکی بێچووە کەوەکان لە بێچووەکانی دوورکەتبوونەوە و سەگێک لێیان نزیکببووە و دەیویست ئازاریان بدات، بۆیە ئەوان سەگەکەیان دوورخستەوە و بۆ ماوەیەک بێچووەکانیان لەلای خۆیان هێشتیانەوە، دواتر لە هەمان شوێندا ئازادکران.
 
لە دوای ئازادکردنی بێچووە کەوەکان، ئەو دوو گەنجە هیوای ئەوەیان خواست بە دایکیان شاد ببنەوە و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەبێت.
 
کەو باڵندەیەکی کێوییە، دریژییەکەی ٣٣ سانتیمەترە، پشتی بۆرە، دندووک و قاچی سوورە و خەتێکی رەش بەدەوری چاوەکانیەتی‌، لەخوار سک‌ و سنگییەوە چەند خەتێکی رەش بەدی دەکرێن.
 
ئەو باڵندەیە زیاتر بە جووت یان بە دەستەی بچووک دەبیندرێت، زیاتر لە وەرزی زستاندا لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەبیندرێن، لە کاتی مەترسیدا کەمتر ھەڵدەفڕێت و یان خۆی حەشار دەدات یان بەرەو ھەوراز را دەکات.
 
لە کوردستان ئەو باڵندەیە راودەکرێت و لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، بەشێک لە هاونیشتمانیان بەهۆی جوانی و خۆشی دەنگییەوە بەخێوی دەکەن، بەشێکی بۆ شەڕە کەو بەکاری دەهێنن، نرخیشی لە نێوان 15 هەزار بۆ یەک ملیۆن دینارە.
 
 
چاندنی تەماتە لە بناری چیای حەسەن بەگ
 
لە ئێستاوە جووتیاران کوردستان دەست بە چاندنی بەرهەمی تەماتە دەکەن و لە مانگی داهاتوو بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەوە، ئەگەر هەموو ساڵێک گلەیی جووتیاران لە ساخنەبووونەوەی بەرهەمەکانی بکەن، ئەمساڵ وشکەساڵیشی هاتە سەر.
 
ئومێد هەسنانی لە گوندی هەسنان لە سنووری قەزای سۆران، بەردەوام ڤیدیۆی دەڤەرەکەی بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە ڤیدیۆیەکی لەبارەی دەستپێکردنی چاندنی شەتڵی تەماتە کردووە.
 
هەسنانی دەڵێت، وێرای کەمی باران و بەفر لە زستانی ساڵی رابردودا کە بووە هۆی ئەوەی لە ناوچەکە زۆر بەکەمی کانیاوەکان ببوژێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵێکی زۆر لە بناری چیایی حەسەن بەگ روویان لە چاندنی تەماتە کردووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ساڵانە لە چیای حەسەن بەگ سێ بۆ چوار مەتر بەفر دەباری، ئەمساڵ تەنیا یەک مەتر بەفر باریوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر بوژانەوەی کانیاوەکانی بناری ئەو چیاییە هەیە کە جووتیاران پشتی پێدەبەستن.
 
روونیشیکردەوە، بەهۆی ئەوەی جووتیاران هێڵی دابەشکردنی ئاویان لە نێو کێڵگەکانیاندا دابین کردووە، بووەتە هۆی کارئاسانی بۆیان و لە هەمانکاتتدا ئاوێکی کەمتر بەکاردێت.
 
لە باشووری کوردستان تەماتەی بناری چیای حەسەن بەگ ناوبانگی خۆی هەیە و لە بازاڕدا داخوازی لەسەرە.
 
دروێنەی نۆک لە گوندی ئۆمەرسینان
 
ئێستا وەرزی دروێنەی نۆکە لە باشووری کوردستان، لەو ناوچانەی ئەو بەرهەمە پێگەیشتووە و رەنگی زەرد بووە، جووتیاران کۆیدەکەنەوە.
 
عامر سدقی جووتیارێکی گوندی ئومەرسینان سەر بەناحیەی روڤیای قەزای بەردەڕش، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە سێ جووتیار سەرقاڵی دروێنەی بەرهەمی نۆکن و بە دەست ئەو کارە دەکەن.
 
