دروستکردنی ملوانکەو ئێکسسوارات لە بەرد
دروستکردنی ملوانکەو ئێکسسوارات لە بەرد
هاونیشتمانییەک بەناوی گەردوون عەبدوڵڵا، لە شاری هەولێر، لە ماڵەوە بە بەرد ملوانکەو ئێکسسواراتی جۆراوجۆر دروست دەکات و دەیفرۆشێتەوە.
گەردوون لە مبارەیەوە ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا ژمارەیەکی زۆر لە ملوانکەی رەنگاورەنگ و ئێکسسواراتی جوانکیلەی دروستکردووە، و دەشڵێت هەموو کەسێک دەتوانێت لە جۆرەها بەرد شتێكی جوان و دڵگیر سازبکات.
گەردوون خان ماوەیەکی زۆرە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەماڵەوە بووە، بۆیە بیری لەوە کردووەتەوە لە بەردی ئاسایی ملونکەو ئێکسسوارتی سادەو قەشەنگ بەدەست و پەنجەی رەنگینی دروست بکات، لەگەڵ ئەوەی کاتەکانی خۆی لە ماڵەوە بەم کارە بەسەر بردووە، لەرووی داراییشەوە سوودی بۆ دەبێت و دەتوانێت بیفرۆشێتەوەو خەڵکیش وەکو دیاری بە خۆشەویستانیان ببەخشن. با بەیەکەوە لە دەستڕەنگینی گەردوون خان بڕوانین.
کۆکردنەوەی بەرهەمی کاڵەک لە ناحیەی قەسرۆک
لە گوندی کەفری لە ناحیەی قەسرۆکی سەر بە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستان، ماوەیەکە دەست بە کۆکردنەوەی کاڵەک کراوەو جووتیاران گلەییان لە فرۆشی کاڵەک هەیە.
کاریگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر هەموو کایەکانی ژیان هەبووە، بەتایبەتی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ زیاتر قووڵبووەتەوە،بەشێوەیەکە جووتیارەکان ناتوانن بەرهەمەکانیان رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوخۆی کوردستانیش لە بازاڕەکان ساغ نابێتەوەو نرخەکەشی زۆر دابەزیوە، ئەمەش وایکردووە جووتیارەکان رووبەڕووی زیانێكی زۆر ببنەوە.
کاڵەک یان گندۆرە، لە لای رۆمەکان و میسرییەکان لە کۆنەوە ناسراو بووە، لە سەدەی حەڤدەهەمەوە گەیشتووەتە ئەوروپا و ئێستا لە زۆربەی وڵاتاندا دەچێنرێت بە تایبەتی لە وڵاتە گەرمەکان لە شام و میسر و عێراق و هەرێمی کوردستان، هەڵبەتە هەرێمی کوردستان بە کاڵەکی دێمی بەناوبانگەو تام و چێژێكی نایابی هەیە.
هاونیشتمانییەک بەناوی جیهاد کۆچەر، لەبارەی کۆکردنەوەی بەرهەمی کاڵەک لە گوندی کەفەری لە ناحیەی قەسرۆک ڤیتیەکی بۆ بینەرانی رووداوی تۆ ئامادەکردووە بەیەکەوە دەیبینین.
چۆنیەتی بەستنی پشتێن گرێ گرێ
هەموو نەتەوەیەک بە جلوبەرگ و کولتووری خۆی دەناسرێتەوە، گەلی کوردیش چەندین جۆرە جلوبەرگی کولتووری هەیە، کە تاوەکو ئێستاش لەنێو بەشێكی خەڵکیدا بە زیندووی ماوەتەوە، جلی بەرگی کوردی پیاوان بەبێ پشتێن بەستن ئەو جوانییەی نییە، بەرگدوورێک لە هەولێر چۆنییەتی بەستنی پشتێنی گرێ گرێ بۆ بینەرانی رووداوی تۆ رووندەکاتەوە.
ئەمیر ئەرسەلان، بەرگدوور و دیزاینەرێکی گەنجی شاری هەولێرە، ماوەی ١٠ ساڵە کاری بەرگدووریەتی دەکات، هەر لە باوکییەوە کاری بەرگدووریەتی بۆ ماوەتەوەو فێری بووە، ئەمیر دەشڵێت دەتوانێت ١٠ جۆرە جلوبەرگی کوردی بدوورێت و دیزاینیشان بکات.
هەڵبەتە پشتێن، بەشێکی سەرەکی جلوبەرگی پیاوانە و چەندین جۆر و رەنگی ھەیە، ئەوانەی جلوبەرگی کوردی دەپۆشن زیاتر گرنگی بە پشتێن دەدەن، بێگومان پشتێن بەپێی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان شێوازی بەستنی پشتێن گۆڕانکاری بەسەردێت.
جلی کوردی پیاوان، چەند جۆرێکە، کە پێێ دەگوترێت"ڕانک و چۆغە، کەواپانتۆڵ، شاڵ و شەپک، کورتەک و شەرواڵ، هەروەها لەگەڵ جلی کوردی پشتێن و کڵاش و
کڵاو و جامانە جوانێكی دیکە بە جلی کوردی دەبەخشێت.
ئەمیر ئەرسەلان، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووەو تێدا چۆنیەتی بەستنی پشتێن بەشێوەی گرێ گرێ نیشانی بینەرانی رووداوی تۆ دەدات، رەنگە بەشێکی زۆر لە خەڵکی تاوەکو ئێستاش نەزانن چۆن پشتێن بەشێوەی گرێ گرێ ببەستن، ئەگەر لەگەڵ ئێمە سەیری ئەم ڤیدیۆیە بکەن، زۆر بە ئاسانی فێری بەستنی دەبیت.
