لە هەولێر سەرتاشێک لەسەر قژ وێنە دەکێشێت

لە هەولێر سەرتاشێک لەسەر قژ وێنە دەکێشێت
فرۆشتنی گیا و رووەکی بەهاری لە بازاڕی دایکانی سەردەشت

وەرزی بەهار بووەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانی بەشێک لە هاونیشتمانییان، ئەویش لەرێگەی کۆکردنەوەی گیا و رووەکە خۆڕسکە بەهارییەکانە لە نێو سرووشتدا کە دواتر لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن.

ئینجا با باسێکی بازاڕی دایکانی سەردەشتان بۆ بکەم کە دەکەوێتە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە وەرزی بەهاردا پڕدەبێت لە گیا و رووەکە بەهارییەکان.

بازاڕەکە بە ناوی دایکان کراوە، چونکە ژمارەیەک ژن لەو بازاڕەدا کاردەکەن و بەرهەمەکانیان بۆ فرۆشتن دەخەنەڕوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە پیاوانیش لەو بازاڕەدا کاردەکەن.

هاونیشتمانییەک لە سەردەشت سەردانی ئەو بازاڕە کردووە و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی گیا و رووەکە خۆڕسکە بەهارییەکان دەخاتەڕوو، بەتایبەتیش کەنگر کە پێدەچێت لەو شارە داخوازی زۆری لەسەر بێت.

یەکێک لە فرۆشیارەکانی بازاڕەکە دەڵێت، رۆژانە کاژێر چواری بەرەبەیان رووودەکەنە کوێستانەکانی مهاباد و کەنگر، کاردی و گێلاخە دێنن و کیلۆی کەنگر لە نێوان 20 بۆ 22 هەزار تمەنە.

سەردەشت دەکەوێتە نێوان سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و یەکێک لە شاره‌کانی ناوچەی موکریانە و کەوتووەتە باشووری شاری پیرانشار و مھاباد، ھەروەھا دەکەوێتە رۆژئاوای بانە و باشووری رۆژئاوای بۆکان و رۆژھەڵاتی قەڵادزێ لە باشووری کوردستان.



کۆکردنەوەی گیای بەهاری لە بناری چیای قەلەندەر

لە وەرزی بەهاردا چیاکانی کوردستان پڕدەبن لە گیای و رووەکی خۆڕسکی بەهاری و هاونیشتمانییان بۆ کۆکردنەوەی ئەم بەرهەمانە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە نێو سرووشت، روو لە چیاکان دەکەن.

جا دەڤەری بارزان جگە لەوەی دیمەنێکی جوان و دڵڕفێنی هەیە، چەندین گیا و رووەکی بەهاری لە چیاکانیدا دەروێن، لەوانە ریواس، کەنگر، قارچک، کاردی، لوش و کوزەڵە.

سەمیر دۆڵەمەری کە بەردەوام ڤیدیۆ بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە لەگەڵ مامۆستایانی گوندی شێخان لەو دەڤەرە سەردانی بناری چیای قەلەندەریان کردووە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیا و رووەکی بەهاری، بەتایبەتیش کەنگر و کوزەڵە.

سەمیر دۆڵەمەری بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر بێت و کەنگر لە رەگەوە دەربهێنرێت، بۆ ساڵی داهاتوو ناڕوێتەوە، بۆیە خەڵکی دەڤەری بارزان لە دوای دەرهێنانی کەنگرەکە، رەگەکەی دووبارە دەخنەوە ژێر زەوی.

فەرمان ئیسماعیل لە گوندی شێخان مامۆستایە و لە گەشتەکەدا بەشداربووە و لە ڤیدیۆکەدا باس لە گەشتەکە و ئەو بەرهەمانە دەکات کە کۆیان کردووەتەوە، لەوانەش کەنگر و کوزەڵە.

دەڤەری بارزان دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر، بەهۆی سرووشتە جوانەکەی، چەندین شوێنی گەشتیاری هەیە و هاونیشتمانییان سەردانی دەکەن و بەهۆی پاراستنی ژینگەکەی، ژمارەیەکی زۆر درەخت و ئاژەڵی کێوی هەن، بەتایبەتیش بزنی کێوی.



