گەنجێکی بانە راهێنانی یاریی وینگ چۆن دەکات

16 March 2021
گەنجێکی بانە راهێنانی یاریی وینگ چۆن دەکات
گەنجێکی بانە راهێنانی یاریی وینگ چۆن دەکات

چەندین جۆری هونەری بەرگری و شەڕکردن هەن و ئێستا وەک وەرزش و یاریی دەکرێن و هۆگری زۆریان هەیە، یەکێک لەوانە هونەری وینگ چۆنە.

گەنجێکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی ئاروین محەممەد رەزا راهێنان لەسەر ئەو هونەری بەرگرییە دەکات و بە ننچاکۆ راهێنانەکانی ئەنجامدەدات کە کەرستەییەکی تایبەت بە هونەری بەرگری و شەڕکردنە.

ئەو گەنجە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ماوەی شەش ساڵە بە بەردەوامی راهێنانی لەسەر هونەری وینگ چۆن دەکات و توانیویەتی بەو ئاستەی ئێستا بگات و دوو ڤیدیۆی لەبارەی راهێنانەکانی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، یەکێکیان لە تاران وێنەگیراوە و ئەوەی دیکەشیان لە بانە.

لە ڤیدیۆیەکەدا دیارە ئاروین محەممەد بە خێراییەکی زۆر ننچاکۆ بەکاردێنێت و جوڵەی سەرنجڕاکێش ئەنجامدەدات.

وینگ چۆن جۆرە هونەرێکی بەرگری و شەڕکردنی کلاسیکی چینییە و لە باشووری چین سەریهەڵداوە، جگە لە بەکارهێنانی دەست و قاچ، چەند کەرستەیەکیش بۆ بەرگری و شەڕکردن بەکاردەهێندرێن.

ئەم هونەرە لە دوای بڵاوکردنەوەی فیلمێکی ییپ مان کە مامۆستای هونەری وینگ چۆنە، ناوبانگییەکی جیهانی پەیداکرد.




سەردانی گەشتیاران بۆ تریسیل لە نەرویج

نەرویج یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت و بووەتە شوێنێکی گونجاو بۆ هۆگرانی یاریی سکی و خلیسکێنەی سەر بەفر، بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە.

شارۆچکەی تریسیل لە نەرویج، بە یەکێک لە شوێنە گونجاوەکانی بۆ یاریی سکی دادەنرێت و ساڵانە لە وەرزی زستان و بەهاردا خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن.

ئامینە نەقشبەندی خەڵکی هەڵەبجەی باشووری کوردستانە و 22 ساڵە لە نەرویج دەژی و گەشتێکی بۆ شارۆچکەی تریسیل کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران بە مەبەستی یاریی سکی سەردانیان کردووە و ڤیدیۆیەکی لەمباریەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

ئەو هاونیشتمانییە لە ڤیدیۆیەکەدا زانیاری لەبارەی شوێنەکە و گەشتەکەی خستووەتە روو و لە کاتی خلیسکێنەی سەر بەفردا ئاڵای کوردستانی بەدەستەوە گرتووە.

تریسیل سەر بە ئینلێنداتە لە نەرویج، لە 1 کانوونی دووەمی 1838 بنیادنراوە و گەورەترین ناوەندی یارییە زستانییەکانی هەیە، کشتوکاڵ و بڕینەوەی درەخت پیشەی سەرەکیی خەڵکی ئەو شارۆچکەییە و بۆ گواستنەوەی درەختە بڕاوەکان شێوازێکی کۆن بەکاردێنن، ئەویش بەکارهێنانی رووبارە کە درەختەکان دەخەنە نیو رووبار تا دەگاتە شوێنی مەبەست، دواتر درەختەکان دەردەهێننەوە، هەروەها بەوە بەناوبانگە کە ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی کێوی تێیدا دەژین.

لە شار و شارۆچکەکانی نەرویج ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستان دەژین و بەشێکیشیان هەر لەو وڵاتە لە دایکبوونە.




لە تەوێڵە منداڵێک سمۆرەیەک فێری جووڵەی سەیر دەکات

باسی ڤیدیۆیەکتان بۆ دەکەم کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی داوەتەوە، ئەویش ڤیدیۆی سمەگیانە کە منداڵ و سمۆرەیەک تێیدا دەردەکەون.

منداڵێک بەناوی ساسان دڵشاد لە تەوێڵەی هەورامانی باشووری کوردستان، سمۆرەکەی فێری چەند جووڵەیەکی سەیر و سەرنجڕاکێش کردووە و بە هەورامی قسەی لەگەڵدا دەکات، سمۆرکەش گوێڕایەلیەتی.

سەرکار عەبدوڵڵا ڤیدیۆکەی وێنەگرتووە و بۆ رووداوی تۆ نێردراوە، تێیدا دەردکەوێت کاتێک منداڵەکە بە سمۆرکە دەڵێت سمەگیان دەستت بێنە ماچی بکەم، ئەو دەستی بۆ دەمی درێژ دەکات و کاتێک داوی لێدەکات دەستی بخاتە سەر لووتی، سمۆرەکە دەست دەخاتە سەر لووتی منداڵەکە و کە پێی دەڵێ سەرت بێنە ماچی بکەم، سەری دەخاتە بەردەمی.