نۆک یەکێک لە دانەویڵەکانە و سەر بە خێزانی پاقلەمەنییەکانە، ئەم بەرهەمە بە چەندین شێواز ئامادە دەکرێت و دەخورێت و لە باشووری کوردستان لە زۆربەی ناوچەکان دەچێندرێت، بەڵام بەشی هەرە زۆری بۆ پێداویستی ناوخۆ هاوردە دەکرێت.
 
لە 90 رۆژدا فەریکە نۆک پێبگات و لە 130 رۆژ تەواو پێدەگات و وا باشە پێش وشکبوون کۆبکرێتەوە.
 
بڕی بەرهەمهێنانی نۆک لەیەک دۆنمدا 160 تاوەکو 360 کیلۆگرام دەبێت، ئەگەر بەرووبەری کەم چێنرابوو کۆکردنەوەی بەشێوەی دەسکەنەیە، واتە بەدەستی هەڵدەکەنرێت و یان بە ئامێری ماوەر یان بەکۆمباین.
 
سەردانی هاونیشتمانییان بۆ کوێستانی حەساری سەکران
 
لە باشووری کوردستان کاتێک پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، بەشێک لە هاونیشتمانییان روودەکەنە کوێستانەکان، بەتایبەتیش کوێستانەکانی سنووری قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر کە تاوەکو هاوین بەفریان لێدەمێنێتەوە.
 
خورشید چۆمانی لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیان چوونەتە کوێستانی حەساری سەکران کە سرووشتێکی جوان و دڵرفێنی هەیە و ڤیدیۆیەکی لەبارەی گەشتەکە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
 
لە گەشتەکەدا کەوێکیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و بە ئازادی لە نێو ئەو سرووشتەدا هاتووچۆ دەکات، بەڵام ئەویش پێدەچێت بە مانەوە لەلای ئەوان دڵخۆشە، ئەگەر نا لە نێو ئەو کوێستانە جوانە بۆچی جێیان ناهێڵێت و بڕاوت.
 
خورشید چۆمانی دەڵێت "لە رێگەی رووداوی تۆ داوا دەکەم ئەو کەسانەی سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، کەسی شارەزا لەگەڵ خۆیاندا ببەن، چونکە چەند شوێنێک لەو کوێستانە مینڕێژکراوە و مەترسیدارە".
 
کوێستانی حەساری سەکران دەکەوێتە چیای حەساری سەکران لە باکووری قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر، چەندین تاڤگە و کانیاوی هەیە و لە وەرزی بەهاردا چەندین جۆری گیا و رووەکی خۆڕسکی تێدا دەڕوێت، بەتایبەتیش رێواس و قارچک.
 
بەشێک لە هاونیشتمانییان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی ئەو کوێستانە دەکەن، بەشێکیشیان بۆ کۆکردنەوەی گیا و رووەکی بەهاری سەردانی دەکەن.
 
بەکارهێنانی گوڵ و بەردی چیا لە باخچەی ماڵدا
 
بەشێک لە هاونیشتمانییان گرنگی زۆر بە باخچە ماڵەکانیان دەدەن، تەنانەت گوڵ و بەردی چیا و سرووشتی کوردستان بە مەبەستی رازاندنەوەی بەکاردێنن.
 
عەلی زوبێر شاخەوان و ژینگەپارێزی دەڤەری بارزانە کە بەردەوام ڤیدیۆی گەشت و چالاکییەکانی بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە ڤیدیۆیەکی لەبارەی باخچەی ماڵەکەی لە ناحیەی بلێ ناردووە.
 
ئەو شاخەوانە بەهۆی ئەوەی شەیدای چیا و نێو سرووستە و بەشێکی زۆر کاتەکانی لە شاخەکاندا بەسەردەبات، بۆیە لە نێو باخچەی ماڵەکەیدا بەردی چیاکانی بۆ دروستکردنی نافورە و رازاندنەوەی باخچەکەی بەکارهێناوە، هەروەها گوڵ و رووەکی چیاییشی لە نێو باخچەکەدا چاندووە.
 
عەلی زوبێر دانیشتووی بلێی دەڤەری بارزانە، جگە لە باشووری کوردستان، چالاکی شاخەوانی لە باکووری کوردستانیش هەبووە.
 
 
ووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
شەوانە کاژێر 21:40 پێشکەشدەکرێت.