کەمال هەژار ئامادەکاری بۆ کردنەوەی پێشانگەیەک لە هەولێر دەکات

کەمال هەژار شێوەکارێکی کوردە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، ئەو ئێستا ئامادەکاری بۆ کردنەوەی پیشانگەیەکی شێوەکاری لە شاری هەولێر دەکات، بۆ ئەم مەبەستە چەند تابلۆیەکی کێشاوە.

کەمال هەژار بە رووداوی راگەیاند، گەورەترین پێشانگەی پانۆڕامای خۆراگری کورد بەناونیشانی "پانۆڕامای خۆراگری کورد" لە هەولێر دەکاتەوە کە تیشک دەخاتە سەر چەند قۆناخێکی مێژووی کورد.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە پێشانگەکەدا 40 تابلۆی شێوەکاری دەخرێنەڕوو، یەکێک لە تابلۆکانیش لەبارەی خانزادی میری سۆرانە.

ئەو هونەرمەندە ڤیدیۆیەکی خۆی لە ستۆدیۆی کارکردنیدا بۆ رووداوی تۆ ناردووە و باس لە یەکێک لە تابلۆکانی دەکات کە بۆ پێشانگەکەی ئامادەی کردووە.

کەمال هەژار لە1958  لە سلێمانی لەدایکبووە، لە 1974ـەوە خولیای هونەری شێوەکاری بووە و تاوەکو ئێستا چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی کردووەتەوه، بەشێک لە پێشانگە هاوبەشەکانی لە فینلەندا، تورکیا و فەرەنسا بوونە.



لە هەولێر سەرتاشێک لەسەر قژ وێنە دەکێشێت

لەم سەردەمەدا سەرتاشەکان لە پیشەکەیاندا جگە لە بڕین و رێکخستنی قژ، کاری سەرنجڕاکێشیش دەکەن و لەسەر قژ وێنە دەکێشن یاخود کەرستەی نوێ لە قژتاشیندا بەکاردێنن، ئاگر وەک نموونە.

با باسی سەرتاشێکی هەڵەبجەتان بۆ بکەم بەناوی مەڕوان هادی کە ئێستا لە هەولێر کاردەکات، ئەو وێنە لەسەر قژ دەکێشێت.

ئەوانەی سەردانی دەکەن داوای هەر وێنەیەک بکەن لەسەر قژیان دەیکێشێت و ئەم کارە لەلای پشتی سەر ئەنجامدەدرێت.

مەڕوان هادی ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە وێنەی جۆرج وەسوف گۆرانیبێژی سووری لەسەر قژی گەنجێک کێشاوە و کارەکە زۆر بە لێهاتوویی کراوە و سەرنجڕاکێشە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشێک لە سەرتاشەکانی کوردستان کاری وێنەکیشان لەسەر قژیان ئەنجامداوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە و بەشێک لەو ڤیدیۆییانەش لە رووداوی تۆ بڵاوکراونەتەوە.



شوانکاری لە چیای هەرەکۆلی بۆتان
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا فۆتۆگرافەران و بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە وێنەی جوان و سەرنجڕاکێش وێنەدەگرن و بڵاویان دەکەنەوە.

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە باکووری کوردستان چەند وێنەیەکی شوانکارییان بڵاوکردووەتەوە کە دیمەنی ئەو کارەیە لە چیای هەرەکۆل لە کویستانەکانی چەمێکارێ  لە هەرێمی بۆتانی باکووری کوردستان.

لە 1978 لەو شوێنە فیلمی سینەمایی "مەڕ"ـی یڵماز گونەی دەرهێنەری کورد وێنەگیراوە و باس لە ماڵباتێکی کورد دەکات کە شوانکارن و لە وەرزی هاویندا روو لە کوێستانەکان دەکەن.

ھەرەکۆل چیایەکە لە باکووری کوردستان دوو هەزار و 838 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و یەکێک لە کێوەکانی زنجیرە چیای تۆرۆسە.

ھەرەکۆل کوتووەتە باکووری رۆژھەڵاتی دۆڵی بەھرانجی، لە تەنیشت ئەم چیایە لە خۆرھەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا رووبارێک تێدەپەڕێت کە لەگەڵ رووباری بۆتان تێکەڵ دەبێت.
 
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
رۆژانە کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.