مەلەکردن لە دۆڵی نەی لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان

مەلەکردن لە دۆڵی نەی لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان
ئاگرکەوتنەوە لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان

لە گوندی واشە مەزینی سەر بەشاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە، کە چەندین دۆنم لە پاوانی و دار و درختی ئەم ناوچەیە سووتاون.

وەستا حوسێن لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا دەردەکەوێت چەندین دارو رەز و پاوانی خەڵکی ناوچەکە سووتاون، بۆیە وەستا حوسێن دەڵێت، ژمارەیەک گەنجی ئەم ناوچەیە لەژێر ناوی، ئەگەر خۆم بسووتێم ناهێڵم نیشتمانەکەم بسووتێ، هەڵمەتێکیان راگەیاندووەو هەر زوو کەوتنەخۆ و دەستیان بە کوژانەوەی ئاگرەکە کردووە، کە توانیویانە زەوییەکی بەرفراوان لە سووتان رزگار بکەن.

گوندی واشە مەزین دەکەوێت رۆژئاوای شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەردەشت شارێکی رۆژھەڵاتی کوردستانە. نێوان سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستاندایە،  شار‌ی سەردەشت یەکێک لە شاره‌کانی ناوچەی موکریان و سەر بە پارێزگای ورمێ، کە کەوتووەتە باشووری شارەکانی پیرانشار و مەھاباد و ھەروەھا دەکەوێتە رۆژئاوای بانە و باشووری رۆژئاوای بۆکان. ھەروەھا سەردەشت دەکەوێتە رۆژھەڵاتی قەڵادزێ، بەپێی ئاماری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٠١دا شاری سەردەشت ٥٠ هەزار کەس بووە، بەڵام بەسەرجەم شاروچکە و گوندەکانەوە دەگاتە نزیک ١٣٠ هەزار کەس کە ھەموویان کوردن.



لە شاری نۆریمبێرگ هونەرمەندان دەگەڕێنەوە سەرشەقام

لە شاری نۆریمبێرگ، لە وڵاتی ئەڵمانیا، سەرەڕای بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ژیان ئاسایی بووەتەوە، هونەرمەندان گەڕاونەتەوە سەر شەقامەکان و دەستیان بە گۆرانی گوتن و میوزیکژەنین کردووە.

کوردێکی دانیشتووی ئەڵمانیا بەناوی کاوان مەحموود، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا گیتارژەنێک لەرێستۆرانتێکی شاری نۆریمبێرگ دانیشتووەو میوزیک دەژەنێت و گۆرانی دەڵێت، خەڵکیش بەدیارییەوە دانیشتوون و گوێ لە هەست و سۆزەکانی ئەم هونەرمەندە دەگرن، چونکە نزیکەی 6 مانگ دەبێت هونەرمەندان نەهاتوونەتە سەر شەقامەکان و میوزیک و گۆرانیان نەگوتووە، ئەمە بووەتە هەنگاوێکی باش بۆ هاتنە دەرەوەی هونەرمەندان.

کاوان مەحموود، لە ساڵی 1994 وە لە ئەڵمانیا دەژیت، ماوەی شەش مانگە لە ماڵەوە وەکو هەموو خەڵکانی دیکە خۆیان کەرەنتین کردووە، بەڵام زۆر دڵخۆشە ئێستا دەتوانێت لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بە ئازادی بگەڕێت.

نۆریمبێرگ، یەکێکە لەشارەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی باڤاریا ، رووبەری شارەکە زیاتر لە ا٨٦ کیلۆمەتر دووجایە لەم رووبەرەدا نزیکەی ٥٠٥ هەزار کەس دەژین.




هەنجیری ئاکرێ؛ ناسک و شیرین


ئاکرێ، شارۆچکە بەناوبانگەکەی کوردستان تەنیا بە نەورۆز ناوبانگی نییە، بەڵکو لەڕووی کشتوکاڵیشەوە دەوڵەمەندە و هەنجیر و سماق و برنجی کوردی ئاکرێ، لە پێشەنگی بەرهەمە ناوخۆییەکاندان.
 
