گرنگیدان بە باخی سێو لە گوندی بنەخوێی بانە

گرنگیدان بە باخی سێو لە گوندی بنەخوێی بانە


گرنگیدان بە باخی سێو لە گوندی بنەخوێی بانە

سێو یەکێک لە بەرهەمە بە تام و چێژەکانە و داخوازی زۆری لەسەرە، هەربۆیە بەشێک لە باخەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان زەوییەکانیان بۆ ئەم بەرهەمە تەرخانکردووە و ساڵ بە ساڵ گرنگی زیاتر بە باخەکانیان دەدەن، بۆ ئەوەی بەرهەمی زیاتر و باشتری هەبێت.

ئەمساڵ لە گوندی بنەخوێ سەر بە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی کەمی باران بارین، باخەوانان تۆڕی تایبەت بە ئاودانیان بۆ باخەکان دابینکردووە، بۆ ئەوەی لە کەمترین ئاو زۆرترین سوود وەربگرن.

دوو چالاکوانی گوندی بنەخوێی هاوکاری باخەوانان دەکەن و تۆڕی دابەشکردنی ئاو بۆ باخ دادەنێنن.

عەبدوڵڵا کەلیخان هاونیشتمانییەکە لە گوندی بنەخوێ، لەبارەی زۆربەی چالاکییەکانی گوندەکەی چەند ساڵێکە ڤیدیۆ بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارەش ڤیدیۆیەکی لەبارەی باخەکانی سێو لەو گوندە و گوندەکانی نزیک ئەو گوندە ناردووە.

گوندی بنەخوێ سە بەر بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ژمارەی دانیشتوانی 286 کەسن.



چاندنی 11 هەزار نەمامی شووتی بە هەرەوەزی لە گوندی کەونەباک

دەزانن چاندنی 11 هەزار نەمامی شووتی کارێکی ئاسان نییە، رەنگە بیرتان بۆ ئەوە بچێت کە کرێکارێکی زۆر لەو کارەدا بەشداربوونە و کرێی ئەو کارەشیان وەرگرتووە، بەڵام لە راستیدا ئەو کارە بە هەرەوەزی لە گوندێکی کوردستان کراوە و هیچ کرێیەک بۆ ئەم مەبەستە نەدراوە.

لە گوندی کەونەباکی سەر بە قەزای بەردەڕەشی پارێزگای دهۆک، ساڵانە لە کاتی چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بڕینەوەی خوری مەڕ و زۆر کاری دیکە، خەڵکی گوند هاوکاری یەکدی دەکەن و بە هەرەوەزی ئەنجامی دەدەن.

ئەدوەر شوکر ڤیدیۆی و زانیاری لەبارەی چاندنی 11 هەزار نەمامی شووتی لەو گوندە بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە کارەکە بەهەرەوەزی ئەنجامدراوە و دەڵێت، هەرەوەزی لە گوندەکەیاندا بووەتە دیاردەیەک و خەڵکی گوند هاوکاری یەکدی دەکەن و خاوەن زەویەکە دەمامکی بەسەر بەشداربووانی کارە هەرەوەزییەکە دابەشکردووە.

شووتی میوه‌یه‌کی هاوینییه‌، له‌ دیوی ناوەوەیدا سووره‌ و تامی شیرین و ئاوداره‌، ناوکه‌که‌ی ره‌ش یان قاوه‌ییه‌، لە کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دەچێندرێت و داخوازییەکی زۆری لەسەرە.



رێواسکردن لە چیای قەلەندەری دەڤەری بارزان

ئێستا کات کاتی رێواسە، جا ئەگەر رۆژانە سەیرێکی چیاکانی کوردستان بکەیت، دەبینیت کە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بە مەبەستی رێواسکردن روودەکەنە ئەو چیایانە، ئەمە بەرهەمە بۆ بەشێکیان بووەتە سەرچاوەیەکەی داهات و لە بازاڕەکاندا دەیفرۆشنەوە.

عومەر شیرۆکی گەنجێکی خەڵکی گوندی شێرۆکیان لە دەڤەری بارزان و لەگەڵ دوو هاوڕێی چوونەتە چیای قەلەندەر لە سنووری ئەو دەڤەرە و رێواسێکی زۆریان کردووە.

ئەو گەنجە دەڵێت، هەر كەسێك لە سەرکەوتن بەسەر چیای قەلەندەردا شارەزا نەبێت، نابێت سەردانی بکات، چونکە ژمارەیەکی زۆر مینی لێیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گەشتەکەیان لە بەرەبەیانێکی زوو دەستیپێکرد و جگە لە رێواس، چەند گیایەکی بەهاریشیان کۆکردەوە.

رێواس رووەکێکی کوێستانییە و لە وەزری بەھاردا دەڕوێت، سەرەڕای تام و چێژە خۆشەکەی، هاوکات چەندین سوودی تەندروستی ھەیە، چونکە بەریشاڵ و ڤیتامین و پرۆتین دەوڵەمەندە.