سمۆرە درێژی لە نێوان 32 بۆ 36 سانتیمەترە و کێشی لە نێوان 250 بۆ 450 گرامدایە، زیاتر لە کوردستان، ئێران، تورکیا، فەلەستین، ئەرمەنستان، ئیسرائیل، ئوردن، سووریا، ئازەربایجان، جۆرجیا و لوبنان دەژی.

لە کوردستان ژمارەیەکی زۆری سمۆرە لە نێو سرووشتدا هەیە، بەڵام بەهۆی راوکردنیان و ماڵی کردنیان ژمارەیان لە نێو سرووشتدا رووی لە کەمیکردووە.

گوندی تەوێڵە دەکەوێتە سنووری ناحیەی بیارە، لە باکوور لەگەڵ گوندی کەیمنە، لە باشوور لەگەڵ گوندی پاڵانیان، لە رۆژهەڵات لەگەڵ گوندی زەفەر و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی بەڵخە هاوسنوورە.

ھەورامان ناوچەیەکی شاخاوی و گەشتیاریی کوردستانە، بەشێکی دەکەوێتە پارێزگای هەڵەبجە لە باشووری کوردستان و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە شێوەزاری هەورامی قسە دەکەن، بەشەکەی دیکەیشی دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوردستان.



هاونیشتمانییەک کانیاوی گوندی بیسکای جۆلەمێرگ دەناسێنێت

ئاوی کانیاوەکان رۆڵێکی گرنگی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، بەتایبەت لە سەردەمی کۆندا کە ئەوکات ئاو نەگەێندرابوونە ماڵەکان، بۆیە خەڵک بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی کانیاوەکانیان کردووە و ئاوەکەیان بەکارهێناوە و بۆ ماڵەکانیان گواستووەتەوە، هەروەها بۆ کاری کشتوکاڵی زۆر بەکارهاتووە.

لە گوندی بیسکا لە سنووری قەزای رووبارۆک سەر بە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، کانیاوێک هەیە بەناوی گوندی بیسکا کە لە دوو بەش پێک دێت، ئەویش کانیاوی ژنان و کانیاوی پیاوانە.

لێهات مەحموود گەردی کە بەردەوام ڤیدیۆ بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە ڤیدیۆییەکی لەبارەی ئەو کانیاوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە و بە گوتەی ئەو، کانیاوەکە 700 ساڵە هەر هەیە و ژورێکی بۆ کراوە و تاوەکو ئێستا خەڵکی گوند سوودی لێوەردەگرێت.

جۆلەمێرگ یەکێک لە شارەکانی باکووری کوردستانە و دەکەوێتە سنووری پاریزگای ھەکاری و لەگەڵ باشووری کوردستان هاوسنوورە، کەشەهەوای لە زستاندا زۆر ساردە و ساڵانە بەفرێکی زۆری تێدا دەبارێت، لە هاوینیشدا کەش و هەوایەکی فێنکی هەیە.

لە سنووری جۆلەمێرگ چەندین هۆز هەن، لەوانە سندی، ئەترووشی، گەردی، ئۆرەماری و دۆسکی.



نێرگزی گوندی خاستوو ژێری

یەکێک لە گوڵە هەرە بەناوبانگەکان لە کوردستان، گوڵی نێرگزە کە بەشێوەی خۆڕسک لە شاخ و نێو سرووشتی کوردستاندا دەڕوێت و لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەهار بازاڕەکان پڕ دەبن لەو گوڵە و لە دووکان و سەرشەقامەکان دەفرۆشرێن.

لە گوندی خاستوو ژێری هاونیشتمانییەک بەناوی نەسروڵڵا زێباری ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی گوڵی نێرگز لە سنووری ئەو گوندە بەدی دەکرێن و دیمەنێکی جوانی بە سرووشتەکەی بەخشیوە.

نێرگز رووەکێکی گوڵدارە، گوڵەکەی بۆنێکی خۆشی ھەیە، لەناوچە سارد و شاخاوییەکاندا دەڕوێت، سەر بە خانەوادەی گوڵەکانی ئەماریلیشە، بەشێکی لە باشووری رۆژئاوای ئەورووپا و لە باکووری رۆژئاوای ئەفریقا هەیە و لە کوردستانیش ژمارەیەکی زۆری دەروێت، زیاتر لە 85 جۆری هەیە، ناوی نێرگز یۆنانییە و بە مانای سڕبوون دێت.

گوندی خاستوو ژێری سەر بە دەڤەری زێباریانە و سەر ناحیەی دینارتەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێ دوورە، لە رووی ئیدارییەوە خراوەتە سەر ناحیەی شێلادزێ لە قەزای ئامێدی، چونکە ئەو گوندە و چەند گوندێکی دیکەی دینارتە لە شێلادزێ نزیکترن.

گوندی خاستوو 19 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانی 135 کەسن و دانیشتوانی داهاتی سەرەکیان لەسەر کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییە.


رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
 
رۆژانە کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.