کەشوهەوای ئاکرێ وایکردووە هەنجیرێکی ناسک و شیرین لەو ناوچەیە بەرهەمبهێندرێت. هەنجیرەکانیش بە ئاوی سازگاری کانیاوەکان ئاودەدرێن و بەبێ هیچ ماددەیەکی کیمیایی دێنە بەرهم.
ئەیوب بەهرام، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە تێدا جووتیارانی سنووری ئاکرێ سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی هەنجیرن، کە ئەم ناوچەیە لە کوردستان بە پلەی یەکەمدێت بۆ خستنە بازاڕی هەنجیر، بۆیە لە بازاڕدا خواستێكی لەسەرە.
 
ساڵانە لەو دەڤەرەدا زیاتر لە 300 تۆن هەنجیر بەرهەم دەهێندرێت و زیاتر لە پێنج جۆر هەنجیریشی هەیە لەوانە، یەحیا بەگ - بێناتی، هەنجیرە رەش، تەفسک زەرد و رەش، هەنجیرە دێم، هەنجیرە پاییز و سوورخاڵ.



سەیرانگەی وەرتێ لە سنووری چۆمان

لە وەرزی هاویندا، سەیرانگەی وەرتێ جمەی دێت لە خەڵکی، کە لە هەموو شارەکانی کوردستان گەشتیار سەردانی دەکەن و بەدرێژایی رووباری وەرتێ کەپرو شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران دروستکراون.

بەهۆی بوونی کەشێکی ئارام و خۆش لە ناوچە گەشتیاریەکانی وەرتێ، رۆژانە خەڵکانێکی زۆر بەمەبەستی بەسەر بردنی کاتێکی خۆش سەردانی ناوچە گەشتیاریەکانی وەرتێ دەکەن.

بەشدار حەسارۆکی ، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، کە شوێنە گەشتیارییەکانی وەرتێ نیشاندەدات، بەشدار دەڵێت، رۆژانی پێنج شەممان و هەینی نزیکەی پێنج هەزار گەشتیار روو لەم دەڤەرە دەکات، هەروەها ناوچە گەشتیاریەكانی وەرتێ پێكدێن لە " ئاریاس، دەرزەی وەرتێ و زیوەی وەرتێ" و چەندان شوێنی دیکە، کە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی خاوەن ژمارەیەکی زۆری ناوچەی گەشتوگوزارییە.

هەڵبەتە، ناحیەی وەرتێ یەکێکە لەناحیەکانی سەربەقەزای رواندز لەپارێزگای ھەولێر، ھاوسنوورە لەگەڵ قەزای رانیەیی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لەبەناوبانگترین ئەو چیایانەی دەوری وەرتێی داوە .چیای کارۆخ و چیای جەزیرە) و (چیای ھەڵەموندە). هەروەها خزمەتگوزاریە گەشتیاریەکان و کێشەی رێگاوبانئاوو کارەبا لەم شارۆچکەیە بونیان ھەیە، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.




ئارام خەلیل بە مۆبایل وێنەی سرووشتی کوردستان دەگرێت


ئێستا تەکنەلۆژیا هێندە پێشکەوتووە بووە، لە نێو مۆبایلەکەت باشترین کامیرا هەیە، کە دەتوانی لە هەر کاتێکدا حەز بکەی جوانترین وێنە بگریت، بەڵام بیرتان نەچێت وێنەگرتنیش هونەرێکی باڵایەو دەبێت شارەزاییت تێدا هەبێت.

ئارام خەلیل، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵییەو دانیشتووی شاری دهۆکە، ماوەیەکی زۆرە هۆگری دونیای فۆتۆگرافی بووە، بۆیە  بچێت هەر شوێنێک بە مۆبایلەکەی وێنەی جوان دەچرکێنێت.
ئارام دەشڵێت، هونەری جیهانی jordi.koalitic هەمیشە وێنەکانی لایک دەکەن و پاڵپشتی کارەکانم دەکەن، ئەمەش دەبێتە هاندەرێکی باش بۆ ئەوەی وێنە و فۆتۆی جوانتر بگرین.
 
هەڵبەتە بەهۆی تەکنەلۆژیا و مۆبایلی زیرەکەوە، کە بەشێکی زۆریان کامێرای ئاست بەرزیان هەیە، بازاڕی وێنەگران و فۆتۆگرافەرانی لاواز کردووە، ئەوان دەڵێن، کە وێنەی مۆبایل هەر چەندە ئاستبەرز بێت، فۆتۆگرافەر تێر ناکات، تەنیا خەڵکی ئاسایی پێی رازین. با کەمێك بەیەکەوە سەیری وێنەکانی ئارام بکەین.


مەلەکردن لە دۆڵی نەی لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان

لە دۆلی نەی لە گوندی بادیناوەی سەر بە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژانە سەتان گەنج بۆ خۆفێنککردنەوە خۆیان دەخەنە نێو رووبارەکەو مەلەدەکەن.

دۆڵی نەی جگە لە بوونی ئاوێکی سازگار، کەش و هەواێکی فێنک و خۆشی هەیە، کە خەڵکی بەمەبەستی گەشتیاری سەردانی دەکەن و کاتێکی خۆشی تێدا بەسەردەبەن.
رەزا ئەحمەد، هاونیشتمانییەکە و خەڵکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، و سەردانی دۆڵی نەی کردووە، و دەڵێت، ئەوەی دەیەوێت بچێت ئەم دۆڵە تووشی سەختییەکی زۆر دەبێتەوە، چونکە رێگەی ئۆتۆمبێلی نییە، تەنانەت رێگەی ماتۆڕیشی نییە، بۆیە دەبێت 40 خولەک بەپێ برۆیت تاوەکو دەگەیتە ئەم دۆڵە، بەڵام هەرکە گەیشتیتە دۆڵەکە ماندووبوونەکەت بیر دەچێتەوە، چونکە دیمەنی جوان و سەرنجراکێشی هەیە و دڵ و دەروون ئارام دەکاتەوە.

پیرانشار شارێکە لە رۆژھەڵاتی کوردستان،‎ لەڕووی دابەشکارییە کارگێڕییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە، شارێکە کە لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای ورمێ ھەڵکەوتووە.  شاری پیرانشار‎ 
ژمارەیی ماڵ و دانیشتوان 28 هەزار کەس دەبێت. 


کۆکردنەوەی بەرهەمی سماق لە دەڤەری زێباریان


لە گوندی "گورگاڤێ" لە دەڤەری زێباریانی سنووری قەزای ئاکرێی پارێزگای دهۆک، دەست بە کۆکردنەوەو رەنینی بەرهەمی ئەمساڵی سماقکراوە.

هاونیشتمانییەک بەناوی بیلال ئیبراهیم عەبدوڵڵا، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە،کە تێدا ژمارەیەک جووتیار سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی سماقن، وەک بیلال ئاماژەی بۆ کردووە، ساڵانە بەرهەمی سماق تەنیا لەم دەڤەرە زیاتر ٥٠٠ تەن سماق بەرهەمدێت و دەنێردرێتە بازاڕەکانی باشووری کوردستان.

هەڵبەتە سماق ساڵانە لە سەرەتای مانگی تەمموز دەست بە دروستكردن دەكات و لە كۆتایی مانگی ئاب دێتە بەرهەم، سماق لە دارێك بەرهەمدێت، كە بەرزەییەكەی زیاتر لە دوو مەترە و تەمەنی هەندێك لە دارەكان ٧٠ ساڵ تێدەپەڕێنن و بەرگەی هەموو جۆرە نەخۆشییەكی رووەكی دەگرن و پێویستیان بە كەمترین ئاو هەیە، ناوچە كوێستان و فێنكەكان لەبارترین جێگان بۆ گەشەكردنی داری ترشەسماق

سماق بە سێ رەنگ بوونی هەیە، كە بریتین لە سپی، پەمەیی و سوور، بەڵام لە ناوچەی سوور بەرهەمدێت و دەچێندرێت، چونکە ئەم رەنگە خواستێكی زۆری لەسەر هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا لە جیهاندا  ٢٥٠ جۆری سماق هەیە، هەروەها سماق لە خواردنە کوردەوارییەکانەدا زۆر بەکاردەهێندرێت، بۆ نموونە لەگەڵ کەباب و دۆڵمە و زۆر خواردنی دیکەدا بەکاردێت و دەبێتە میوانی خوانەکانمان و تام و چێژێكی جیاواز بە خواردنەکان دەدات.