دەڤەری بارزان دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر، بەهۆی سرووشتە جوانەکەی، چەندین شوێنی گەشتیاری هەیە و هاونیشتمانییان سەردانی دەکەن و لە وەرزی بەهاردا چەندین گیا و رووەکی خۆڕسک لە چیاکانیدا دەڕوێن.


چاندنی پیاز لە گوندی سیدانانی جۆلەمێرگ

بەشێک لە هاونیشتمانییان لە گوندەکانی باکووری کوردستان، لەرێگەی کاری کشتوکاڵییەوە پێداویستی رۆژانە و بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.

لە گوندی سیدانان سەر بە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، بەشێک لە هاونیشتمانییان بە کاری کشتوکاڵی سەرقاڵن و جووتیارێک ئەمساڵ بەشێک لە زەویەکەی بۆ چاندنی پیاز تەرخانکردووە.

جووتیارەکە دەڵێت، هاتووە بۆ ماڵی ئامۆزاکانی و زەویان بۆ پیاز کێڵاوە و ئەم بەرهەمەیان چاندووە، هەروەها دەڵێت "پیاز دەرمانە، بۆ هەموو شتێک باشە".

پیازی بچووک بۆ چاندن هەڵدەگیرێت و لە باکووری کوردستان پێیدەگوترێت کخس و لە وەرزەدا بەشێک لە جووتیاران دەست بە چاندنی دەکەن.

پیاز روەکێکە بەشێکی دەکەوێتە ژێر زەوی و بەشەکەی دیکەیشی دەکەوێتە دەرەوە و سوود لە هەردوو بەشەکەی وەردەگیرێت و لە خێزانی سیرە، سێ جۆری هەیە، سپی، سوور و زەرد.


هاونیشتمانییەک تاڤگەی لۆسکڤێل لە کەنەدا دەناسێنێت

بۆیە بەهار خۆشە، چونکە کەشەوهەوایەکی فێنک و سرووشتێکی جوانی هەیە و کانیاوەکان لەو وەرزەدا دەبوژێنەوە و تاڤگەی نوێ دەردکەون، هەروەها بەهۆی زیادبوونی ئاوی کانیاوەکان و توانەوەی بەفر لەو وەرزەدا چەند تاڤگەیەک دەردەکەونەوە.

رەزا هەرگولی هاونیشتمانییەکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەی 32 ساڵە لە شاری ئۆتاوا لە کەندا دەژیت، ئەو لەگەڵ کچەکەی سەردانی تاڤگەی لۆسکڤێل لەو شارە کردووە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دیمەنی جوانی تاڤگەکە ببینن.

هەرگولی ڤیدیۆیەکی تاڤگەکەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە و دیمەنی تاڤگەکە نیشاندەدات و دەیناسێنێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەهۆی توانەوەی بەفر و بوژانەوەی کانیاوەکان، ئەو تاڤگەیە لە وەرزی بەهاردا دەردکەوێت.

ئۆتاوا پایتەخت و چوارەم شاری گەورەی کەنەدایە و دووەم شاری گەورەی ناوچەی ئۆنتاریۆیە، لە 1826 بونیادنراوە و لە 1855 بە ئۆتاوا ناونراوە و بووەتە ناوەندێکی سیاسی ئەو وڵاتە، ئێستا خاوەنی زۆرترین زانکۆیە لەسەر ئاستی کەنەدا و چەندین ناوەندی رۆشنبیری و هونەری لەخۆدەگرێت.

ناوی شارەکە لە رووباری ئۆتاوا وەرگیراوە و لە 2019 ژمارەی دانیشتوانی یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاند.


تاڤگەی هەنارۆکان لە وەرزی بەهاردا

چەندین تاڤگەی جوان و سەرنجڕاکێش لە کوردستاندا هەن و بوونەتە هۆکاری جوانکردنی سرووشتەکەی و لە وەرزی بەهاردا بەهۆی زیادبوونی ئاوەکەی، جوانتر دەردەکەون و خەڵک سەردانی دەکەن.

لە ناحیەی هێرۆی سەر بە قەزای پشدەری پارێزگای سلێمانی، تاڤگەیەک هەیە کە بە تاڤگەی هەنارۆکان دەناسرێت و دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە.

هاونیشتمانییەک بەناوی فەرمان حەسەن سەردانی تاڤگەکەی کردووە و دەڵێت، تاڤگەکە لە هەرچوار وەرزدا هەیە، لە وەرزی بەهاردا ئاوی زیاد دەبێت و لە هاوینیشدا ئاوەکەی کەمێک کەم دەبێتەوە.

گەشتیاران لە وەرزی بەهار و هاویندا سەردانی ئەو تاڤگەیە دەکەن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دیمەنی جوانی ببینن و کاتێکی خۆش لە هاوینەهەواری هەنارۆکان ببینن.

پشدەر یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی، ناوەندەکەی قەڵادزێیە، لە رۆژھەڵات بە چیای مامەند، لە باکوور بە چیای قەندیل، لە رۆژئاوا بە کێوەڕەش و دەربەندی پشدەر دەورە دراوە.
 
 
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
رۆژانە کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.