گەشتێک بە پاسکیل لە سلێمانییەوە بۆ هەڵەبجە
هاونیشتمانییەک بەناوی جهانگیر محەممەد، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی گەشتێکی بە پاسکیل لە سلێمانییەوە بۆ هەڵەبجە و هەورامان ئەنجامداوەو گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی.
جهانگیر دەشڵێت، لە سلێمانییەوە توانیمان زیاتر لە ٢٢٣ کم بۆ هەڵەبجە ببڕین، کە ١٠ کاژێر و ١١ خولەکیان پێ چووە، تێکرای خێراییان لە ٢١.٨ کم لە کاژێرێکدا بووە.
گەشتی ئەمجارەی ئەم جهانگیر بۆ هەڵەبجەی شەهید و زەردەهاڵ و خوڕماڵ و سەیرانگەی ئەحمەداوەو سەرچاوەی زەڵم بووە، دواتر هێدی هێدی هەر بە پاسکیل گەڕاونەتەوە شاری سلێمانی.
هەروەها جهانگیر دەشڵێت دوای گەڕانەوەیان بۆ شاری سلێمانی، چووەتە تاسلوجەو دواتر گەڕاوەتەوە سلێمانی، ئەمەش بە درێژترین گەشتی ژیانی دادەنێت،کە لەماوەی تەنیا رۆژێکدا ئەوەماوەیەی بڕیوە، جهانگیر پێشیوایە تاوەکو ئێستاش لەکوردستان هیچ کەسێک نەیتوانیوە بەیەک رۆژ ئەوماوە زۆرە ببڕێت.
قەڵای خانزاد لە سنووری پیرمام
لە نزیک پێچەکانی پیرمام، شوێنەوارێکی دێرین لەسەر گردێک هەیە، کە پێی دەڵێن قەڵای خانزاد، هەندێ جاریش بە قەڵای بانەمان دەناسرێتەوە، ئەم قەڵایە مێژوویەکی دێرینی هەیە و رۆژانە گەشتیاران سەردانی ئەم قەڵایە دەکەن.
هاونیشتمانییەک بەناوی محەممەد فەریق، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا دیمەنی قەڵای خانزاد نیشاندەدات، هەڵبەتە مێژووی درووست بوونی ئەم قەڵایە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میر سلێمان میری سۆران وەکو شوێنێکی سەربازی بەکارهاتووە.
وەک لە سەرچاوە مێژووەکاندا هاتووە، قەلای بانەمان زۆرجار بە قەلای خانزاد ناودەبرێت کە ژنە میرێکی کوردبووە، ئەو ناوچەیە بەقەڵا لەشێوەی لاکێشەیی و دوو نهۆمیه لەبەردی گەورەو گەچ درووستکراوە، چوار تاوەری شێوە بازنەیی هەیە، چەندان پەنجەرەی جۆراوجۆری تێدایە لەگەڵ دەرگایەک بۆ ژوورەوە درێژی دەرگاکە 120 سانتیمە، لەساڵی ۲۰۰۷ لەسەر شێوازی کۆن وەکو خۆیی نۆژەنکرایەوە
قەڵای خانزاد یان بانەمان دەكەوێتە رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر و لە سەر رێگای هەولێر-شەقڵاوە و لە نێوان چیای پیرمام و چیای خانزادەوەیە، بەرزیەكەی دەگاتە ٤٠ مەتر لە رووی زەوی. ٢٢ کیلۆمەتر لە شاری ھەولێر دوورە. مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینی سۆران بە تایبەتی لە ماوەی دەسەڵاتی میر سلێمان بەگ و شازادە خانزاد دروستكراوە. تاوەكو ئێستا رووە مێژووەكەی خۆی لە دەست نەداوە توانراوە پارێزگاری لێ بكرێت.
گەنجێکی کورد ژمارەیەکی پێوانەیی لە ئینستاگرام تۆمار دەکات
ڤیدیۆیەکی دیمەنی سرووشتی کوردستان زیاتر لە ١٤٤ ملیۆن بینەری هەبووە
گەنجێکی کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بەهۆی بڵاوکردنەوەی دیمەنی سرووشتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماردەکات.
هاونیشتمانییەک بەناوی ئیسلام عەبدولعەزیز ڤیدیۆیەکی بەناوی (world_record_most_viewed)، لە تۆڕی ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە، کە ژمارەی بینەرانی گەیشتووەتە زیاتر لە ١٤٤ ملیۆن ڤیو، لەمبارەیەوە ئیسلام دەڵێت، بیرۆکەی ئەوەم بۆ ھات، کە ئەکاونتێک دروست بکەم بە ناوی (world_record_most_viewed) وە تەرخانی بکەم بۆ ئەم ڤیدیۆیە، تەنیا ئەم ڤیدیۆیەی لێ پۆست بکەم بۆ ئەوەی ھەر کاتێک خەڵکی لە سەرانسەری جیھان بیانەوێت بە دوای پڕ بینەرترین ڤیدیۆ بگەڕێن لە تۆڕی ئینستگرام ھەر کاتێک ناوەکە بنووسن ئەوا ئەکاونتەکە دەبینن.
ئیسللام دەشڵێت ،ڤیدیۆکە لە 10/03/2019 بڵاوکردووەتەوە، ئێستا دووەم پڕ بینەرترین ڤیدیۆیە لە تۆڕی ئینستاگرام، پەیام لە بڵاوکردەنەوەی ئەم ڤیدیۆیە ئەوەیە، کە جوانی و ئارامی سروشتی کوردستان بگات بە ھەموو جیھان، وەک دەزانین بەشێک لە میدیا جیھانیەکان کوردستان وەک شوێنێکی شەڕ و ناخۆشی ناو دەبەن،
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
رۆژانە کاژێر 19:50 خولەک پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە